دوو برای خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان کە ٨ مانگ لەمەوبەر لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە شاری کەرەج دەستبەسەرکرابوون، بە بێ بەدوداچوون بۆ دۆسییەکانیان لە زیندانی ناوەندیی کەرەج ڕاگیراون و چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “مورتەزا داوەری” و “ئەکبەر داوەری”، دوو برای خەڵکی کۆیەشت و دانیشتووی فەردیس لە کەرەج، هەشتەمین مانگی دەستبەسەرکرانیان لە بەندیخانەی قزلحەسار تێدەپەڕێنن. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مورتەزا داوەری تەمەن ٢٨ ساڵ و ئەکبەر داوەری تەمەن ٢٦ ساڵ لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی پارەکەوە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی فەردیسی کەرەج، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گواستراونەتەوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەم دوو برایە لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری بوون و هەواڵی دەستبەسەرکرانیان هەتا ئێستا میدیایی نەکرابووەوە.