فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نامەی کراوەی ڕێکخراوەکانی کرێکاران و مامۆستایانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار
شەممە ۱۳-۰۳-۱۴۰۲   |  03-06-2023
نامەی کراوەی ڕێکخراوەکانی کرێکاران و مامۆستایانی ئێران بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار

دەرکردنی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار خواستی ئێمە کرێکارانە

ئێمە واژۆکارانی ئەم نامەیە، ڕوومان لە نوێنەرانی بەشدار لە سەد و یازدەهەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کارە و سەرنجیان بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵک لە ئێران ڕادەکێشین.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت لەم دوو ساڵەی دواییدا سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتی ئێران، هەژاری و فەلاکەتی بەرینی بەسەر خەڵک بەتایبەت بەسەر کرێکاراندا سەپاندووە. کوشتنی مەهسا ئەمینی (ژینا ئەمینی) لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، تووڕەیی خەڵکی لەئاست بێبەشی و نەهامەتییەکانی ژیان هەڵچوواند و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، ئاکامی ئەم بارودۆخە و دژبە گشت بیساتی هەژاری و فەلاکەت و چەوساندنەوەیە. بەڵام زۆر بەداخەوە وڵامی ناڕەزایەتیی ڕەوای ئێمە کرێکاران، ئێمە مامۆستایان، ئێمە خانەنشینان و چالاکانی داکۆکیکاری مافی منداڵان و ئێمەی خەڵک، تەنها سەرکوتی بەرین بووە و هیچی تر. لەماوەی ئەم بزووتنەوە مەزنە جەماوەرییەدا چەندین هەزار کەس دەستبەسەر و زیندانی کران کە لەناویاندا منداڵان و خوێندکارانی کەم تەمەنیش دەبیندرێ. هەروەها بەپێی ئامارەکان لانیکەم ٥٠٠ کەس کوژراون. هەر لەم ڕاستایەدا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چالاکانی کرێکاری، مامۆستایانی ناڕازی و باقیی چالاکانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوە سینفییەکان کەوتوونەتە بەر زۆرترین سەرکوتەوە.

لیستی ژمارەیەک لەم بەندکراوانە بریتین لە:

کرێکاران و چالاکانی داکۆکیکاری مافی کرێکاری بەندکراو: کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خەیرئابادی، سیروان مەحمودی، ئێقباڵ پیشکاری، هاجەر سەعیدی، خەبات مەحمودی و حەبیبوڵڵا کەریمی، ڕەزا شەهابی، ئارەش جەوهەری، حەسەن سەعیدی، نەسرین جەوادی، میلاد ڕابێعی، عەباس دریس، ئەسەد مفتاحی، پەیمان سالم، عێرفان کهزاد، داوود ڕەزەوی، کەیوان مۆهتەدی، مێهران ڕەئوف، سپیدە قۆلیان، ئەبولفەزل غەسالی و …

مامۆستایان بەندکراو:

ڕەسوڵ بۆداقی، ئیسماعیل عەبدی، جەعفەر ئیڕاهیمی، عەزیز قاسمزادە، ئەنوش عادڵی، مەحمود سدیقی پور، فەرزانە نازەریان پور، هاشم خاستار، مێهدی فەتحی، حسێن ڕەمەزان پور، ئۆمید شامحەممەدی، محەممەد قەناتی، فەرزاد سەفی خانپور، فاتح عوسمانی، ناهید شیرپیشە، محەممەد حسێن سێپێهری، غۆڵامڕەزا ئەسغەری، زەینەب هەمڕەنگ، جەواد لەعل مێهدی.

بێجگەلە ئەم کەسانە لەئێستادا ژمارەیەک لە ژنانی ناڕازی بە تاوانی نەبوونی حیجاب و هەروەها خوێندکاران و چالاکانی سیاسیی تر کە زۆربەیان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادین، لە زینداندان.

