فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نامەی سەرئاوەڵای مامۆستایانی کوردستان بۆ بەرپرسان و ڕای گشتی؛ ئێمە جیا لە زنجیرەکانی ستەم هیچ شتێکمان بۆ لەدەستدان نییە
سێشەممە ۰۹-۱۱-۱۴۰۳   |  28-01-2025

هاووڵاتییانی بەڕێز، خوێندکاران و دایک و باوکانی خۆشەویست، کاربەدەستانی پارێزگا و وڵات!

ئێمە وەکوو ژمارەیەک لە مامۆستایانی چالاک لە بواری مافە پیشەییەکاندا کە ساڵەهایە شایەدی هەڵسووکەوتی لاواز و چەواشەی پەروەردە و فێرکاریی کوردستانین، قەت لە بەرانبەر ڕەوتی قێزەونی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستەدا بێدەنگیمان نەگرتووەتەبەر و خۆمان لە تێچووەکانی ئەم بەرەنگاربوونەوەیە نەدزیوەتەوە. چونکە لەسەر ئەو باوەڕەین کە یەکەم وانەی ئێمە بۆ خوێندکاران و خەڵکی کۆمەڵگاکەمان دەبێ وانەی دادخوازی، ڕەخنە و پرسیارکردن بێت.

بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا ئاگاتان لە هاوار و کردارە مەیدانییەکانی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی ناو پەروەردە و فێرکاری و جێگیرکردنی دادپەروەری لە فێرکاریدا بووە. بەڵام نەبیستنی ساڵەها هاواری ڕەوای داواکارییەکانی ئێمەی مامۆستا لە لایەن کاربەدەستانی بێتوانا و ناشایستەی پەروەردە و فێرکارییەوە ئەم دۆخە کارەساتبارەی ئێستەی لێ کەوتووەتەوە کە دەستەبەرکردنی لانیکەمەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی گونجاوی بۆ خوێندکارانی ئەم وڵاتە دژوار و تەنانەت هەندێ جار نامومکین کردووەتەوە. بینای پرتووکاوی زۆربەی خوێندنگەکانی کوردستان کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر گیانی خوێندکاران و مامۆستایان، کەمبوونی بەرچاوی مامۆستای بەتوانا و پسپۆڕ، لابردنی بەشەخۆراکی بێبەرامبەر، بەچینایەتیکردنی خوێندنگەکان، بەکاڵاکردنی پەروەردە، وازهێنانی میلیۆنەها خوێندکار لە خوێندن، گوشاری بژیوی ژیان بۆ سەر مامۆستایان و ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی کاری دووهەم و سێهەم و دوورکردنەوەی بەئەنقەستیان لە خوێندنەوە و سەدان دەلیل و بەڵگەی دیکە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. لە ئاوا دۆخێکدا کاربەدەستانی ئەمنی و ناشایستی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان بە هۆی بێپلانی و نەبوونی گەڵاڵە و توانای پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و وەڵامدانەوەی گونجاو بە داخوازییەکانیان، بە ئامانجی داپۆشینی لاوازییەکان، لەجیاتی وەرگرتنی ڕەخنە و نیگەرانیی مامۆستایانی ڕەخنەگر و چالاک، قۆلیان بۆ سەرکوتکردنی هەرچەشنە هاوارێکی دادخوازانەی مامۆستایان هەڵماڵیوە.

کاربەدەستانی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان

١. لە سەرەتای ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) داواکاری و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایانیان وەک تاوان لە قەڵەم دا و بە داخستنی دەرگای ئیدارەکانی پەروەردە و فێرکاری وایان کرد کۆبوونەوەی مامۆستایان ئاڕاستەی شەقامەکان وەربگرێت و ئەمەش دۆسیەسازی، دەستگیرکردن و لێدان و ئەشکەنجەی مامۆستایانی لە شارە جۆراوجۆرەکاندا لێ کەوتەوە؛

٢. لە پاییزی ١٤٠١دا زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستای کوردستانیان ڕووبەڕووی لێبڕینی مووچە کردەوە، لەبەر ئەوەی دژ بە هاتنی هێزە چەکدارەکان بۆ ناو خوێندنگەکان مانیان گرت و دەستیان لە کار کێشایەوە؛

٣. لە پاییزی ١٤٠١دا بە پێکهێنانی کۆمیتەی بەدناوی فریاگوزارییەکانی پەروەردە و فێرکاری، ٤٧ مامۆستای بەشەرەفی کوردستانیان لە مافی پلەبەندی بێبەش کرد؛

٤. لە زستانی ١٤٠١دا لە نامەیەکی گاڵتەجاڕ، نایاسایی و بێبنەمایانەدا، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کە ڕێکخراوەیەکی جێکەوتوو، یاسایی و خاوەن مێژووە، بە دامەزراوەیەکی نایاسایی ناوزەد کرا؛

٥. لە ساڵانی ١٤٠٢ و ١٤٠٣دا لە ڕێگای گۆڕینی خوێندنگە و ئیدارەکانی کوردستانەوە بۆ جۆرێک لە سەربازگە، دۆسیەسازییان بۆ زیاتر لە هەزار مامۆستا کرد و تا ئێستا دەیان مامۆستا لە کار دەر کراون و سەدان مامۆستای دیکە ڕووبەڕووی سزای وەک دابڕاندن لە کار، دوورخستنەوە، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و… کراونەتەوە؛

کارنامەی ڕەش و قێزەونی کاربەدەستانی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان (بەرپرسی گشتی، لیژنەی سەرپێچییەکان، بەڕێوەبەران و بەشی پاراستنی هەندێ لە ناوچە و شارەکان) گەلێ ئاشکراترە لەوەی پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر بێت. تەنانەت کاربەدەستانی باڵای پارێزگا و هەندێ لە بەرپرسانی ناوەندیش ناڕەزامەندیی خۆیان لەم دۆخە ڕاگەیاندووە، بەڵام بە هۆی هەندێ هاوکێشەوە کە ئێمەیش هێشتا نازانین چین، هەم تیمی بەڕێوەبەرییەکە لەسەر جێی خۆیان ماونەتەوە و هەم دۆسیەسازی و تەڕاتێنەکانیان درێژەی پەیدا کردووە.

ئێستە ئێمەی مامۆستایانی غەزەب‌لێگیراو و بێبەشکراو کە لە بەردەم بێدادگای لیژنەی سەرپێچییەکانی پەروەردە و فێرکاریدا بووینەتە قوربانیی کەلـلەڕەقی، تێنەگەیشتن و سەرکوتکاری، ڕایدەگەیەنین کە تەمەنی گەنجی و ژیانی خۆمان فیدای مامۆستایەتی کردووە و ئێستە جیا لە ئاڵقەکانی زنجیری ستەم و نادادی هیچی ترمان بۆ نەماوەتەوە، هەر بۆیە هیچ شتێکمان بۆ لەدەستدان نییە، بەڵام مۆڵەتیش نادەین ئەو ستەمەی بەسەر خۆمان، بنەماڵەمان، هاوکارانمان و خوێندکارەکانماندا هاتووە، بێوەڵام بمێنێتەوە. هەر بۆیە ڕاشکاوانە بە بەرپرسانی پارێزگا و وڵات ڕادەگەیەنین ئەگەر ڕێکارێکی جیددی بۆ داخوازییە ڕەواکانمان نەدۆزرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بە زووترین کات بە هەموو توانامانەوە کاردانەوەی ناڕەزاییانەی مەدەنی و کرداریی خۆمان دەست پێ دەکەین. ئێمە سوورین لەسەر ڕاگرتنی ئەم تاوانکاری و پێشێلکارییانە تاکوو چیدی هیچ خۆشخەیاڵێک بە گاڵتەکردن بە خەڵک و یاسا دەستدرێژی نەکاتە سەر مافی ئەوانیدی.

١. هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لیژنەی سەرپێچییەکانی پەروەردە و فێرکاری بەسەر مامۆستایانی کوردستاندا سەپاندوویەتی، هاوکاتیش قەرەبووکردنەوەی هەموو زیان و خەسارەکانی ئەو بڕیارە نایاساییانە؛

٢. جێبەجێکردنی مافی پلەبەندی بۆ هەموو چالاکانی پیشەیی و نەهێشتنی ڕێگرەکان لە بەردەم پلەبەرزکردنەوە و پێگەی شایستەیاندا؛

٣. پێگەی مامۆستایان، خوێندکاران و خەڵکی کوردستان زۆر بەرزتر لەوەیە کە کەسانی بیرتەسک و سووک و بێنرخ بڕیاریان بۆ بدەن. بێگومان دەبێ بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست و نەهێشتنی تێڕوانینی ئەمنی، ئارامی و هێمنی بگەڕێتەوە بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکاریی کوردستان.

ژمارەیەک لە مامۆستایانی سزادراوی پارێزگای کوردستان