فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی لە وەرچەرخانی بەشار ئەسەد
یەکشەممە ۱۷-۰۲-۱۴۰۲   |  07-05-2023

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی مانگی گوڵان ئیبراهیم ڕەئیسیی قاتڵ، بۆ دیدارێکی دوو ڕۆژە چووە دێمێشقی پایتەخی سووریە. لە فڕۆکەخانەی دێمێشق لەجیاتی بەشار ئەسەد یان جێگرەکەی، لەلایەن سامر خەلیل وەزیری بازرگانی و ئابووریی سووریەوە پێشوازیی لێکرا کە ئاستێکی نزم لە پێشوازیی فەرمی بوو. ئەمە یەکەمین سەفەری سەرۆک کۆمارێکی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سووریە بوو لەدوای دەستپێکی ئاخێزی جەماوەری دژبە حکوومەتی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١١. ئاخێزە جەماوەرییەکانی توونێس، میسر، لیبی و یەمەن ناسراو بە “بەهاری عەرەبی” کە چوار دیکتاتۆرییان ڕووخاند لەم وڵاتانە ڕوویان دا. بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە لە سووریە بە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەب لەوانە عەرەبستان، قەتەر، ئیمارات و بە چرای سەوزی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژاوا، بە پێکهێنانی گرووپ و ڕەوتی چەکدار و تیرۆریستی ئیسلامی خەڵتانی خوێن کرا و سەرەنجام بە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی نیزامیی ڕووسیە و هاوکاریی کۆماری ئیسلامی، حکوومەتی بەشار ئەسەد لە ڕووخاندن دەرباز بوو.

ئەگەرچی لە تەبلیغاتی عەلەنیدا کۆماری ئیسلامی ئامانجی سەفەری ڕەئیسی بۆ سووریەی پەرەپێدانی پەیوەندی دیپلۆماتیک و واژۆی ١٤ گرێبەستی ئابووری و بازرگانی ڕاگەیاندووە، بەڵام نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ نزیکبوونەوە لە بەشار ئەسەد و گەڕاندنەوەی سووریە بۆ جەمعی دەوڵەتانی “یەکیەتیی عەرەب” و دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامی، دەتوانێ هۆکاری سەرەکیی ئەم سەفەرە بێت. ڕەئیسی لە دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد بەخاتری بەرەنگاربوونەوەی بەرانبەر بە فشاری ئەمریکا و بەقسەی خۆی “تەکفیرییەکان” دەستی کرد بە تاریف و تەمجیدکردن و وتی: ”کۆماری ئیسلامی هەمیشە لەگەڵ سووریە دەمێنێتەوە”. هەڵبەت لەگەڵ سووریە مانەوەی کۆماری ئسیلامی بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران هەزینەی یەکجار بەرین و قورسی بەدواوە بووە. هەتا ئێستا ڕژیم بێجگەلە بەخشینی ملیۆنان بەرمیل نەوت بە سووریە، سەدان ملیارد دۆلاری لە بەرهەمی ڕەنج و کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران بۆ کردنەوەی جێپێیەک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێناو بەرەوپێش بردنی ئامانجی کۆنەپەرستانە و دەخاڵەت لە کاروباری وڵاتانی دیکە هەزینە کردووە.

بەدوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعوودی بە دەسپێشخەریی چین و بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژی لە ناوچەکە بۆ پێکهێنانی فەزایەکی ئەمن بۆ سەرمایەگوزاریی کەڵانی چین، عەرەبستان و ئیمارات خواستی گەڕاندنەوەی سووریە بۆ ناو یەکیەتیی عەرەبیان هێنایە گۆڕێ. دوای ١٢ ساڵ بەشار ئەسەد بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی “یەکێتی عەرەب” لە ٢٩ی مانگی گوڵان لە ڕیاز بانگهێشت کراوە. هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی سووریە بۆ جەمعی دەوڵەتانی عەرەب لەلایەن بەشار ئەسەدەوە پێشوازیی لێکراوە. لەم پێوەندەدا چەند مانگ لەمەوبەر بۆ ئیمارات و مەسقەت سەفەری کرد. سێ هەفتە لەمەوبەریش فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی هەر لەم پێوەندەدا ڕەوانەی ڕیاز کرد. ئاشکرایە بۆ دەوڵەتی سووریە لەپێناو دەربازبوونی لە وەرشکستەیی ئابووری و نۆژەنکردنەوەی زیانەکانی یەک دەیە شەری وێرانکەر، لەجیات کۆماری ئیسلامی دەوڵەتانی دەوڵەمەندی عەرەب لەوانە عەرەبستان، کوەیت، ئیمارات و عۆمان لە ئەولەویەتدان. تێچووی نۆژنکردنەوەی وێرانەکانی ئەم شەڕە کە ٧٠٠ ملیارد دۆلار بەرئاورد کراوە، نەک بە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە خۆی بەرەوڕووی داڕمانی ئابوورییە بەڵکوو بە پەیوەندی و نزیکبوونەوە لەگەڵ ئەم وڵاتانەوە دێتە دی. هەر بەم دەلیلە وەرچەرخانی بەشار ئەسەد بەرەو عەربستان و کەمکردنەوەی وابەستەبوونی بە کۆماری ئیسلامی بابەتێکی ئاساییە. هەڵبەت دەوڵەتانی میسر و ئۆردۆنیش سەرەڕای دژایەتییان لەگەڵ ئەمریکا، هەوڵیان داوە پەیوەندییان لەگەڵ سووریە ئاسایی بکەنەوە. دوایین نموونەی ئەم هەوڵانە کۆبوونەوەیەک لە عەمان پایتەختی ئۆردۆن بوو لە ڕۆژی دووشەممە ١١ی گوڵان بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی میسر، عەرەبستان، ئۆردۆن، عێراق و سووریە. لەم کۆبوونەوەیەدا سووریە بۆ نیشاندانی حۆسنی نیەت بەڵێنی دا کە هەوڵ دەدات کۆتایی بە قاچاغی مادەی هۆشبەر لە سنوورەکانی عێراق و ئۆردۆن بێنێت.

ڕەئیسی لە حاشیەی سەفەرەکەی بۆ سووریە، چەندین دیداری تەشریفاتی و سەمبۆلیکیشی بووە لەگەڵ ڕێبەران و فەرماندە نیزامییەکانی حەماس، جەهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵا و باقیی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان لەژێرناوی فەرماندەکانی “میحوەری موقاومەت” تا پشتیوانیی ڕژیمیان پێ ڕاگەیەنێ. واتە جەریاناتێک کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل و قایمتر کردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکە بەکاری هێناون. ئەگەرچی لە بارودۆخی ئێستادا کۆماری ئیسلامی ناتوانێ وەک ڕابردوو چەمەدانی پڕلە دۆلاریان بەدیاری بۆ بەرێ، بەڵام بۆ نفووزی لە ناوچەکە لەپێناو پێشخستنی ئامانجی زێدەخوازانە و بەتایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل ئیحتیاجی پێیانە. کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری لەگەڵ ڕژیمی دیکتاتۆری ئەسەد و بە هەزینەی گیانی و ماڵیی خەڵکی سووریە، ئەم وڵاتەی کردووەتە مەیدانی شەڕی کۆنەپەرستانە و بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل. ئیسرائیل هەتا ئێستا سەدان جار، بەتایبەت لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا پێگەکانی کۆماری ئیسلامی لە سووریە بوردمان کردووە. ڕۆژێک بەرلە سەفەرەکەی ڕەئیسی بۆ سووریەش فڕۆکەخانەی حەلەب بۆمباران کرا. هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە کاردانەوە نیشان بدات. بەم حاڵەوە ئیبراهیم ڕەئیسی دانی بەوە دانا کە ئەم سەفەرە ئیمکانی درێژەی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هاوپەیمانانی لەوانە حیزبوڵڵای لۆبنان و جەهادی ئیسلامیی فەراهەم کردووە. یەکێک لە تەوافوقاتی واژۆکراوی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕژیمی سووریەش هەر لەم پێوەندەدا بووە. بەزرپاش وەزیری ڕێگا و شارسازی کە لەم سەفەرەدا لەگەڵ ڕەئیسییە، ڕایگەیاند کە تەوافوق کراوە ساڵانە ٥٠ هەزار کەس لە ئێرانەوە لەژێر پۆششی زیارەت و یان بەناوی “موستەشاری نیزامی” بۆ سووریە بنێردرێرن و ئەمەش ڕێگایەکە بۆ ناردنی چەک و کەرەستەی نیزامی.

ستراتیژی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بوون بە دەسەڵاتی باڵای ناوچەیی تا ئێستا بە سیاسەتی پڕهەزینەی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە شکستی هێناوە. ئەو هەزینە گەورانەی کە ڕژیم لەم ڕێگایەدا کردوویەتی، یەکێک لە هۆکارەکانی توندبوونەوەی قەیرانی ئابوورییە کە ژیان و گوزەرانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانی بەرەوڕووی هەژاری و فەلاکەت کردووە. بەم حاڵەوە ڕژیم لەسەر درێژەدان بەم سیاسەتە شکستخواردوو و جەنایەتکارانەیەی پێداگری دەکات. بێگومان کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی ئێران تەنیا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانن کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی وڵاتانی ناوچەکەش لە چنگ کۆماری ئیسلامی نەجات بدەن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co