
دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ترامپەوە بە هەڵوەشاندنەوەی سەفەری نوێنەرانی ئەمریکا بۆ ئیسلامئاباد، بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیرا. کۆماری ئیسلامیش ڕایگەیاند کە خۆی لە بەشداریکردن لەو دانوستانانە دەبوێرێت. بڕیار وا بوو ئەم دانوستانە ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی گوڵان لە ئیسلامئاباد بەڕێوە بچێت. فەرماندەیی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی گەمارۆی دەریایی بەردەوام بێت، ئەوا دانوستان بێهوودەیە. ئاژانسی “ئەکسیۆس” ئاشکرای کرد کە عەراقچی لە دیداری لەگەڵ نێوەندگیرەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە هۆکاری پچڕانی دانوستانەکان، بوونی ناکۆکییە لە نێوخۆی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا و هیچ کۆدەنگییەک لەسەر چۆنیەتیی وەڵامدانەوە بە خواست و داواکارییەکانی ئەمریکا بوونی نییە.
عەراقچی دەریخستووە کە هەم پزیشکیانی سەرکۆمار و هەم خۆیشی وەک وەزیری دەرەوە، دژی ئەم بڕیارەی سپای پاسداران بوون. سەرباری ئەمەش، سەفەرەکان و ڕاوێژکارییەکانی عەراقچی تا ئێستا بێ هیچ پێشکەوتنێک بەردەوام بووە. ناوبراو لەم دواییانەدا لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو جار سەفەری پاکستانی کردووە، ئەمەش خۆی دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە لە نێو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، سپای پاسداران بڕیاردەری سەرەکییە لە داڕشتنی سیاسەتە ستراتیژییەکاندا و دەوڵەتەکەی پزیشکیانیش جگە لە ڕۆڵی ئامادەکار و کارگێڕێکی گوێڕایەڵ، هیچ نەخش و دەورێکی تری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نییە. بێگومان فەرماندەکانی سپای پاسدارانیش، سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشە و لاف و گەزافەکانیان، هیچ بەرنامە و ستراتیژییەکی دیاریکراویان بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارەکانیان سەبارەت بە سازش لەگەڵ ئەمریکا پێ نییە. هەواڵدەرییەکانیش باس لە هەبوونی کێشە و ململانێی توند لە نێوان فەرماندەکانی سپای پاسداران دەکەن سەبارەت بە پرسی دانوستان و پێدانی ئیمتیاز بە ئەمریکا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی پزیشکیان، نەک لە پێگەی دانوستانکارێکدا، بەڵکوو تەنیا وەک پەیامنێرێک ڕەوانەی پاکستان کرا تا پەیامەکانی ڕێبەرایەتیی سپای پاسداران بە پاکستان وەک وڵاتێکی نێوەندگیر بگەیەنێت.
سەرباری ئەوەش، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی گوڵانی ١٤٠٥، عەباس عەراقچی بە پێشنیارێکی نوێوە سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕاگرتنی شەڕ لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەنداوی فارس و دەریای عومان، دووبارە لە مەسقەتەوە گەڕایەوە بۆ پاکستان. لەم پێشنیارەدا کۆماری ئیسلامی داوای کردووە کە “پرسی ڕادەستکردن و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی لانیکەم ١٠ ساڵ، سنووردارکردنی مەودای موشەکەکان و پرسەکانی تر، بۆ کاتێکی تر دوابخرێن”. چونکە ئەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی جێگەی بایەخی بەپەلە و لەپێشینەیە، بریتییە لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر دەریای عومان و فرۆشتنی نەوت، کە قەیرانی ئابووریی ڕژێمی قووڵتر و دژوارتر کردووەتەوە. لەم ماوەیەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە توندی گەمارۆی سەر دەریای عومان و گەرووی هورمزیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ٣٧ کەشتیی کۆماری ئیسلامییان ناچار بە گەڕانەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ٦ی گوڵان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە: “بە نیازە بەردەوام بێت لە گەمارۆ دەریاییەکان بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناچار بکات تەسلیمی سەرجەم داواکارییەکانی ئەمریکا ببێت”. بوونی ناکۆکی لە نێو ئۆرگانی سەرکردایەتیی نوێی سپای پاسداران لە لایەک، و پارادۆکس و گۆڕینی هەڵوێستی ڕۆژانەی ترامپیش لە لایەکی ترەوە، ئاسۆی بەردەوامیی ئاگربەست و کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕی بەرەوڕووی لێڵی و تەمومژێکی زۆر کردووەتەوە.
لەم نێوەندەدا، دەرئەنجام و لێکەوتەی بڕیار و هەنگاوەکانی ترامپ و ڕێبەرایەتیی سپای پاسداران لە هەڵگیرساندنی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەدا، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگای بەرەوڕووی کێشە و نەهامەتییەکی بێئەژمار کردووەتەوە. بە دانپیادانانی بەرپرسانی ڕژێمی ئیسلامی، بۆردومانکردنی ژێرخانە ئابوورییەکان، بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ڕژێمەوە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا و بێکارسازییە یەک لەدوای یەکەکان، ملیۆنان ئینسانی تری خستووەتە ڕیزی بێکارانەوە و دابینکردنی بژێوی و گوزەرانیانی بەرەوڕووی ئاستەنگی گەورە کردووەتەوە. قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، گرانی و هەڵاوسانی سەرووی ٧٠ لەسەدیی کاڵا خۆراکییەکان، توانای کڕینی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی بە شێوەیەکی بێوێنە دابەزاندووە.
لە وەها هەلومەرجێکدا، ڕژێمی ئیسلامی کە هیچ وەڵامێکی بۆ داخوازیی جەماوەر پێ نییە، لەپێناو مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی، ماشێنی سەرکوت و لەسێدارەدانی خستووەتە کار و چالاکتری کردووەتەوە. دەزگای قەزایی تاوانکاری ڕژێم، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەشی ئەمنی و تۆقاندن و ترساندن، ڕۆژانە کەسانێک، بەتایبەت لە نێو زیندانیانی سیاسی، لەسێدارە دەدات و حوکمی سێدارە بۆ ژمارەیەکی تریش دەردەکات. کۆماری ئیسلامی بە قۆستنەوەی بارودۆخی شەڕ کە تێیدا بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پەراوێز خراون، دەیەوێت باج و تێچووی ئەم شەڕەش بەسەر ژیان و بژێویی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بسەپێنێت.
لە دۆخێکی ئاوادا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین قۆناغی تەمەنیدایە، بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تریش، هیچ ڕێگایەک جگە لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، هاتنە مەیدانی دووبارە و خەبات لەپێناو بەدیهێنانی خواست و مافەکانیاندا بوونی نییە. هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندن بۆ دەربازبوون لە وەها بارودۆخێک. بەڵام پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بە جۆرێکە کە ڕیشەکێشکردنی، نەک بە ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خۆڕسکی سەر شەقامەکان کە بێڕێکخراو و بێڕێبەرین، بەڵکوو تەنیا بە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، و هەروەها تێکۆشانی سۆسیالیستەکان و ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوانە بۆ پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانە، مسۆگەر دەبێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە