زیاتر لە ٤٣٠ هەڵسووڕاوی سیاسی و مەدەنی لە ئێران، بەیاننامەیەکیان لە ژێر ناوی “ناقوسی مەرگ لە بەیانانەی ئێراندا” بڵاوکردوەتەوە و خوازیاری هەڵوەشانەوەی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوەن.
واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە وێڕای هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارە دراون، پشتیوانیان لە هەڵمەتی جیهانی “نا بۆ لەسێدارەدان” کرد.
لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی و لەسێداراوانی دیکە، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا هاتووە کە “ئەوەی ڕوویداوە، زیاتر لەوەی جێبەجێکردنی یاسا بێت، جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە و تۆقاندن و نیشاندانی دەسەڵات”.
واژۆکارانی ئەو بەیاننامەیە، موحسێن مەزلوم، پێژمان فاتحی، وەفا ئازەربەر، و محەمەد فەرامەرزی کە لەم دواییانەدا لە سێدارە دراون، وەک دوایین قوربانی سیناریۆی “ئێعدام دەرمان” ناوبردووە.
واژۆکارانی بەیاننامەی “ناقوسی مەرگ لە بەیانانەی ئێراندا” دەلین کە زۆربەی لەسێدارەدراوانی ئەم دواییە تەنانەت بە پێوەرەکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیش نەدەبوو لە سێدارە بدرێن و جێبەجێکردنی حوکمەکەیان “چەوساندنەوەیەکی ئاشکرا بوو کە بە ڕوونی دیار بوو”.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سێدارەدانی “وەفا ئازەربار”، “پێژمان فاتحی”، “محەمەد فەرامەرزی” و “مۆحسێن مەزلووم” لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە، کاردانەوەی بەرفراوانی هەڵسووراوانی مەدەنی دەرەوە و ناوەی زیندانی لێکەوتەوە. هەروەها لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا جێبەجێکردنی ئەو حوکمانە کاردانەوەی زۆری بەدووایی خۆیدا هێناوە.
بەر لەوەش لانیکەم ٦١ زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی ئەوین و چەندین بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی ڕایانگەیاندبوو کە وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی مان لە خوواردن دەگرن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی ٨ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی دیکە.
“رەزا ڕەسایی”، “موجاهید کورکور” و “عەباس دەریس” سێ زیندانی سیاسین کە داواکاری پێداچوونەوەی دۆسیەکەیان لەلایەن بڕیارگەی باڵای دەزگای دادی ڕژیمەوە ڕەدکراوەتەوە و ئەگەری لە سێدارەدانیان لە ئارا دایە.