سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئارام سەبزی لاوی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەوبارەیەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە کە ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامی بەدواداچوونی بنەماڵەی سەبزی تەنیا بەوانیان وتووە کە کوڕەکەتان لە بۆکان نییە.
ناڕوونی چارەنووسی ئەو لاوە لە حاڵێکدایە کە بەوتەی کەسە نزیکەکان لە بنەماڵەی سەبزی، ناوبراو نەخۆشیی دەروونی هەیە و دەستی ڕاستی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا شکاوە و بە سەختی برینداربووە. ناوبراو تەنانەت لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بە کەڵکوەرگرتن لە کارتی سووری سەربازی بەخشراوە.
ئارام سەبزی ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر ماڵەکەیان دەستبەسەرکرا و کەرەستە تایبەتییەکانی وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیرا.