هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “شێرکۆ ڕەوشەنی” کە ماوەی پێنج مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە و ناوبراو لە ماوەی ڕابردووشدا جارێکی دیکە لە زیندانی ئەمشارە گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی مەریوان.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شێرکۆ ڕەوشەنی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، جارێکی دیکە لە زیندانی مەریوانەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە گواستراوەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە کاتێکدا جارێکی دیکە گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات کە بڕیار بووە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێت. شایانی باسە، ناوبراو لەو ماوەیەدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافەکانی دیکە بێبەری و بێبەش کراوە. جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، شێرکۆ ڕەوشەنی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی پارەکە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری مەریوان دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کرابوو.