جاسیندا ئاردرێن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەند، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: “وڵاتی نیوزلەند بەردەوام لە ئازادیی تاکە کەسی و سیاسی خەڵک بەرگری دەکا و هەوڵەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی و وەگیانهاتووی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە بەتوندی مەحکووم دەکا و لەو پێوەندییەدا گەمارۆ دەخاتە سەر ٢٢ بەرپرسی سەربازیی و ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی کە دەور و نەقشیان لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیودا هەبووە”
ناوبراو هەروەها وتیشی: “ئەو ڕووداوەی کە بۆ ژینا ئەمینی ڕوویداوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و نیوزلەند پشتیوانی خەڵکی ئێران بە تایبەتی ژنان و کچانی ئەو وڵاتەیە”.
هەر لەم پێوەندییەدا نێنایا ماهووتا وەزیری دەرەوەی وڵاتی نیوزلەند وتی: کە لە سەرووی هەمووی ئەو کەسانەوە کە گەمارۆیان خراوەتەسەر حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕژیمی ئێران، غوڵامڕەزا سولەیمانی فەرماندەی بەسیج، حوسێن ئەشتەری فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕژیم و محەممەد ڕۆستەمی، فەرماندەی پۆلیسی ئەخلاقی ڕژیم لە تاران، بەرچاو و دیارن.
لەلایەکی دیکەوە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی نیوزلەند، داوایان لەو وڵاتە کردووە کە پێوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ تاران کۆتایی پێبهێنن و سپای پاسدارانی ڕژیم وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسێنن.