فارسی
2025 - 4 - 14 | دووشەممە 26ی خاکەلێوەی 1404

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ناڕەزایەتیی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دژبە بەشداریی شۆرا ئیسلامییەکان لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار
دوشەممە ۰۷-۰۳-۱۴۰۳   |  27-05-2024

ئەمساڵ کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار ٧ی ژوئەن بەڕێوەدەچێت. چەند دەیەیە چالاکانی کرێکاری و سۆسیالیستەکان لە دەرفەتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی سەرکوتی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، بێ مافیی کرێکارانی ئێران لەوانە نەبوونی مافی خۆڕێکخستن و مانگرتنی کرێکاران بە گوێی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی دیکەی جیهان بگەیەنن. گرینگیی ناڕەزایەتی بە ڕێکخراوی جیهانیی کار بۆ بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، بوونی پەیمانی مافی ڕێکخستن و مانگرتنە. چینی کرێکاری ئێران مافی خۆڕێکخستنی نییە و ئەو شورا ئیسلامییانەی کە بەشداری کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کار دەکەن، دەست و پەیوەندی کۆماری ئیسلامین و نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکارانی ئێران نین. لەم بوارەدا بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران تەنیا لەگەڵ دەست و پەیوەندەکانی ڕژیمی ئیسلامی ڕووبەڕوو نییە. لەماوەی ئەم ساڵانەدا ڕەوتەکانی دیکەش هەوڵیان داوە بە کەڵک وەرگرتن لە زەبروزەنگی زاڵ بەسەر ئێران، خۆیان بە نوێنەری کرێکارانی ئێران بناسێنن. دوایین نموونەی کۆنفێدراسیۆنی کارە کە لە ٢٣ی مانگی فێوریەی ئەمساڵدا لەلایەن ناوەندی هانریش ئیبێرت، حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان و “دی جی بی” و بە خستنە پێشی چەند کەس پێکهاتووە. یاسای کاری کۆماری ئیسلامی مافی مانگرتن بۆ چینی کرێکاری ئێران بەڕەسمی ناناسێت. ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت دەکرێت و چالاکان و ڕێکخەرانی لەسەر کار دەردەکرێن، دەستبەسەر و ئەشکەنجە و زیندانی دەکرێن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پشتیوانی لە بانگەوازی ناوەندەکانی هاوپشتی، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی ٧ی ژوئەن لە بەرامبەر بارەگای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ بەشداری دەکات. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەشداریی شۆرا ئیسلامییەکان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار، سەرکوتی بزووتنەوەی کرێکاری و نەبوونی مافی خۆڕێکخستن و مانگرتنی چینی کرێکاری ئێران مەحکووم دەکات و خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و زیندانییانی سیاسیی دیکەیە.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٣٠ی گوڵانی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٩ی مەی ٢٠٢٤ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت