فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕوونیی چارەنووسی پژمان مورادی و نیگەرانی لەسەر بێسەروشوێنکردنی دوای ١٥ مانگ دەستبەسەربوون
پێنجشەممە ۰۱-۰۴-۱۴۰۲   |  22-06-2023

پژمان مورادی، لاوی خەڵکی شاری ڕوانسەر، ماوەی زیاتر لە پازدە مانگە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە. بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی مورادی، لەلایەن سپای پاسداران و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەی پژمان ڕاگەیاندراوە کە کوڕەکەیان لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە دەستبەسەر کراوە و هیچ وردەکارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو و زانیاریی زۆرتر باس نەکراوە. ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی باس کرد کە ئەو ناوەندە حکوومەتییە دۆسیەسازییان بۆ پژمان مورادی کردووە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و تەنانەت یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هیچ کەسێکی دیکەدا نەگرتووە. بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەگوێرەی ئەوەی کە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی پژمان مورادی ئاشکرا ناکەن، خەریکی “بێسەروشوێنکردنی نایاسایی”ی ئەو هاووڵاتییەن کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوان هەژمار دەکرێت. ئەو لاوە لە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ لە گوندی “دێوەزناو”ی سەر بە شاری سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی نادیارە.