ڕۆژی دووشەممە بیست و چواری مانگی جولای بەرابەر لەگەڵ دووی مانگی گەلاوێژ گەڵاڵەی “پێداچوونەوەی قەزایی” بە ٦٤ دەنگی ١٢٠ نوێنەری پەرلەمانی ئیسرائیل پەسندکرا. ٥٦ نوێنەرە نەیارەکەی پەلەمان ئەم کۆبوونەوەیان بایکۆت کرد و تێیدا بەشدار نەبوون. بەپێی ئەم یاسایە ئیختیاراتی دەزگای قەزایی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی یاسا پەسەندکراوەکانی مەجلیس بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. ڕۆژی شەممە ٢٢ی مانگی جولای زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە سەرتاسەری ئیسرائیل لە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتیدا کە لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی جولایەوە دەستیپێکردووە، بەشدارییان کرد. تەنها لە شاری تێلاڤیڤ سەد و حەفتا هەزار کەس بەشداری ڕێپێوان بوون. هاوکات لە دوایین قۆناغی ڕێپێوانی ناڕەزایەیی چوار ڕۆژە لە تێلاڤیڤ بەرەو ئۆرشەلیم، ٩٠ هەزار کەس لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا لە بەرامبەر پەرلەمان کۆبوونەوە. هەوڵی ڕێبەری یەکیەتیی کرێکاریی “هیستادروت” لەژێر گوشاری بەدەنەی خۆیدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی میانە، بەهۆی دژایەتیی هەموو حزبەکانی پەرلەمان و وتەبێژانی ناڕازییان بێ ئاکام مایەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندیی ناڕەزایەتییەکان دژبەم گەڵاڵەیە بەشداریی هێزەکانی ئەرتەشە کە هەڕەشەی نافەرمانییان کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی “کەناڵی ١٢”ی ئیسرائیل چوار هەزار کەس لەو هێزە پاشکەوتانەی کە ناویاندا فڕۆکەوان، هێزی تایبەتی ڕادار و درۆن، فەرماندە و پزیشکی تێدایە لە نامەیەکدا بۆ دەوڵەت بڕیاری خۆیان سەبارەت بە سەرپێچیکردن لە فەرمانە نیزامییەکان ڕاگەیاندووە. ڕۆژی یەکشەممە بەوتەی “ڕێکخراوی هێزە پاشکەوتەکان” دە هەزا کەسی دیکە ئەم نامەیان واژۆ کردووە. هاوکات نامەیەکی دیکە لەلایەن سەد کەس لە بەرپرسانی پلەبەرزی پێشووی ئەرتەش، پۆلیس، ڕێکخراوی ئەمنیەتی ناوخۆ و موساد بۆ پشتیوانی لەم بەیاننامەیە بڵاوکراوەتەوە. دوای پەسندکرانی ئەم گەڵاڵەیە وتەبێژی ناڕازییان ڕایانگەیاند کە خۆپیشاندانەکان دژبە “دەوڵەتی تێکدەر” درێژە دەدەن.
ڕووداوەکانی حەوت مانگی ڕابردوو نیشانی دەدات کە ئەو ناتەباییانەی لە دوای پێکهێنانی ڕاستڕەوترین حکومەتی ئیسرائیل لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا دروستبوون، لەئێستادا پەرەیان سەندووە و بوونەتە بۆشاییەکی قووڵ. ئەم بۆشاییە نە لە نەوعی بۆشایی و دژایەتیی نێوان دەوڵەتێکی داگیرکەر و خەڵکی فەلەستینە و نە لە نەوعی دژایەتیی نێوان ئەم دەوڵەتەیە لەگەڵ دانیشتووانی عەرەب لە چوارچێوەی ئەو جوگرافیایەدا کە پێی دەوترێ ئیسرائیل. بەڵکوو ئەمە بۆشایی و دژایەتیی نێوان ئاراستەی جۆراوجۆری یەهوودییەکانە لەم کۆمەڵگایەدا. ئەگەرچی نوتفەکانی ئەم دژایەتییە لە نێوان ئاراستەی سێکۆلار و سەهیونیستی و نێئۆسەهیونیستیدا هەر لە سەرەتای پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بوونی هەبوو، بەڵام لەگەڵ تیرۆرکرانی ئیسحاق ڕابین لە ساڵی ١٩٩٥ دوای پەیماننامەی ئۆسلۆ لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین، بەشێوەیەکی ئاشکراتر خۆی نیشاندا. ئێستاش بە قەرارگرتنی توندڕەوترین ئاراستەی نێئۆسەهیونیستی لە ڕەئسی دەوڵەت، چ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ فەلەستینییەکان و چ لە پێوەند لەگەڵ ئارایشی سیاسی دەوڵەتی داگیرکەر، پۆتانسیەلی ئینفجاریی بەخۆ گرتووە. ئەوەیکە دەوڵەتی ڕاستی توندئاژۆ هەر لەم دەورە چەند مانگەیەدا لە پێوەند لەگەڵ فەلەستینییەکان ئەنجامیداوە، بیرەوریی پێکهاتنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە دەیەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو زیندوو دەکاتەوە. وێنەکانی وەزیری ئەمنیەتی ئیسرائیل ڕێبەری حیزبی “دەەسەڵاتی یەهود” کە لە هەر دەرفەتێکدا بە هێزە نیزامییەکانی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵکی فەلەستین، دیمەنی ئاشنای مانگەکانی ڕابردوویە.
بە ڕواڵەت دنیای غەرب نیگەرانی بۆشایی و ناتەبایی ئیسرائیلە. ئەوان لەگەڵ دەربڕینی ئەم نیگەرانییە بەردەوام لەسەر ئەم خاڵە تەئکید دەکەن کە نیگەرانی چارەنووسی تەنها دەوڵەتی دیموکراتیکی ناوچەکەن. بەڵام بێگومان دیموکراتیک ناولێنانی دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستی داگیرکەر، فریوکارییەکی ئاشکرایە و هیچی تر. نەک تەنها لەبەر ئەوەیکە دەوڵەتێکی داگیرکەرە، بەڵکوو نابێ فەرامۆش بکرێ کە ئەم بەناو دیموکراسییە تەنها بۆ ئەو یەهودییانە بەڕێوەدەچێت کە لە ئورووپاوە ڕەوانەی ئەوێ بوون. تەنها بە چاولێکردنێکی سادەی شار و گەڕەکەکانی ئەم وڵاتە مانای ڕاستەقینەی دیموکراسی بۆ ئەو یەهودییانەی کە لە ئاسیا و ئەفریقاوە چوونە ئەوێ دەبینین. ئەم بەناو دیموکراسییەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەهودیانی غەیری ئورووپایی هاوڵاتیی دەرەجە دووی دروستکردووە کە زۆربەیان لە خوارترین ئاستی کۆمەڵگادا کاری خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی دەرەجە یەک دەکەن.
سەرەڕای هەموو نیگەرانی و ڕەخنەکانی جیهانی غەرب لەئاست سیاسەتی دەوڵەتی نەتانیاهو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دروست یەک ڕۆژ دوای پەسندکرانی گەڵاڵەی “پێداچوونەوەی قەزایی” ڕایگەیاند کە ئەمریکا یارمەتیی نیزامیی خۆی بۆ ئیسرائیل کە ساڵانە چوار ملیارد دۆلارە کەم ناکاتەوە. چونکە گۆیا ئەمە هۆکارەکەی پەیوەندی پۆڵایینی ئەمریکا و ئیسرائیلە. لە جیهانی ڕۆژئاوادا ڕووداوەکانی ئیسرائیل وەک نیشانەی بوونی بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی زیندوو باس دەکرێن. بەڵام دەبێ بپرسین چۆنە کە کاتێک فەلەستینییەکانی دانیشتووی شاری جێنین لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ئاسمان و زەویەوە بۆردومان کران، هیچ دەنگێک لەم “هێزە ڕەخنەگرانەی زیندوو”ە نەبیسترا. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ساڵەکانی دەیەی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابردوو بزووتنەوەیەکی پڕ جموجۆڵ بۆ ئاشتی لەوانە بزووتنەوەی “ئاشتی هەر ئێستا” لە کۆمەڵگادا حزوورێکی بەرچاوی بوو کە سەدان هەزار کەسی لەخۆدەگرێت. تەنها لە ساڵی ١٩٨٢دا زیاتر لە چوارسەد هەزار کەس دژبە حزووری نیزامیی ئیسرائیل لە لۆبنان دەستیان دایە ناڕەزایەتی. ئەم بزووتنەوە پێشکەوتنخوازانەیە لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا دەنگی کپ کرا. وە ئەوەش نیشانی دا کە دەزگای دەوڵەت توانیویەتی کۆمەڵگایەک سازمان بدا کە خاڵی لە ئۆپۆزیسیۆنی واقعییە. لەو سەردەمەوە ئیدئۆلۆژیی ئێئۆسەهیۆنیستی بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو کە نەتانیاهو یەکێک لە دامەزرێنەران و درێژەدانیەتی. لە چوارچێوەی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا، دژایەتیکردنی هەر جۆرە دانوستانێک لەگەڵ فەلەستینییەکان بووەتە کۆدەنگییەکی گشتی.
ئۆپۆزسیۆنی ناڕازیی ئێستا تەنیا دەتوانرێت بە ئۆپۆزسیۆنی دژی “گەڵاڵەی پێداچوونەوەی قەزایی” ناوزەد بکرێ و هیچی تر. ئەوەیکە لە ئێستادا غایبە سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەیە بۆ وڵامدانەوە بە گەورەترین و مێژووییترین تراژێدیای ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە