فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نامەی سرئاواڵەی سپیدە قولیان لە مەحکووم کردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی
یەکشەممە ۲۳-۱۰-۱۴۰۳   |  12-01-2025

سپیدە قولیان، بەندکراوی سیاسی زیندانی “ئێڤین”ی تاران، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک سەبارەت بە ئیدانەکردنی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی دەڵێت: “ئەوان لە دەنگی ئەو ژنانە دەترسێن، لەبەر ئەوەی دەزانن دەنگێک کە دوای یەک سەدە چەوسانەوە سەری هەڵداوە، لە شەقامەکان دووپات دەبێتەوە. ئەوان دەزانن «ژن ژیان ئازادی» تەنیا دروشم نییە؛ زنجیرەیەکی لێک گرێدراوە کە دەستەکانی بە دەستەکان و دەنگەکانی بە دەنگەکان گەیاندووە.”
سپیدە قولیان لە بەشێک لە نامەکەیدا نووسیوەتی: «ژن ژیان ئازادی» نەک دروشم، کە برینێکی کراوەیە؛ برینێک کە لەسەر جەستەی ئەو خاکە ماوەتەوە، بەڵام هەر جارێک و دیسان لە دڵی ئەو برینەوە ژیان ڕوواوەتەوە. ئەو سێ وشە، لە کوردستانەوە سەری هەڵداوە و بە شەقامەکان، زارەکان و دڵەکان گەیشتووە و ئێستا نەک وشە کە هەناسەیە. ئەو دروشمە نەخشەی ڕێگایەک بۆ زیندوومانەوە لە نیشتمانێکە کە مردن تێیدا کراوەتە یاسا. ئەوانەی تەواوی بیریان کوشتنە دەیانەوێت پەتەکان لە گەرووی ئەو سێ وشە هەڵخەن و بیانخنکێنن، ئامانجیان نە تەنیا کوشتنی دوو ژن، بەڵکوو بڕینی ڕیشەی ئازادییە. وریشە مۆرادی و پەخشان عەزیزی، دوو ژنی کوردن کە ئەوڕۆ دوو شەڕڤانی دیارن، کە ناوەکانیان لەسەر زارەکانە بەڵام قورسایی سێبەری سێدارەکەیان لەسەر هەمومانە. فەرمانبەرانی مەرگ، ئەوجار ڕۆیشتوون بۆ کوشتنی خۆرەتاو و ڕووناکی. دەیانەوێت شاخەکان دانەوێنن و ڕووبارەکان ڕاگرن. بەڵام نازانن ڕیشەی دار بەڕووەکان هەمیشە لەژێر خاکدا زیندوون چوون هێزیان لە خوێن خواردنی ئەو خاکەوە وەردەگرن.
خولقێنەرانی مەرگ هەوڵ دەدەن ناحەزیی ڕوخساریان لە پشت دەمامکە دەستکردەکان بشارنەوە. فەرمان دەدەن و ترس دەپرژێنن تا دەنگی ئەو ئاڵقانە بخنکێنن. بەڵام ئێمە دەزانین کە لەپێشگرتن و سازکردنی مەودایەک لە نێوان خۆمان و ڕێگای حکومەت بەس نییە. ئێمە دەبێت دەنگمان بکەینە هاوار. دەبێت کارێک بکەین هەمووان بیبیستن ئێمە کوشتن قبووڵ ناکەین.
ناوبراو لە کۆتاییدا نووسیویەتی: وریشە و پەخشان پێویستە زیندوو بمێننەوە. ئەوان دەمارەکانی ئەو ئاڵقانەن. ئەو شەڕە بۆ ژیانێکە کە لە چیاکانی کوردستانەوە تا دەشتەکانی بەلووچستان، لە شەقامەکانی ئازەربایجانەوە تا گوندەکانی خوزستان، دەستەکانی گەیاند بە یەک.