بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانەوە، ڕەسووڵ ڕەحیمی ناسراو بە “هەژار”، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و بەڕێوەبەری پێگەی هەواڵگریی “هەواڵ” و خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە، دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەربوونی چارەنووسی نادیارە.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی هەژار ڕەحیمی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو هاووڵاتییە پێشینەی بانگکران و لێپرسینەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی هەبووە. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چالاکە میدیایییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.