بەپێی ڕاپۆرتەکان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دەڕەشار سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی “بەختیار مەحموودزادە”، نزیک بە ۵٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن ئیتلاعاتی ئیلام دەستبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ؛ بەختیار محەممەدزادە، لە سەرەتاکانی مانگی ڕەشەممەی پارەکە و لە کاتێکدا کە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ئیلام بانگ کرابوو، دەستبەجێ لەو ناوەندە حکوومەتییە دەستبەسەر و ڕاپێچی شوێنێکی نادیار کرا. شایانی باسە، ناوبراو بەڕێوەبەری دەرمانخانەیەکی شاری دەڕەشار بووە و پێش لەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، لەوێ کاری دەکرد. جێگەی ئاماژەیە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و ناوبراو لە هەر چەشنە مافێکی سەرەتایی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری بێبەری و بێبەش کراوە.