فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناوەندی پیشەیی مامۆستایان: حکوومەتی ئێران بەرپرسی مەرگی مۆنا حەیدەرییە
پێنجشەممە ۲۱-۱۱-۱۴۰۰   |  10-02-2022

ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندان(١٠ی فێوریە) بڵاوی کردەوە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی وەک تاوانباری سەرەکیی کوژرانی مۆنا حەیدەری، ژنی ١٧ ساڵەی ئەهوازی پێناسە کرد.
لەم بەیاننامەیەدا کە لە تێلێگرام و ئینستاگرامی ئەم ناوەندەدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “کوژرانی مۆنا حەیدەری، منداڵ هاوسەری ئەهوازی، بە بێ بەستێنسازیی یاسای دژەژن ڕووی نەدەدا. ئەوەیکە منداڵێک لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە پێداگریی بنەماڵە و بە بێ ئەوەیکە لە پشتیوانیی یاسایی بەهرەمەند بێت ناچار بە هاوسەرگیری دەکرێت، دەستپێکی ئەو ڕووداوانەیە کە لە نیهایەتدا دەگا بەو جێگایەی کە سەری بڕاوی لە کۆڵان و شەقامەکاندا بسووڕێننەوە”.
ناوەندی پیشەیی مامۆستایان، یاساکانی ئێستای ئێران “دواکەوتووانە” وەسف دەکات و تەئکید دەکاتەوە کە: “ئەم یاسایانە زۆرترین زیانیان بە ژنانی کۆمەڵگای ئێران گەیاندووە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ خواستی خەڵک، نەریتی کۆمەڵگا و ڕوانگەی ئەوڕۆیی ژنانی ئێران یەک ناگرنەوە”. ئەم بەیاننامەیە یاساکانی ئێستا بە دەرفەت بۆ “پیاوانی دەروون پەرێش” دەزانێت تا “بە ئاسوودەییەوە دەست بدەنە تاوان دژبە ژنانی کۆمەڵگا، کە نەیانویستووە لە چوارچێوەی باوەڕی کۆنەپەرستانە و سوننەتیی زاڵدا بژین”.
ناوەندی پیشەیی مامۆستایان، دەسەڵاتی ئێستای ئێران بە بەرپرسی هەموو دواهاتەکانی ئەم یاسایانە دەزانێت.