خەڵکی گوندی “خانەگێ”ی مەهاباد سەبارەت بە نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکان ناڕازین و داوای پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی ئەو گوندە دەکەن کە لە پەنای شاری مەهابادە.
خراپیی دۆخی ڕێگاوبانی کۆڵانەکان، دەرنەکردنی ئاوەڕۆی ماڵەکان، نەبوونی یاریگا بۆ وەرزش و پارک بۆ منداڵان، نەبوونی کتێبخانەی گشتی، بۆنی ناخۆشی قاناوەکان و نەبوونی تاکسی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان، بوونی پاشماوە و زبڵی زۆر و کۆنەکردنەوەی لەلایەن شارەدارییەوە لەو کێشانەن کە دانیشتووانی ئەو گوندە پێوەیان دەناڵێنن.
خەڵکی گوندەکە دەڵێن دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانە بۆ گوندێک کە هەزار و ٨٠٠ ماڵی هەیە، ئەوەندە ئەستەم وگران نییە کە بە چەندین ساڵ بۆیان جێبەجێ نەبووە.ئەوان دەڵێن دەوڵەت، ئەو گوندەی بەناو کردووەتە شار بەڵام نە شارە و نە حیسابی گوندیشی بۆ دەکرێت.
خەڵکی ئەو گوندە تا ئێستا چەندین جار کێشەکانیان بە لایەنی پەیوەندیداری ڕژیم ڕاگەیاندووە؛ بەڵام تەنیا ئەوڕۆ ئەوڕۆیان پێ کراوە و بەڵێنی بەرپرسان تا ئێستا بە هیچ کوێ نەگەیشتووە.