پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤین کە زیاتر لە ٨ مانگە دەستبەسەر کراوە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە زیندانی ئێڤینەوە لەژێر ناوی “نکۆڵیکردن لە هەقیقەت و ئاڵتیرناتیڤەکەی” وێڕای ئاماژە بە ئازاری “ژن بوون” لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ئاماژە بە ئەشکەنجەکانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە دەکات.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە سەرەتای نامەکەی خۆیدا، ئاماژە بە دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی لە پێش چاوی بنەماڵەکەی بە ڕاکێشانی چەک لە لایەن ٢٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان دەکات و دواتر باس لە ڕاگواستنی بۆ ژووری تاکەکەسی دەکات.
پەخشان عەزیزی لەبەشێک لە نامەکەیدا ئاماژە بە ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکان لە دیوی لێپرسینەوەی ژێر زەویدا دەکات کە چەندین جار لە دار دراوە، چەندین جار بە کورسییەکەیاندا داوە، بیڕێزییان پێ کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە، مۆرکی “تەجزیەتەڵەبی” و “ڕەگەزی دووهەم”یان لێ داوە و وەک کەسایەتییەکی تێکشکاوی کۆمەڵایەتی ناویان لێ بردووە و نووسیویەتی “ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی، بچووک، ڕەقەمێک نین، بەڵام بۆ حوکمی قورس، قورسترین و گەورەترینین”. هەروەها لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، ئاماژە بە ٥ مانگ ڕاگیرانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و مانگرتن لە خواردنی بەردەوام کردووە کە تووشی خوێنڕێژیی بەردەوام بووە. لە درێژەیدا ئەم بەندکراوە سیاسییە ئاماژە بە ناوەڕۆکی لێپرسینەوەکانی خۆی ئەکات، کاتێ کە لە شەڕی داعش بۆ بەرگری لە مافی ژنان چووبووە سووریە و بەم هۆیەوە بە هاوکاری لەگەڵ “پ ک ک” تۆمەتبار کراوە. شایانی باسە، پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی “بەغی” حوکمی بۆ دەر کراوە بەڵام تاکوو ئێستا ڕانەگەیندراوە و ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم حوکمە ڕابگەیەندرێ. جێگای ئاماژەیە، سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢، پەخشان عەزیزی پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە ڕاگوێزرابوو. ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.