شەوی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لاوانی ئازادیخواز و بوێری دێهلوڕان لە پارێزگای ئیلام بە مەبەستی پشتیوانییکردن لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە پارێزگای ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە، بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارە، ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم بوونەوە.
لاوانی شۆرشگێری دێهلوڕان لەسەر ئەوە جەختیان کردووەتەوە کە لە شەوانی داهاتوودا بەهێزتر دێنەوە سەر شەقامەکان و درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.
عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و سەعدوڵڵا ئایینی، شەوی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە لە شاری دێهلوڕان دەستبەسەر و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترانەوە.
ئەو هاووڵاتییانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی درێژکرانەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕژیم لە ئیلام، مانیان لە خواردن گرتووە.