فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناوەندی نووسەرانی ئێران: پەرەپێدانی سەرکوت و دەرکردنی حوکمی ئێعدام لە ساڵڕۆژی سەرکوتی خوێناویی خەزەڵوەری ٩٨دا
چوارشەممە ۳۰-۰۸-۱۴۰۳   |  20-11-2024

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرکوتی خوێناویی خەزەڵوەری ٩٨، دەزگای قەزایی حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی، چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دەرکرد. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پەروەندەی پەخشان عەزیزی چالاکیی مەدەنیی مەحکووم بە ئێعدامیش لە جەریانی پێداچوونەوەدایە و مەترسی ئەوە هەیە کە بەهۆی ئەم ڕەوتەی ئێستاوە بۆ جارێکی تر حوکمی ئێعدامی بۆ دەرکرێتەوە. ئەم کردەوەیەی دەزگای قەزایی لەگەڵ دەرکردنی حوکمی قەساس بۆ تۆمەتبارانی پەروەندەی ناسراو بە ئێکباتان لە پشتی دەرگای داخراو و بەو دەلیلانەی کە تەنانەت لەلایەن قازیی لقەکەشەوە گومانی جیددیی لەسەرە، نیشانەی ئەوەیە کە دەزگای قەزایی بە لانیکەم مافی ئینسانی و کۆمەڵایەتیی تۆمەتباران پابەند نییە.

وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لەماوەی ڕەوتی سەپاندنی ئەم حوکمە دژەئینسانییەدا لە مافی بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزاریی پارێزەی هەڵبژێردراو، لە ئیمکانی دەستڕاگەیشتن بە پەروەندە و لە ئیمکانی دیفاعی کاریگەر لە خۆیان بێبەری کراون و حوکمەکەیان لەسەر خواستی دەزگا ئەمنییەکان هەر لە پێشترەوە دیاری کرابوو. هەروەها تۆمەتبارانی لاوی پەروەندەی ئێکباتانیش لە ڕەوتێکی ناڕوون و بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، لە ئیمکانی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو کە بتوانێ بێتاوانبوونیان بە بەڵگە بسەلمێنێ بێبەری کراون و بە پێی نەزەری ڕاوێژکارانی ئەمنیەتی بە سزای دژەئینسانیی ئێعدام مەحکووم کراون.

دەسەڵات بە سەرکوتی بەرین و بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک دەرکردنی حوکمی ئێعدام، دەرکردنی ئەحکامی قورسی قەزایی، بە بێبەریکردن لە مافی کۆمەڵایەتی و بە تێکدانی کار و ژیانی ڕۆژانەی ژنان، لاوان و باقیی جەماوەری وەگیانهاتوو لە نادادپەروەری و ستەم، سووربوون و بڕیاری خۆی لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ شەپۆلی ڕوو لە گەشەی ئازادیخواری و هوشیاریی خەڵک نیشان دەدات.

هەڵسووکەوتی ئەم دواییە لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکانی بەجێماو لە سەرکوتی ٩٨ و ١٤٠١ و چوونەسەری قەتڵە حکوومەتییەکان لە قالبی جێبەجێکردنی حوکمی غەیرەئینسانیی ئێعدام، بەڵگەیەکی دیکەی ترس و داماویی حکوومەتە لە بەرامبەر بزووتنەوەی خەڵکدا. لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، حکوومەت بۆ زاڵکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن دەستی کردووە بە پەرەپێدانی ڕەفتاری زاڵمانە و سەرکوتگەرانە.

ناوەندی نووسەرانی ئێران بە پشت بەستن بە ڕۆحی گشتیی مەنشوور و ئەساسنامەی خۆی، سزای ئێعدم بە سزایەکی دژەئینسانی دەزانێت و دەرکردنی وەها حوکمێک بۆ تۆمەتباران بە هەر تۆمەت یان ئاراستەیەکەوە مەحکووم دەکات. هەروەها بەپێی بەندی یەکەمی مەشووری خۆی لە دادخوازی و لە ئازادیی ڕادەربڕینی زیاندیتووانی ٩٨ و بزووتنەوەی ١٤٠١ دیفاع دەکات و داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان دەکات کە شانبەشانی هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە لەم ڕووداوانە و لە ڕەوتە قەزاییەکاندا زوڵمیان لێکراوە ڕاوەستن و دەنگیان لەدژی سەرکوت و ئێعدام هەڵبڕن.

ناوەندی نووسەرانی ئێران

٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٣