ئەگەرچی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان مانگ زیاتری تێپەڕاند، بەڵام تا ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان لە ئەنجامی وەرنەگرتنی حەقدەستەکانی سێ مانگی ڕابردوویان ئەو پڕۆسەیە دەستی پێ نەکردۆتەوە.
هەرچەندە هەفتەی ڕابردوو وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری پەروەردەکانی ڕاسپارد فەرمانی ئیدرای دەربکەن تا ئەو مامۆستایانە ناچار بکەن بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان نەک هەر نەگەڕانەوە پۆلەکانی خوێندن، بەڵکو خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان ئەنجام دا و توڕەیی و بێزاری خۆیان لە بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری پەروەردە دەربڕی.
یەکێک لە مامۆستاکان وتی: “بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتی پەروەردە دایناوە تا ئێستا لە ٢٢%ی پرۆسەی خوێندن دەبوو تەوا ببوایە، سەرەڕای ئەوەی ئەو هەموو مامۆستا و مناڵانەی لە پرۆسەی خوێندن بێ بەشن، ئەو مناڵانە مناڵ یان کەسوکاری ئەو مامۆستایانەن کە بایکۆتییان کردووە، نەک مناڵی بەرپرسەکان، مناڵی بەرپرسەکان هەموویان لە ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی دەرەوە دەخوێنن، ئەوەی بێ بەشبووە لە خوێندن مناڵی خەڵکی هەژار و فەقیرە، مناڵی خۆمانن، مناڵی خەلکی زەحمەتکێشی کۆمەلگایە، ئەوەی زیانمەندە جارێکی تر خۆمانین، بەداخەوە کە حکومەت و وەزارەت زۆر خەمساردن لەو ڕووەوە و هیچ بایەخێک بە خواستەکانمان نادەن.”