فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نیگەرانی سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتیەکی خەڵکی بۆکان دوای ٧ مانگ دەستبەسەرکردن
سێشەممە ۰۶-۰۴-۱۴۰۲   |  27-06-2023

بەپێی زانیارییەکان، عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، زیاتر لە ٧ مانگ لەمەوپێش لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی بەناڕوونی ماوەتەوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عوسمان مامە لەمبارەوە ڕاگەیاند: «ئەم بنەماڵەیە لەماوەی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخی عوسمان مامە سەردانی ئیدارەی ئەماکن، ئیدارەی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپا، دەزگای دادوەریی، بەندیخانەکانی بۆکان و هەموو ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە و هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوتووە.هەروەها ئەم بنەماڵەیە بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ یان کردووە و لە وەڵامی بەدواداچوونەکانیان لایەنە پەیوەندیدارەکان یان ڕەدیان کردووەتەوە کە عوسمان مامەیان ڕفاندبێت یاخود بە بیانووی ئەمنییەتیبوونی دۆسییەکەی، خۆیان لە پێدانی هەرچەشنە زانیارییەک بواردووە.»هەتا ئێستا عوسمان مامە هیچ چەشنە پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە و ئەمەش بووەتە مایەی ترس و نیگەرانی بۆ بنەماڵەکەی.عوسمان مامە خەڵکی بۆکان شەوی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری پارەکە، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە ڕفێندرا.