ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، لەلایەن دامەزراوەی بەرگریکردن لە دێموکراسی (ئێف دی دی)، کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چوو و جۆ تێرۆزمەن، توێژەری ئەو دامەزراوەیە وتی: ١٩ گرووپی میلیشیایی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پاڵپشتی دەکرێن لە دەوروبەری سنوورەکانی ئیسرائیل چالاکی و کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن و ئەوەش نیگەرانیی دروست کردووە و پێویستە پێشی پێ بگیردرێت. ناوبراو لە درێژەدا وتیشی: ئەو گرووپانە لە حەماس و حیزبوڵڵا پێک هاتوون کە لە هەواڵەکاندا پشتڕاست کراونەتەوە و ناویان هاتووە. هەروەها ئەو ١٩ گرووپە ژمارەیەکیان لەلایەن ئەمریکاوە لە لیستی گەمارۆکاندان. جۆ تێرۆزمەن زیادیشی کرد: هەموو ئەو گرووپە میلیشیاییانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژیمی ئسلامیەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێن و تا ڕادەیەکیش خۆدموختارییان هەیە و دەبێ بە جیددییەتەوە بڕوانینە مەترسییەکانیان لەبەر ئەوەی دەبنە مەترسیی جیددی بۆ سەر ناوچەکە و بە لای کۆماری ئیسلامیەوە گرینگ نییە کە ئەو گرووپانە چ مەزهەب و ئایینێکیان هەبێت یان نەبێت، لای ئەوان ئەوە گرینگە کە بە دژی ئیسرائیل شەڕ بکەن.