
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پوشپەڕی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “کاوە رەحیمی” تەمەن ٤٠ ساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندتیژی لە ماڵەکەی دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە شکاندنی دەرگای ماڵەکە لە پێش چاوی ئەندامانی بنەماڵەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی کاوەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕایانگواستووە. لەگەڵ تێپەڕ بوونی ٢٣ ڕۆژ بە سەر کاتی دەستبەسەر کرانی، هیچ جۆرە زانیاریەک لە سەر چارەنوسی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە. جێگای ئاماژەیە، کاوە رەحیمی تا ئەم ساتە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری لێ زەوت کراوە و ئەم دۆخەش نیگەرانی قوڵی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێکەوتووەتەوە.