
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، خوێندکارانی شارەکانی خوڕەمئاباد، یاسووج، کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد و دورود، لە کاردانەوە بە سەپاندنی تاقیکردنەوەکان بە شێوەی حوزووری (ئامادەبوون لە پۆلدا)، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و بە دروشمدان دژی دەسەڵاتدارانی حکومەت، ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دا. ئەم ناڕەزایەتییانە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچن کە بەدوای ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ و کۆمەڵکوژییە سامناکەکەی خۆپیشاندەران لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، لە زۆربەی پارێزگاکان قوتابخانەکان داخران و کران بە ئۆنلاین. هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هێرش و بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش سەرجەم قوتابخانەکان داخران و دوای پشووەکانی نەورۆز هەموو پۆلەکان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، وەزارەتی پەروەردەی ڕژیمی ئیسلامی بڕیاردان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی بە پارێزگاکان سپاردووە و بەپێی ئەم بڕیارە، لە هەندێک لە پارێزگاکاندا خوێندکاران ناچار کراون بە زۆرەملێ لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا ئامادە بن. ئێستا بۆ خوێندکارانی ناڕازی ئەم پرسیارە هاتۆتە ئاراوە کە بۆچی دەبێت خوێندکاران لەو دۆخە پەروەردەییە پڕ لە هەڵاواردنەدا، ناچار بە ئامادەبوون لە هۆڵی تاقیکردنەوە بکرێن؟
ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا لە ناڕەزایەتیی خوێندکاراندا خۆی دەنوێنێت، ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە لە نێو کۆمەڵگەی ئێراندا؛ قەیرانێک کە دۆخی جەنگی، سەرکوت، پچڕانی ئینتەرنێت، داڕمانی ئاسایشی دەروونی و سیاسەتە چینایەتییەکانی دەسەڵاتی بەیەکەوە گرێ داوە. ئەو خوێندکارانەی کە چەندین مانگە لە کەشێکی نائارام، ناجێگیر و پڕ لە پشێویی بەربڵاوی پەروەردەییدا ژیاون، ئێستا لە بەرامبەر سەپاندنی تاقیکردنەوە حوزوورییەکاندا ڕاوەستاون؛ لەبەر ئەوەی کە دەسەڵات هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەی حوزوورییەوە، وێنەیەکی ساختە و ناڕاستەقینە لە “ئاساییبوونی دۆخەکە” نیشان بدات. لە هەلومەرجێکدا کە مەترسیی هەڵگیرسانەوەی شەڕ و تەشەنەسەندنی قەیرانی ئەمنی هێشتا باڵی بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشاوە، ڕژیم هەوڵ دەدات قوتابخانە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ نیشاندانی سەقامگیری و کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بەکار بهێنێت. لەم نێوەندەدا، خوێندکاران بە دروستی درکیان بەوە کردووە کە کێشەکە تەنیا پرسێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکوو کێشەکە لەسەر ئەوەیە کە کێ دەبێت باجی ئەم قەیرانە بدات و کێش بڕیارە لە ناو جەرگەی نائارامی، ناجێگیری و سیاسەتە چینایەتییەکانەوە قازانجی سیاسی بکات.
پێداگریی دەسەڵات لەسەر بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەی حوزووری لە کاتێکدایە کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە هێشتا لە دۆخێکی نائارامی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا دەژی. هەڕەشەی شەڕ، کەشوهەوای ئەمنییەتی، سەرکوتی سەر شەقامەکان و ناجێگیریی گشتی، ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان بنەماڵەی پەک خستووە. لە وەها دۆخێکدا، زۆر ئاساییە کە خوێندکاران و بنەماڵەکان بەرامبەر بە ئامادەبوونی زۆرەملێ لە قوتابخانەکاندا ناڕازی بن. بەڵام دەسەڵات کێشەکە تەنیا لە گۆشەنیگای پەروەردەییەوە نابینێت. بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی حوزووری بەشێکە لە پڕۆژەی “ئاساییکردنەوە”؛ هەوڵێکی سیاسییە بۆ داسەپاندنی ئەو وێنەیەی کە گوایە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و قەیرانی شەڕ هیچ کاریگەرییەکی نەکردۆتە سەر ژیانی گشتی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە پرۆسەی پەروەردە بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام بووە، دەسەڵات هەر پێداگریی لەسەر ئامادەبوونی فیزیکیی خوێندکاران لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا کردووە. ئەم سیاسەتە، فۆرمێکە لە بەڕێوەبردنی سیاسییانەی قەیرانەکان. دەوڵەت دەیەوێت ئامادەبوونی خوێندکاران لە قوتابخانە بکاتە هێمایەک بۆ گەڕانەوەی نەزم و ئارامی، تەنانەت ئەگەر واقیعی کۆمەڵگە شتێکی تەواو جیاوازیش بێت.
یەکێک لە هۆکارەکانی دژایەتیکردنی دەسەڵات لەگەڵ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەی مەجازی (ئۆنلاین)، پرسی ئینتەرنێتە. ئەگەر پەروەردە و تاقیکردنەوەکان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە بچن، دەوڵەت ناچار دەبێت دەستڕاگەیشتنی جێگیر و بێبەرامبەر بە ئینتەرنێت بۆ ملیۆنان خوێندکار دابین بکات؛ بەرپرسیارێتییەک کە نەک هەر ئامادە نییە قبووڵی بکات، بەڵکوو لە بنەڕەتدا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئێستایدا لە دژایەتیدایە. لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەتی لە سەردەمی شەڕدا، کۆماری ئیسلامی بە بڕینی بەربڵاوی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی بەردەوام، ئینتەرنێتی لە مافێکی گشتییەوە کردۆتە ئیمتیازێکی چینایەتی. لە وەها هەلومەرجێکدا، پەروەردەی ئۆنلاین لە پراکتیکدا بۆتە دەرفەتێکی نایەکسان؛ دەرفەتێک کە زیاتر لە قۆرخی چینە دەوڵەمەند و خۆشگوزەرانەکاندایە. خوێندکارێکی سەر بە بنەماڵەیەکی کرێکار کە تەنانەت توانای کڕینی پاکێجی ئینتەرنێت یان ئامرازی گونجاوی خوێندنی نییە، چۆن دەتوانێت لە هەلومەرجێکی یەکساندا کێبڕکێ لەگەڵ خوێندکاری قوتابخانە تایبەت و ئەهلییەکاندا بکات! ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە تیایدا پەروەردەی مەجازی لە کۆمەڵگەیەکی نایەکساندا، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی کەلێنی چینایەتی.
بەڵام پارادۆکس و ناتەبایی دەسەڵات ڕێک لەمەدایە؛ لە لایەکەوە ئینتەرنێتی گشتی دەپچڕێنێت و ئامادە نییە تێچووی دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە دابین بکات، لە لایەکی تریشەوە بۆ پاراستنی ڕواڵەتی “دۆخی ئاسایی”، خوێندکاران ناچار دەکات بە شێوەی حوزووری لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداری بکەن. ئینتەرنێتی چینایەتی لە ئێراندا، بەشێکە لە پێکهاتەی چینایەتیی دەسەڵات کە دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە، زانیاری و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای پێگەی ئابووری و سیاسی ڕێک دەخات. نەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران، ئەو نەوەیە نییە کە سیاسەت تەنیا لە کتێبەکانەوە بناسێت. ئەم نەوەیە قەیرانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئەزموون کردووە؛ هەڵاوسان، هەژاری، سەرکوت، پچڕانی ئینتەرنێت، نائارامی، داهاتوویەکی لێڵ و فشاری دەروونیی بەردەوام. بۆ زۆرێک لە مێرمنداڵان و لاوان، قوتابخانە ئیتر ژینگەی هیوا و پێشکەوتن نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لەو ژیانە ڕۆژانەیەی کە بەردەوام گرێدراوی دڵەڕاوکێ و ناجێگیرییە. ئەوان بینیویانە کە چۆن پەروەردە بۆتە کاڵایەکی چینایەتی، چۆن ئینتەرنێت بۆتە ئامرازی کۆنترۆڵکردن و چۆن تەنانەت سەرەتاییترین مافە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکرێت بە بڕیاری ئەمنییەتی بەرتەسک بکرێنەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، نابێت ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە تەنیا وەک کاردانەوەیەکی هەستیارانە سەیر بکرێت. ئەم ناڕەزایەتییانە، دەربڕینی سیاسیی نەوەیەکە کە ئیتر بڕوا بە گێڕانەوەی فەرمیی دەسەڵات سەبارەت بە “ئاساییبوونی دۆخەکە” ناکات. ناڕەزایەتیی خوێندکاران لەم چوارچێوەیەدا، فۆرمێکە لە خۆڕاگری بەرامبەر بە گواستنەوەی باجی قەیرانەکان بۆ سەر شانی چینە بێبەش و چەوساوەکان. دەسەڵات دەیەوێت قەیرانی ئابووری، پچڕانی ئینتەرنێت، نائارامی و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بخاتە ئەستۆی خەڵک بۆ ئەوەی تەحەمولی بکەن، بەڵام هاوکات ڕواڵەتی جێگیری و سەقامگیریش بپارێزێت. خوێندکاران بە ناڕەزایەتییەکانیان ئەم شانۆگەرییە تێکدەدەن.
ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکان کاتێک دەتوانن ببنە هێزێکی بەردەوام و کاریگەر کە لە ئاستی کاردانەوەی پەرشوبڵاو تێپەڕن و لەگەڵ خەباتی مامۆستایان، کرێکاران و بنەماڵە بێبەشەکاندا گرێ بخۆن. زۆرینەی هەرەزۆری خوێندکاران، ڕۆڵەی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگەن. هەمان ئەو بنەماڵەیەی کە لەژێر باری قورسی هەڵاوسان، بێکاری و حەقدەستی کەمدا وردوخاش دەبێت، ئێستا دەبێت تێچووی ئینتەرنێت، خوێندن و نائارامیش بدات. کەواتە قەیرانی پەروەردەیی، لە قەیرانی ئابووری و پێکهاتەی چینایەتیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا جیاواز نییە. خەبات لەپێناو پەروەردەی بێبەرامبەر و یەکسان، بەبێ خەبات دژی پێکهاتەی سیاسی و چینایەتیی هەنووکەیی ناگاتە ئەنجام. ئینتەرنێتی ئازاد و بێبەرامبەر، پەروەردەی گشتیی بەکوالێتی و ئاسایشی پەروەردەیی، کۆمەڵێک مافی کۆمەڵایەتین؛ نەک ئیمتیازێک کە دەسەڵات هەر کاتێک ویستی بیبەخشێت یان لێیان زەوت بکات. لەم نێوەندەشدا، مامۆستایان پێگەیەکی کلیدی و سەرەکییان هەیە. ئەوان هەم بەشێکن لە هێزی کاری کرێگرتە، هەم لە دڵی پێکهاتەی پەروەردەیشدا جێگەیان گرتووە. هاوپشتیی خوێندکاران، مامۆستایان و بنەماڵە کرێکارییەکان دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەی بێبەرامبەر و بەکوالێتی، بکاتە بەشێک لە خەباتێکی بەربڵاوتر لەپێناو ڕزگاریی کۆمەڵایەتیدا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە