فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هاووڵاتیەکی خەلکی سەقز بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا
سێشەممە ۱۹-۱۰-۱۴۰۲   |  09-01-2024

هاووڵاتیەکی خەڵکی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای هەشت مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە.
ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار، لوقمان بیداری، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی سەقز، دوای بانگکران لەلایەن لقی جێبەجێکرانی سزاکانی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری سەقز، دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانە ٨ مانگەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواستراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لوقمان بیداری، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقزەوە بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە کۆماری ئیسلامی” سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە نەخۆشخانەی “خومەینی” سەقز دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە ئاکامدا دوای سێ حەفتە بەندکران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد بوو.