
سەرەڕای ئەوەیکە نزیکەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرکردنی پوریا ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و سەحەر ئەحمەدی، هاوژینی ناوبراو تێپەڕ دەبێت، تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە. لەم دوائییانەشدا دایک و باوکی پوریا لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیمەوە بانگ کران و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە شێوەیەکی کاتی دەستبەسەر کران.
ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، دایکی پوریا ئەحمەدی کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخ و چارەنووسی کوڕ و بووکەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەی کردووە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستبەسەر و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێکراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی، دوای شەش ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی پوریا ئەحمەدی، تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و سەحەر ئەحمەدیی هاوژینیشی، تەنیا یەک جار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوەدا لەگەڵ کوڕە چوار ساڵانەکەیان بۆ ماوەیەکی کەم قسەی کردووە.