بەپێی ڕاپۆرتەکان، شازدە بەندکراوی سیاسی ژن لە زیندانی ئێڤین، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نامەیەک، دەرکرانی حوکمی ئێعدام لەدژی “شەریفە محەممەدی” چالاکی کرێکارییان مەحکووم کردووە و خوازیاری ڕاگیرانی ئەم حوکمە نادادپەروەرانەیە بوون.
لەبەشێک لەم نامەیە کە لە لایەن “سپیدە قۆلیان، ڕەیحانە ئەنساری نژاد، وەریشە مۆرادی، ناهید تەقەوی، گۆلڕۆخ ئیرایی، نەرگێس محەممەدی، مەحبووبە ڕەزایی، ناهید خوداجوو، نەسرین خزری جەوادی، سەکینە پەروانە، ئانیشا ئەسەدوڵڵایی، هەستی ئەمیری، سەروێناز ئەحمەدی، مەهناز تەڕاح، مریەم یەحیەوی و ویدا ڕەبانی” واژۆ کراوە، هاتووە: ئەم حوکمە نە تەنیا حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدییە، بەڵکوو حوکمی ئێعدامی هەموو هەڵسووڕاوانی کرێکاری، سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ و ژنانە. لەدرێژەی ئەم نامەیەدا هاتووە، ئەوەیکە زیاتر لەم حوکمەدا دەبیندرێ، سیاسەتێکی سەرکوتگەرانەیە کە بەهۆیەوە دەیانهەوێ دەنگی ناڕەزایەتیی و داخوازی خەڵک کە لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دا بەڕادەیەکی زۆر سەری هەڵدابوو، کپ کەن و ژنان کە پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتییانە بوون، ناچار بە پاشەکشە بکەن.