
ڕۆژی سێشەممە ٣١ی مانگی خەرمانان بەهۆی دزەکردنی گاز و تەقینەوە لە مەعدەنی زۆغاڵی سەنگی تەبەس دەیان کرێکار کوژران و بریندار بوون. هەواڵنێرییەکان سەرەتا باسیان لە کوژرانی ٣٨ کرێکار و بێسەروشوێن بوونی ١٤ کرێکاری دیکە کرد. بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێ کە ٥٢ کەس لەو کرێکارانەی کە لە توونێلەکانی ئەم مەعدەنەدا خەریکی کار بوون گیانیان لەدەستداوە و چالاکیی فریاوگوزاری تەنیا بۆ دەرهێنانی تەرمی کرێکاران بەردەوامە. ژمارەیەکیش لە کرێکارانی ئەم مەعدەنە بە سەختی بریندار و مەسمووم بوون.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕەوایەتی دڵتەزێنی ئەم ڕووداوە باس دەکەن. مەعدەنچییەکان بەر لە ڕوودانی ئەم کارەساتە سەبارەت بە نەبوونی ئیمەنی و ئیمکاناتی پێویست بەردەوام سکاڵایان تۆمار کردووە و هۆشدارییان داوە. بنەماڵە کوژراوەکان لە ڕەنج و سەرگەردانیدا بەسەر دەبەن و هێندێکیان ڕایانگەیاندووە کە “پارەی هەڵگرتنی تەرمی ئازیزانیشمان دەبێ خۆمان بیدەین” و “تەنیا چەند تیکە سەهۆڵمان دەدەنێ تا لەسەر تەرمەکان دایبنێین”. هەروەها باس لەوە دەکرێ کە هەواڵنێرانی سەدا و سیمای حکوومەت بە هێندێک لە کرێکاران و دەربازبووانیان وتووە کە دەبێ چی بڵێن و چی نەڵێن!
ئەم فشارانە لەسەر کرێکاران و کەسوکاری قوربانییەکان لە کاتێکدایە کە بە وتەی هێندێک لە بەرپرسانی حکوومەت تەنانەت “کەمترین ئاستی ئیمەنی ” لەم مەعدەنەدا لەبەرچاو نەگیراوە.
بەرپرسان و ئاژانسەکانی هەواڵی “فەرمی” بەردەوام ئەم جۆرە کارەساتە دڵتەزێنانە بە ڕووداوی ئاسایی ناودەبەن و هەر هەموویان هەوڵ دەدەن ڕوودان و دووپات بوونەوەیان تەبیعی و نۆرماڵ نیشان بدەن. بەڵام هیچ بەشێک لەم کارەساتانە “تەبیعی” نین. لە کاتێکدا کە هەستی و ژیانی کرێکاران لە گرەوی یاسای چەوسێنەرانە دایە، لە کاتێکدا کە مافی هەرجۆرە کۆبوونەوە و ڕێکخراوی سەربەخۆیان لێ زەوت دەکرێ، ئەگەر “ڕووداو”ێکیش ڕووبدات، ئەم ڕووداوە ئاکامی بێ مافی و چەوساندنەوەیە.
بەپێی ئاماری ڕەسمی “پزیشکی قانوونی” لە ساڵی ١٤٠٢دا بەهۆی ڕووداوەکانی کار نزیکەی دوو هەزار کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٢٧ هەزار کرێکاریش بریندار بوون. ئەگەر وەسفی بارودۆخی ژیانی کرێکاران بخەینە پەنا ئەم ئامارانە، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ژمارەیەکی زۆریان لە هەوڵی دابینکردنی بژێو دان نەک ژیان. ڕەوایەتی ڕوودانی تەقینەوەی مەعدەنی تەبەس و هەروەها وەزعی حەقدەست و ئیمکاناتی کرێکارانیش خۆی سەلمێنەری بەرینایی چەوساندنەوەی کرێکارانە.
کوژرانی مەعدەنچییانی تەبەس یەکەمین ڕووداوی ناخ هەژێن نییە و ئەگەر ئەم بارودۆخە هەر بەم شێوەیە درێژەی بێت دوایین ڕووداویش نابێت. ئەم کارەساتانە هەموو جارێ هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە تووڕەیی و هاوسۆزیی گشتی بەدوای خۆیدا دێنێ ئەم پرسیارەش دێنێتە گۆڕێ کە بۆچی دەنگی ئەم کرێکارانە نەبیستراوە؟ بۆچی ئێستا دەنگی دەربازبووان نابیسترێ؟ بۆچی دەنگی کرێکارانی شازەند و تەرەزە و شوێنەکانی تر نەبیسترا؟
وڵامی ئەم پرسیارە ڕوونە و لە جەریانی ناڕەزایەتییە بەرینەکانی ئەم ساڵانەدا ڕوونتریش بووەتەوە. مافی بەڕێکخراوبوونی ئازادی کرێکاران، مافی کۆبوونەوە و مافی ئازادیی ڕادەربڕین سەرەتاییترین مافە کە ئەوان لە تاک مانەوە و بێ دەنگی دەردێنێت. ئیمکانێک کە سەربەخۆیی بەکۆمەڵیان زەمانەت دەکات تا خۆیان داخوازییەکانیان بەیان بکەن و خۆشیان وەدیی بێنن. وە ئیتر فەرمانی “چ بڵێن و چ نەڵێن” لە کاردا نەبێت.
بێگومان تەنیا لەم ڕێگەوە، نەک لەڕێگەی ئۆمێد بەستن بە بەڵێن و شانۆی بێ ئاکامی بەرپرسانی حکوومەت، ئیمکانی گۆڕینی ئەم بارودۆخە دڵتەزێنەی کرێکاران دێتە دی. تا تەقینەوەیەکی تر و کارەساتێکی تری لەم شێوەیە ڕوو نەدات. تا لەمە بەدوا ئاماری دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی کرێکاران “تەبیعی” و ئاسایی نیشان نەدرێ.
ناوەندی نووسەرانی ئێران
٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