
جێگیربوونی کەشتییەکانی ئەمریکا لە دەریای کارائیب، هێرشی مووشەکی بۆ سەر چەند بەلەم و کوشتنی دەیان کەس لە سەرنشینەکانیان لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگییەوە لە لێوارئاوەکانی ڤێنێزوێلا، دواتریش ڕاگەیاندنی داخستنی تەواوەتیی ئاسمانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیدارەی ترامپ و هەڕەشەی گەمارۆدان و کردەوەی ڕاستەوخۆ دژی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە، جارێکی دیکە ڤێنێزوێلای کردووەتەوە بە چەقی یەکێک لە قەیرانە نێونەتەوەییەکان. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، هەڕەشەی هێرشی زەمینی و پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، شەڕی میدیایی و باس کردن لە سیناریۆکانی دەستێوەردانی سەربازی و تێکدانی سەقامگیری، ڤێنێزوێلای ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ لە قەیران کردووەتەوە. ئەم گوشارە سەربازییانە، لەگەڵ گەمارۆ بەرینەکان، ڕاوەدوونانی یاسایی و دیاریکردنی خەڵاتی گەورە بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک کۆمار مادۆرۆ و سەرانی دیکەی سیاسی و سەربازیی ڤێنێزوێلا، ئامرازگەلێکن بۆ لاوازکردنی ژێرخانی ئابووری، پەراوێزخستنی دیپلۆماتیک و ئامادەکردنی ڕای گشتی بۆ دەستدرێژییەکی سەربازی. لە لایەکی دیکەوە، قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی ڤێنێزوێلا، هەڵاوسانی بەرز و کۆنتڕۆڵنەکراو، هەرەسهێنانی بەهای دراوی نیشتمانی و توانای کڕینی خەڵک، بێکاری، کۆچی بە کۆمەڵ و ناڕەزایەتییە ڕاستەقینەکانی خەڵک و کەڵک وەرگرتنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی سەر بە ئەمریکا لەم دۆخە، ئەم وڵاتەی کردووە بە مەیدانێک بۆ نیۆفاشیستەکانی ئەمریکا تا سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی خۆیانی تێدا جێبەجێ بکەن.
سیاسەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکا بەرانبەر بە ڤێنێزوێلا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە بە پێگەی جیۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتە لە کێبڕکێی نێوان زلهێزە جیهانییەکانی وەک ئەمریکا، چین و ڕووسیا، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکان و پاشەکەوتە نەوتییە گەورەکانی ئەم وڵاتە. ڤێنێزوێلا بە خاوەندارێتیی نزیکەی ٣٠٣ ملیارد بەرمیل یەدەگی نەوتی سەلمێنراو، واتە گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان، بە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی بەسەر ئەم سەرچاوانە و بەکارهێنانیان، و ئەو ڕۆڵەی کە داهاتە نەوتییەکان دەتوانێت لە بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی ئەرتەشی ئەم وڵاتەدا بیبینێت، لە ڕوانگەی نیۆفاشیستەکانی ئەمریکاوە بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیمپریالیزمی ئەمریکا و پێداویستییەکەی بۆ هەیمەنە بەسەر سەرچاوەکانی وزەی جیهاندا ئەژمار دەکرێت.
لێدانی مۆری «ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەرەکی» لە دەوڵەتی ڤێنێزوێلا و بەکارهێنانی ژێستی خەبات دژی باندەکانی مافیای ماددە هۆشبەرەکان، ئامرازی سیاسی و «یاسایی» بۆ شەرعییەتدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تیرۆری ئامانجدار و گەمارۆی ئابووری دابین دەکات و ڕێگە بە ئیمپریالیزمی ئەمریکا دەدات کە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەرجەم یاسا ناسراوە نێودەوڵەتییەکان، جەنگ لە پێناو سەرچاوەکانی وزە و فراوانکردنی ناوچەکانی نفوزی خۆی، لەژێر پەردەی «خەبات دژی تاوانی ڕێکخراو و دیکتاتۆری» بە ڕای گشتی قالب بکات.
هەڕەشەکانی ئێستا لە ڤێنێزوێلا لە بۆشاییەکی مێژووییدا دروست نەبوون، بەڵکوو درێژەی مەنتقی دەیان ساڵ دەستێوەردانی ئەمریکایە لە ئەمریکای لاتین. کودەتای نهێنی لەلایەن دەزگای سی ئای ئەی لە گواتمالا لە ساڵی ١٩٥٤، پشتیوانی لە کودەتای پینۆشێ لە شیلی لە ساڵی ١٩٧٣، پشتیوانیی سەربازی لە کودەتای سەربازی لە بۆلیڤی و بەشداریکردن لە نەخشەی دەستگیرکردن و کوشتنی چێ گڤارا لە ساڵی ١٩٦٧، هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی کوبا و گەمارۆی ئابووریی ئەو وڵاتە، پشتیوانیی دارایی و چەکداری لە کۆنتراکان دژی ساندینیستەکان لە نیکاراگوا، پشتیوانی لە ڕاستڕەوەکانی ئێلسالڤادۆر، پشتیوانی لە میلیشیاکان و باندەکانی ماددەی هۆشبەر لە کۆلۆمبیا دژی جەنگاوەرانی فارک، گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڤێنێزوێلا و پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ئەمریکا لەو وڵاتە، تەنیا چەند نموونەن لە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و شەڕی میدیایی دژی ئەو وڵاتانە.
لە ڤێنێزوێلا، گەمارۆ بەرفراوانەکان، هەڕەشە و دەستێوەردانی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی نهێنی، پەیڕەوی لە سیاسەتێک دەکەن کە ئامانجی ڕاستەوخۆی، لاوازکردن و ڕووخاندنی حکوومەتی مادۆرۆیە. دەرئەنجامی ئەمەش، توندتربوونەوەی قەیرانی ئابووری، پەرەسەندنی هەژاری و شەپۆلێکی قورسی کۆچکردنە کە بەرۆکی چینی کرێکار و توێژە چەوساوەکانی ئەم کۆمەڵگایەی گرتووە. ئەزموونی وڵاتانی دراوسێی وەک بۆلیڤی و هندۆراس و سەرجەم ئەو وڵاتانەی ئەمریکا دەستێوەردانی تێدا کردوون، نیشانی داوە کە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دەبنە هۆی جێگیربوونی ڕژیمە سەرکوتگەرەکان، بەرەو دواوە گەڕانەوەی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی نادادپەروەری و نا سەقامگیری.
مادۆرۆ لە کاردانەوە بە گوشارە بەردەوامەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، پشتی بە دەزگای بەرینی بۆرۆکراسیی دەوڵەتی، ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە بۆرژوازیی بەناو “نیشتمانی” بەستووە و تێچوو و باجی قورسی قەیرانی ئابووریی خستووەتە سەر شانی کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەم سیاسەتانە بووەتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە نێو کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکدا و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی سەر بە ئەمریکا لەم دۆخە قەیراناوییە کەڵکی وەرگرتووە و ئەگەری سیناریۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسیی لە سەرووی خەڵکەوە و لەلایەن ئەمریکاوە بەهێز کردووە.
لە وەها بارودۆخێکدا، ڕێگەچارەی شۆڕشگێڕانە نە لە پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی مادۆرۆ، بەڵکو لە بەرگریکردنی لێبڕاوانە لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ڤێنێزوێلا لە بەرانبەر دەستێوەردان و میلیتاریزمی ئەمریکا و پێکهاتەی سیاسی و چینایەتیی دەسەڵاتدار و لە بونیادنانی بەدیلێکی سەربەخۆی کرێکاری و سۆسیالیستیدا خۆی دەبینێتەوە. ئەم بەدیلە پێویستە لەسەر بنەمای ڕێکخراوبوونی کرێکاران لە ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی خۆیان، کۆمیتەکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە گەڕەکی شارەکان و کۆنتڕۆڵی دیموکراتیکی کرێکاران بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی بۆرۆکراسی و ئەرتەش و هێزە ئەمنییەکاندا شکڵ بگرێت. کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانی ڤێنێزوێلا بە ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان دەتوانن هەم لە بەرانبەر دەستێوەردانی ئەمریکا بوەستنەوە و هەم گەندەڵی و دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار بخەنە ژێر پرسیارەوە.
لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەرکی هێزە سۆسیالیست و کرێکارییەکان و سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان بریتییە لە ڕێکخستنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی و وەڕێخستنی بزووتنەوەی جەماوەری لەدژی گەمارۆکان و دەستێوەردانی سەربازیی ئیمپریالیستیی ئەمریکا لە ڤێنێزوێلا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان بە ئاسۆیەکی دژە سەرمایەدارییەوە. ئەم هەڵمەتە سیاسییانە دەبێ هاوکات لە بەرانبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی مادۆرۆ و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەوی سەر بە ئەمریکا، پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی ڤێنێزوێلا بکەن. کرێکاران، خوێندکاران و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە ئەمریکا هەروەک چۆن ڕۆڵێکی بەنرخیان لە بزووتنەوەی جیهانی دژی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل و ئەمریکا لە غەززە گێڕا، لەم هەڵمەتەشدا پێویستە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سیاسەتە نیۆفاشیستییەکانی دەوڵەتی ترامپ، هاوپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی ڤێنێزوێلا ڕاگەیەنن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە