فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نا بۆ ئێعدام، نا بۆ جەنایەت!
دوشەممە ۲۵-۰۲-۱۴۰۲   |  15-05-2023
نا بۆ ئێعدام، نا بۆ جەنایەت!

لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، دەزگای ئینسانکوژی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی بەرین ئێعدامەکانی پەرەپێداوە. شەپۆلی نوێی ئیجرای ئەحکامی ئێعدام کە لە حەفتەی دووهەمی گوڵانەوە لە زیندانەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە دەستی پێکرد، بەخێرایی گەیشتە زیندانەکانی قزڵحەسار و ڕەجایی شاری کەرەج. پەرەسەندنی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا تا ئاستێک بووە کە تەنیا لەماوەی ١١ ڕۆژدا ٥٧ زیندانی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران ئێعدام کراون کە زۆرترین ژمارەی لە سیستان و بەلوچستان بەڕێوەچووە. هەواڵنێریی حال وش کە هەواڵی سیستان و بەلوچستان بڵاودەکاتەوە، ڕایگەیاند کە لانیکەم ٢٢ کەس لەوانە دوو زیندانیی ژن لە زیندانەکانی زاهیدان، ئیرانشار، میناب، بەندەرعەباس، یەزد، تۆربەت جام و نیشابور ئێعدام کراون. زیندانیانێک کە تاوانەکانیان لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە قەتڵ و مادەی هۆشبەر ڕاگەیاندووە.

بەپێی هەواڵەکان، تەنیا ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی مانگی گوڵان، ١٠ کەس لە مەحکوومین بە تاوانی ئاسایی لەوانە ٥ کەس بەتۆمەتی “قەتڵ” لە زیندانی ڕەجایی شار ئێعدام کران. هەر لەم ڕۆژەدا حوکمی ئێعدامی دوو زیندانی میناب و یەک زیندانی تر بەتۆمەتی قەتڵ لە زیندانی نەیشابور بەکردەوە دەرهات.

هەروەها بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی مانگی گوڵان، حوکمی ئێعدامی لانیکەم چوار بەندکراوی بەلوچ، هاووڵاتییەکی خەڵکی یەزد و تەبەعەیەکی ئەفغانستان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە زیندانی ناوەندی یەزد و مەشهەد ئیجرا کران. ئێعدامەکانی ڕۆژانی ڕابردوو کە بە ئێعدامی زیندانیانی تۆمەتبار بە قەتڵ و مادەی هۆشبەر دەستی پێکرد، تەنیا لە چوارچێوەی زیندانیانی ئاساییدا نەمایەوە و لەماوەی چەند ڕۆژدا چەندین زیندانی عەقیدەتی و سیاسیش ئێعدام کران.

سەرەتا حوکمی ئێعدامی حەبیب ئەسیود، زیندانی سیاسی دوو تابعیەتی ئێرانی – سۆئێدی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە تورکیە ڕفێندرابوو و ڕوانەی ئێران کرابوو، بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٦ی گوڵان بەڕێوەچوو و دواتر یوسف مێهرداد و سەدروڵڵا زارع، دوو زیندانیی عەقیدەتیش بە تۆمەتی “سب النبی” و “ئیرتداد فتری” و “تەوهین بە موقەدەساتی ئیسلام” لە ڕۆژی ١٨ی گوڵاندا ئێعدام کران.


لە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گوڵان، لانیکەم ٧ زیندانی لە زیندانەکانی قزڵحەسار و ڕەجایی شار ئێعدام کران. ئەگەرچی دەزگای قەزایی ڕژیم بەبێ ناوبردنی ئێعدامکراوان، تەنیا ئاماژەی بە ئێعدامی سێ کەس لە زیندانەکانی قزڵحەسار کردووە، بەڵام ناوەندەکانی چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە هەر لەم ڕۆژەدا، ٤ زیندانیی دیکەش لە زیندانی ڕەجایی شار ئێعدام کراون.

ئێعدامەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گوڵان، لە بارودۆخێکدا بەکردەوە دەرهاتوون کە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێک لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەوانە کۆبوونەوەی شەوانەی بنەماڵەی زیندانیان دژبە ئێعدامی کۆماری ئیسلامی بەرز کراوەتەوە. بنەماڵەی زیندانیانێک کە مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە، شەوی سێشەممە ٢٩ی مانگی گوڵان بۆ ڕێگری لە ئێعدامی ڕۆڵەکانیان لە بەرامبەر زیندانی قزڵحەسار کۆبوونەوە و بەرەوڕووی گازی فرمێسکڕێژ و سەرکوتی مەئموورانی حکوومەت بوونەوە.

بێجگەلە ئێعدامی دەیان کەس کە لەم ڕۆژانەدا بەشێوەی وەحشیانە لەلایەن بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەکردەوە دەرهاتووە، هەر ئێستا سەدان کەسی تر بە تۆمەتی قەتڵ و مادەی هۆشبەر لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەوانە لە سیستان و بەلوچستان مەترسیی ئیجرای حوکمی ئێعدامیان لەسەرە. ئەگەرچی نەفسی ئێعدام، وەک قەتڵی حکوومەتی جەنایەتە و بەدەر لە جۆری تاوانێک کە زیندانیەکەی پێ مەحکووم کراوە، پێویستە بە هەموو هێزەوە دژبە ئێعدام و باقیی جەنایاتی کۆماری ئسیلامی خەباتی پەیگیر و لێبڕاوانە بکرێت، بەڵام ڕەوتی ئێستای ئێعدامەکان نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی بە تاقی کردنەوەی ئێعدامی زیندانیانی پێوەندیدار بە تۆمەتی قەتڵ و مادەی هۆشبەر، بەشوێن ئێعدامکردنی دەستگیرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی مانگەکانی ڕابردوویە.

تاقمی دەسەڵاتداری ئێران کە زەربەی قورسی لەلایەن خەباتی شکۆداری جەماوەری خەڵکی ئێران لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەرکەوتووە، ئێستا لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرینایی خەباتی شەقام، ڕووی کردووەتە ئێعدام و دەیهەوێ لەم ڕێگەوە لە خەڵکی تێکۆشەر و قارەمان تۆڵە بستێنێتەوە.

لە سێدارەدان یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرکوتکردنە لە کۆمەڵگادا کە کۆماری ئیسلامی بۆ تێکشکاندنی خەباتی جەماوەری ئێران بەکاری هێناوە. بەڵام ئێستا بارودۆخی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا بەجۆرێکە کە گشت جەماوەری خەڵکی ئێران نیشانیان داوە کە لە سەرکوت تێپەڕیون و کۆماری ئیسلامیش لەڕێگەی سەرکوتگەری و زەبروزەنگەوە چیتر ناتوانێ کۆمەڵگا بۆ قۆناغی بەرلە مانگی خەرمانانی ١٤٠١ بگەڕێنێتەوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت. ئەم ڕستەیان، جەماوەری کرێکار و ژنان و مامۆستایان و خوێندکاران و خانەنشیان و گشت خەڵکی ئێران لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە سەدان جۆر هاوار کردووە و دووپاتیان کردووەتەوە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای ڕاگەیاندنی هاودەردیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی ئێعدامکراوان و ڕاگەیاندنی ئەوەیکە ئێعدام بەدەر لە تۆمەتی بەندکراو قەتڵی حکوومەتییە، بە دروشمی نا بۆ ئێعدام و نا بۆ تاوان، بنەماڵەی بەندکراوان و لەئاستی بەرینتردا جەماوەری خەڵکی ئێران بانگەشەی خەبات دژبە سەرکوت و ئێعدام دەکات.


بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢١ی گوڵانی ١٤٠٢


واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت