فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناوەندی نووسەرانی ئێران: سەرکوتی دووهێندەی ژنان لە غیابی میدیای ئازاددا
دوشەممە ۲۱-۰۸-۱۴۰۳   |  11-11-2024

ڕێگری لە میدیای سەربەخۆی هەواڵ و ڕاگرتنی ڕەوتی ئازادی زانیاری دەبێتە هۆی زاڵبوونی میدیای یەک لایەنە لە دەستی حکوومەتدا. نە خەڵک متمانەیان بەم میدیایانە هەیە و نە ئەمجۆرە میدیا فەرمیانەش کاریان هەواڵنێرییە. ڕێگری لە ئازادیی ڕادەربڕین دەستی هەواڵنێرانی سەربەخۆ لە دەستڕاگەیشتن بە ڕاستییەکان کورت دەکاتەوە و ئەوەیکە دەمێنێتەوە شک و گومانە و ئەسڵی ماجەرا دەشاردرێتەوە.

هەفتەیەی ڕابردوو شایەدی دوو هەواڵی دڵتەزێن بووین: شەممە ١٢ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣ وێنەی ژنێکی لاو بە جلی ژێرەوە لە حەساری زانکۆی زانست و توێژینەوەی تاران و کاتی دەستبەرکرانی بڵاوکرایەوە. وە لە هەواڵێکی تریشدا کچێکی پەنابەری ئەفغانستانی بەهۆی ئەوەیکە بەخاتری جلوبەرگەکانی بێڕێزیی پێکرابوو و هەڕشەی دەرکران لە مەدرەسەی لێکرابوو، خۆی کوشت. نەبوونی زانیاری لە چارەنووسی خوێندکارەکەی زانکۆی زانست و توێژینەوە هەر لە یەکەمین سەعاتدا نیشانی دا کە چۆن نەبوونی میدیای ئازاد و ڕەوتی ئازادانەی زانیاری و هەواڵ، سەرکوتی هەواڵنێرانی سەربەخۆ و ئازاد و چەواشەکاریی میدیاکانی دەسەڵات، دەستی حکوومەت لە هێرش کردنە سەر گیان و چارەنووسی مرۆڤ، بەتایبەت مرۆڤی دژبەر و ڕاساو ئاواڵە دەکات.

بۆ جارێکی تر جەستەی ژن بوو بە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی و سوننەت و نەریت، تا ئەم حەقیقەتە بخرێتە پەراوێزەوە کە ژنە لاوەکەی زانکۆی زاست و توێژینەوەش هەروەک ملیۆنان ژنی تر لەژێر ستەمی ڕێکخراودا دەژیت. هەروەک چۆن شەپۆلی نوێی دژەپەنابەری، سەرکوتی چەند لایەنەی ژن بوون و پەنابەر بوون حاشای لێدەکرێت. ئەم دوو لاوە هەر کامیان بە جۆرێک بوونەتە قوربانیی یاسای دژەژنی دەسەڵات.

ژنان کە لەلایەکەوە ژیانیان لەژێر کۆت و بەندی یاسای دژەژنی حکوومەت و لەلایەکی ترەوە لەژێر سوننەت و نەریت دایە، ناچارن لەگەڵ هەڵاواردنی چەند لایەنە بەشێوەی جۆراوجۆر دەست و پەنجە نەرم بکەن، کە پەنابەربوون یەکێک لەو هەڵاواردن و جیاکارییانەیە. بیر و باوەڕی سوننەتی نە سەرچاوەگرتوو لە هوشیاریی بەکۆمەڵ بەڵکوو بەرهەمی ساڵیانێکی زۆر سانسۆڕ و پەروەردەی حکوومەتی و هەڵاواردنی ڕێکخراو دژبە ژنانە. سەیر نییە کە هەر حەرەکەتێکی ژنان بەرەو ئازادیی ڕادەربڕین و مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، لەگەڵ کاردانەوەی بەرین، پەروەندەسازی و بە شێت دانان بەرەوڕوو دەبێتەوە. وە یان سەرەنج لەسەر مەسەلەی ژن لادەبەن و بەرەو مەسەلەی تری دەبەن تا زوڵم و ستەم دەرهەق بە ژنان لەم ڕێگەوە پەردەپۆش بکەن.

هەواڵی ناخۆش بۆ سەرکوتگەران ئەوەیە کە سەرکوتی بەردەوامی ژنان نەیتوانیوە متمانەبەخۆیی و تواناییەکانیان لاواز بکات و نەیتوانیوە لە هەوڵی ماندوویی نەناسانەیان بۆ بەشداریی یەکسان لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگری بکات. خەباتی ژنان لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەرەوڕووی سەرکوتی بەردەوام بووەتەوە. ئەم خەباتە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٥٧ی هەتاوییەوە دەستپێکرد و ئەمڕۆ بووەتە خەباتێکی بێ پسانەوە. ئەو ڕەوتی ڕووداوانەی کە هەم خۆسووتاندنی ئیعتڕازیی هۆما دارابی و هەم ناڕەزایەتیی خامۆشی ڤیدا مۆوەحێدیان بەخۆوە بینیوە. دیمەنی ژنە لاوەکەی زانکۆی زانست و توێژینەوە، وێنەی ناڕەزایەیتی ژنێکی وەگیانهاتوو لە ستەمی خستووەتە بەرچاوی کۆمەڵگای سەرکوتکراوی دوای بزووتنەوەی ١٤٠١. بەڵام ئەوەیکە بەسەر ئەم خوێندکارەدا هات نمایشی تەواو عەیاری کەڵک وەرگرتنی دەسەڵات لە ساڵەها سانسۆڕ و زەبروزەنگە. نمایشێک کە تەنها بە یارمەتیی بیروڕای گشتی و هۆشیاری کۆمەڵگا لەقاو دەدرێت. دەسەڵاتێک کە بە یارمەتیی یاسای هەڵاواردن و جیاکاری، ژنانی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکان خستووەتە دەرێ، بە بێسەروشوێن کردنی ژنە خوێندکارەکەی زانکۆی زانست و توێژینەوە هەوڵی دا بیکاتە قوربانیی پڕوپاگەندەی میدیاکانی خۆی. وە تا ئەو جێگەیە ڕۆیشتە بەرەوە کە وەزیری علوومەکەی ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی وێنەی ئەو بڵاو دەکەنەوە “پەرەپێدەرانی فەحشا”ن.

تەنیا دەستڕاگەیشتن بە میدیای ئازادە کە دەتوانێ چارەنووسی ژنە لاوەکەی زانکۆی زانست و توێژینەوە لە بێ هەواڵی و شک و گومان بێنێتە دەر. وە هەروەها هۆکارەکانی دەست لە گیان کێشانەوەی کچە خوێندکارەکەشمان بەڕوونی پێ نیشان دەدات. داخوازییەکانی ژنان کە گرێدراوە بە داخوازیی ئازادی ڕادەربڕین و مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، تەنیا کاتێک بەدی دێن کە هەژموونی حکوومەت بەسەر میدیا و پەروەردە و سیستەمی دادوەریدا کۆتایی پێبێت.

ناوەندی نووسەرانی ئێران

١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی