
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا قەیرانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ناوخۆیی و ناوچەیی ڕژیم لە ئێران زیاتر پەرەی سەندووە و قووڵتر بووەتەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هیچکات بەم ڕادەیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکان بێتوانا و زەبوون نەبووە. بۆ هیچ کام لەو قەیرانانەی کە بەرۆکی گرتووە ڕێگاچارەی نییە. خامنەیی وەک کەسی یەکەمی حکوومەتی ئیسلامی زیاتر لە هەموو کاتێک بێ ئیعتبار بووە و ڕاستەوخۆ لەلایەن کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان، ژنان، خوێندکاران و تەنانەت لەلایەن زۆرێک لە مۆرەکانی دەزگای ڕووحانییەتی خودی و غەیری خودییەوە دەدرێتە بەر ناڕەزایەتی و ڕەخنەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆوە. هەڕەشە و تەمەنا و پاڕانەوەی خامنەیی لە هەموو بوارێکدا بێ وڵام دەمێنێتەوە. بۆشایی و دوژمنایەتی لە نێوان حکوومەت و جەماوەری خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە، تا جێیەک کە هەرچییەک سەرانی ناوەندەکانی ڕووحانییەت و فەرماندەکانی سپای پاسداران بیانهەوێ و بیڵێن، خەڵک بەپێچەوانەی ڕەفتار دەکەن. ژنانی ئازادیخواز بە خستنە ژێر پێی فەرمانەکانی خامنەیی و یاسای ناوەندەکانی کۆنەپەرستی و سەرکوت، بە ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیجباری، ڕێبەران و دامودەزگاکانی دەسەڵاتیان هیلاک و ئاڵۆز کردووە. بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی دژەژن و کۆنەپەرستانەی وەک “تەرحی نوور” لەئێستادا بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ سەران و فەرماندەکانی سپای پاسداران. شەقام و شوێنە گشتییەکان، ڕۆژانە بووەتە مەیدانی شەڕ و تێکهەڵچوونی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لەگەڵ بەکرێگیراوانی حیجاببان و هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکان کە لە بەرامبەریاندا لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانیی خۆیان دیفاع دەکەن. هەڵسووکەوتی هێزە سەرکوتگەرەکان بەرامبەر بە ژنان بووەتە شەرمەزارییەکی دیکە بۆ حکوومەتی ئیسلامی. تا جێیەک کە زۆرێک لە ئاخوندەکان و تەنانەت مۆرەکانی باڵی ئوسوولگەراش لۆمەی حکوومەت دەکەن و نیگەرانی مانەوەی دەسەڵاتەکەیانن. تەنیا ئامرازی درێژەی دەسەڵات، واتە سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە کە ڕژیم بەشێوەیەکی دڕندانە و دێوانەئاسا بەڕێوەی دەبات، چیتر کاریگەر نییە.
وەها بارودۆخێک کە تێیدا “نە حکوومەت توانای دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای هەیە و نە جەماوەری خەڵک قەبووڵی دەکەن کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەریاندا حکوومەت بکات”، دەتوانێ نیشانەی دەستپێکی پڕۆسەی داڕمان و ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی بێت. ئاماژەکردن بە یەک دوو فاکت لەم بوارەدا دەتوانێ ڕاستبوونی ئەم ئیدیعایە تەئید بکات: لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژە ژێر ستەمەکانی دیکەی کۆمەڵگا، خانەنشینان، موعەلیمان، خوێندکاران، پەرەستاران و تەنانەت کەسەبەی بازاڕ بەردەوام زیادی کردووە. لەماوەی دوو سێ حەفتەی ڕابردوودا تەنانەت شایەدی مانگرتنی تەڵافرۆشان و کەسەبەی ناوەندەکانی لەوازمی ئارایش و بێهداشتی بووین. لە بواری بارودۆخی ئابووریدا بەپێی ڕاپۆرتی ئەم دواییەی بانکی مەرکەزیی ڕژیم، لەماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی ئەمنیەت، سەرمایەدارانی بەشی خسووسی و دەوڵەتی، ٢٠ ملیارد و ١٩٣ ملیۆن دۆلار سەرمایەیان لە ئێران بردووەتە دەر. ئەم ڕێژەیە لە چوونەدەری سەرمایە لەچاو دەورەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو ٢٥% زیادی کردووە. ناسر هیمەتی سەرۆکی پێشووی بانکی مەرکەزی ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی ڕەئیسی مانگانە ٢٠ هەزار ملیارد تمەن پارەی بێ پشتیوانە چاپ دەکات و دەیخاتە ناو بازاڕەوە تا بەشێک لە قەرزی یەک تریلیۆن تمەنیی دەوڵەت دابین بکات. ئەم بابەتە خۆی بووەتە هۆی چوونەسەری ڕێژەی تەوەرۆم و گرانی و هاتنە خواری بەهای ڕیاڵ کە نیشانەیەکی دیکەی داڕمانی حکوومەتی ئیسلامییە.
لەبواری پرسە سیاسییەکاندا، زۆرێک لە بەرپرسان و دەست و پەیوەندەکانی ڕژیم بەمەبەستی پاکانەکردن بۆ خۆیان، سەرپێچی و نافەرمانی دەکەن و یان بۆ دەرەوەی ئێران ڕادەکەن. ئەمەش خۆی نیشانەی لێکهەڵوەشانی ڕیزەکانی حکوومەتی ئیسلامییە کە تا دێت زیاتر دەبێت و نیشانەیەکی دیکەی دۆخی نائارامی حکوومەتی ئیسلامییە. شانۆی ئینتخاباتی مەجلیسی شۆرا و مەجلیسی خوبرگان لە دەورەی یەکەم و دووهەم، دوور کەوتنەوەی زیاتری هێزەکانی ڕژیم و خاڵی کردنی ژێر پێی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی نیشان دەدات. ئاستی بەشداری لە گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی دەورەی دووهەمی مەجلیس، سەرەڕای تەئکیدەکانی خامنەیی و هەوڵی دامودەزگاکانی حکوومەت، بێ ڕەونەقتر و سەرشۆڕانەتر لە دەورەی یەکەم بوو. تا جێیەک کە ڕۆژنامەی ئوسوولگەرای ڕەسالەت لە سەروتارەکەی خۆیدا، ئاکامی ئینتخاباتی دەورەی دووهەمی بە “کارەسات و قەیران و تەحقیر” وەسف کرد. ڕێژەی بەشداری لە دەورەی دووهەم لە تاران، ٧% و لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئێران کەمتر لە ١٠% بووە. هەروەها پرتەوبۆڵەی مۆرە باڵاکانی ڕژیم لەوانە ئاشکرابوونی نامەی حەسەن ڕووحانی بۆ ئەحمەد جەنەتی سەبارەت بە ڕەتی سەلاحییەت، نیشانەی تەنگتربوونەوەی ئاڵقەی دەسەڵات و نیشانەی نیگەرانبوونی حاکمانە تەنانەت لە خودییەکانی کۆماری ئیسلامی. ڕووحانی لە نامەکەیدا ئیعترافی کردووە کە لە کۆماری ئیسلامیدا پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ بایەخێکی نییە. ئەو دەڵێ: ”کەسێک کە لە ئینتخاباتێکدا ملیۆنها دەنگی پێدراوە، بە ئاسانی لەلایەن ئەو کەس و ناوەندانەی کە خەڵک هەڵینەبژاردوون، ڕەتی سەلاحیەت دەکرێنەوە”. ئاکامی ئەم نمایشە ئینتخاباتییە لەماوەیەکی کورتدا لەلایەکەوە خێرابوونەوەی ڕەوتی دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ڕژیم نیشان دەدات و لەلایەکی دیکەشەوە بێ ئیعتباربوونی هەرچی زیاتری حکوومەتی ئیسلامی و ئاستی بەرینی نەفرەت و بێزاریی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نیشان دەدات کە ساڵەهایە ژیانێکی فەلاکەتباری بەسەریاندا سەپاندووە. سیاسەتی دەخاڵەتگەرانە و پڕهەزینەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی شەڕی تاوانکارانە و جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین، بەرەوڕووی شکست بووەتەوە. ڕژیمی ئیسلامی سەرەڕای هات و هاواری تەبلیغاتی سەبارەت بە “دیفاع لە خەڵکی فەلەستین و سڕینەوەی ڕژیمی سەهیۆنیسی لەسەر نەخشەی جوگرافیا”، دوای تێپەڕینی حەوت مانگ لەم شەڕە نەتەنیا نەیتوانیوە کارێک بۆ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین بکات، بەڵکوو لەئاست تەڵەفات و خەساراتێک کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە کۆماری ئیسلامیی داوە، سیاسەتی “عەقڵانییەتی ئینقلابی و نەرمشی قارەمانانە، واتە بێدەنگیی گرتووەتە بەر. هەروەها ئامرازی دەخاڵەتکردنی لە ناوچەکە واتە “هێزەکانی میحوەری موقاومەت”یش هیچ سەمەرێکی بۆ ڕژیم نەبووە. لەئێستادا کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە خەڵکی فەلەستین بەڵکوو لە خۆشی ناتوانێ دیفاع بکات. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەکی ڕەوانەکراوی ڕژیم بۆ ئەخوانولموسلمین، لەلایەن دەوڵەتی ئۆردۆنەوە دەستی بەسەردا گیراوە. حکوومەتی ئوردن جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو حیزبە، بەنیازە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سکاڵا لەسەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئوردن تۆمار بکات.
بێگومان تەمەنی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە کۆتایی و هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا لە ئێران ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی ڕوودەدات و حکوومەتی ئیسلامی دەڕووخێت. هەربۆیە ڕێبەران و سەرانی ڕژیمیش مانەوە و ئەمنیەتی خۆیان لە مەترسیی جیددیدا دەبینن. لە وەها بارودۆخێکدا گرینگ ئەوەیە کە کرێکاران بە مانگرتنی یەکگرتووانە و سەرتاسەری بەتایبەت لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، زەحمەتکێشان و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و سەرتاسەری و بە ڕێکخستنی ڕێزەکانیان بتوانن ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو بە ئاراستەی بەرژوەند و قازانجی چینایەتی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بەرن.