بە پێی ڕاپۆرتەکان، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە، سەیاد دەروێشی، ئەندامی بنەماڵەی دادخواز لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری ورمێ دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
ئەم بنەماڵە دادخوازە لە خەرمانانی ئەمساڵ و بە نزیک بوونەوە لە ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی کوڕەکەیاندا “فەرجاد دەروێشی”، چەندین جار هەڕەشەیان لێ کراوە و لە کۆتایشدا ڕێگری کراوە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لەسەر مەزارەکەیدا. هەروەها بنەماڵەی فەرجاد دەروێشی، ماوەی پێشووتریش لە ژێر گوشاردا بوون، بۆ وەرگرتنی دیە و پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەیان. جێگای ئاماژەیە، فەرجاد دەروێشی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە شاری ورمێ، شەوی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕی پارەکە، لە شەقامی وەلی عەسری شاری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رژیم بریندار بوو و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست دابوو. پێویستە ئاماژە بکرێت کە تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ سەیاد دەروێشی لەبەر دەستدا نییە.