فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نادیار بوونی بارودۆخی هاووڵاتیەکی خەڵکی شاری بۆکان دوای ٩ مانگ لە ڕفاندنی
سێشەممە ۲۴-۰۵-۱۴۰۲   |  15-08-2023

عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی ٩ مانگە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی هیچ ئاکامێکی نەبووە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مامە لەم بارەیەوە ڕاگەیاند: لە دوایین هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو، سەردانی ئیدارەی “ئاگاهی”یان کردووە و بەرپرسانی ئەو ئیدارەیە لە وەڵامی داخوازیی ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاندووە: “بەهۆی ئەوەیکە دۆسیەی عوسمان مامە لەژێردەستی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداراندایە، ئەگەری بەدواداچوونی دژوارە و لەوانەیە لێکەوتەی خراپیشی لێ بکەوێتەوە”. لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا بنەماڵەی عوسمان سەردانی ئیدارەکانی ئەماکن، ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەزگای دادوەری، بەندیخانەکانی بۆکان و سەرجەم ناوەندە دادوەری و حکوومەتییەکانیان کردووە و تا ئێستا هیچ وەڵام و ئاکامێکیان دەست نەکەوتووە. عوسمان مامە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە تەنانەت یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەگرتووە و بەم هۆیەشەوە ترس و نیگەرانییەکی لەڕادەبەدەری ڕۆحی و دەروونی بەسەر ئەو بنەماڵەیەدا زاڵ بووە.