هەر ئەم لیستە نیشان دەدات کە وەزعیەتی ئێران چۆنە و چۆن سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانی خەڵک پێشێل دەکرێت. بۆ نموونە دەسەڵات بەبۆنەی حیجابەوە هەڵاواردنی ڕەگەزی و سەرکوتی ژنانی هەم لەئاستی کۆمەڵگەدا و هەم لە شوێنەکانی کار زیاتر پەرەپێداوە و ژنانی زیاتر خستووەتە ژێر گوشارەوە. لەم ڕووەوە یەکێک لە میحوەرەکانی ئاخێزی خەڵک لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوو، دیفاع لە مافی ژنە کە خۆی لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا بەیان دەکات.

ئێمە واژۆکارانی ئەم نامەیە وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتی خرۆشاو و وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاریی ناڕازی دژبە وەزعی مەوجود، هەوڵ دەدەن دەنگی ئەم بزووتنەوەیە، دەنگی ئیعتڕازی هەموو کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی ئێران بین.

ئێمە لە هەیئەتەکانی نوێنەرایەتیی یەکیەتییە بەشداربووەکان لەم کۆبوونەوەیە داواکارین کە ئەم سەرکوتگەرییانە و پێشێلکاریی بەرینی مافی کرێکاران و مامۆستایان و بەتایبەت پێشێلکردنی مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆ و مافی بەرپاکردنی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی کە سەرەتاییترین مافی خەڵکە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، مەحکووم بکەن. ئێمە لەم هەیئەتانە داواکارین کە سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی سینفی و کرێکاری و ئەندامانیان لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە مەحکووم بکەن.

ئێمە لە نوێنەرانی کرێکاریی حازر لەم کۆنفڕانسە نێونەتەوەییە داواکارین کە ئیعتڕازی خۆیان دژبەم سەرکوتگەرییانە بە هەیئەتی نوێنەرایەتیی دەوڵەتی ئێران ڕاگەیەنن.

ئەم هەیئەتە ئێمە کرێکاران، ئێمە مامۆستایان و ئێمە خەڵکی ئێران نوێنەرایەتی ناکات.

نوێنەرانی “یەکیەتییە کرێکارییەکان”ی بەشداربوو لە ئێرانەوە، نوێنەرانی ڕێکخراوە دەستسازەکانی دەوڵەتن.

ئێمە هەروەها دژبە نەرمکێشی و سازانی ڕێکخراوی جیهانیی کار لەئاست کۆماری ئیسلامی و سەرکوتگەرییەکانی ئێعتڕازمان هەیە.

لە کۆتاییدا ئێمە واژۆکارانی ئەم نامەیە لە هەیئەتە کرێکارییەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار داواکارین کە ئەم بڕگە بەپەلانەی خوارەوە بەشێوەی تایبەت بخەنە دەستووری کاری کۆبوونەوەکە و پێداگرانە خوازیاری ئەوەین کە بۆ پەسندکردن و ئیجرایی کردنیان هەوڵ بدەن:

‌ا)هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی تۆمەتی داسەپاوی هەموو چالاکانی سینفیی بەندکراو لە ئێران و ئازادیی سەرجەم کرێکاران، مامۆستایان و چالاکانی کۆمەڵایەتیی بەندکراو و دەستگیرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هەموو زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئێعدامەکان.

ب) دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوی جیهانیی کار و ڕێگەنەدان بە بەشداریی هەیئەتی ئەم حکوومەتە لەم کۆبوونەیەدا.

واژۆکاران:

١ – شۆرای سازماندانی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت

٢ – شۆرای سازماندانی کرێکارانی غەیری ڕەسمیی نەوت (ئەرکانی سالس)

٣ – کۆمیتەی پەیگیری بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

٤ – شۆرای خانەنشیانی ئێران

٥ – دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللیی فولاد

٦ – ئەنجومەنی سینفیی کرێکارانی بەرق و فلزکاری کرماشان

٧ – سەندیکای نەقاشانی ئەلبۆرز

٨ – داکۆکیکارانی هەڵوەشاندنەوەی کاری منداڵان

جۆزەردانی ١٤٠٢، مەی ٢٠٢٣