فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هاوپشتیی چینایەتی، هیوای ئێمە و خۆفی ئەوان
سێشەممە ۳۰-۰۹-۱۴۰۰   |  21-12-2021

مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی موعەلیمان لە ڕۆژانی ڕابردوودا و کاریگەری دانانی لەسەر کۆمەڵگای یەکجار چینایەتی و داگیرساوی ئێستا، بووەتە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی، بێجگەلە سەرکوتگەریی ئاشکرای وەک ڕفاندن و زیندانی کردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی موعەلیمان و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بیر لە کردەوەی تریش بکاتەوە. بەپێچەوانەی باوەڕی کۆماری ئیسلامی، دەستبەسەرکردنی کەسانێکی وەک ڕەسووڵ بۆداقی بەرپرسی ناوەندی پیشەیی موعەلیمان و یان دەستبەسەرکردن و لێدان و توندوتیژیی دژبە ئامانج ئەمینی چالاکی موعەلیمان لە سەقز، نەتەنیا پاشەکشە بە موعەلیمان ناکات، بەڵکوو بەشداریی کۆمەڵایەتیی بەرینی موعەلیمان و پشتیوانی لە چالاکانیان، نیشانی دەدات کە ئیعتبار و خۆشەویستییەک کە ئەم کەسانە لە جەرگەی خەباتی ڕەوایاندا بەدەستیان هێناوە، یەکجار بەهێزتر لە دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامییە. هەربۆیە دەسەڵاتی ئیسلامی تێدەکۆشێت کە بە کەڵک وەرگرتن لە میدیاکانی وەک سەدا و سیما، ئیسنا، ئیلنا و دەیان ئامرازی دیکە کە لە ئیختیاری دایە چینی کرێکار بخاتە بەرامبەر یەکترەوە و یان خواستی هێندێکیان بێ بایەخ و خواستی هێندێکی تریان گرینگ نیشان بدات. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە موناسباتی کاڵایی سەمایەداری کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتیی دواکەوترین شێوازی دەکات، هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەو نەهامەتییانەیە کە جەماوەری خەڵکیان وەگیان هێناوە. هەواڵنێریی ئیلنا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە باروودۆخی نالەباری کرێکارانی نانەواییەکان لە لۆرستان بەم سەردێڕە دەستپپێدەکات: “سفرەی کرێکارانی نانەواییەکانی لۆرستان بەتاڵتر لە هەمیشە، بە ١٥ سەعات کارەوە یەک سێهەمی کارمەندان حقووق وەرناگرین”. ئەم ڕاپۆرتە لە زمانی یەکێک لە کرێکارانەوە دەنووسێت: “سەعاتی کار لە نانەواییەکان یەکجار زۆرە، لە سەعات پێنجی بەیانییەوە تا هەشتی شەو کار دەکەین و بە ماندوویی دەڕۆینەوە ماڵێ، پشوویەکی درووستمان نییە و حەقدەستەکەمان کەمە و لەو جێگەشەوە کە کرێ نشینین ئەم ئاستە لە حەقدەست بە هیچ شێوەیەک خەرجییەکانی ژیانمان دابین ناکات”. ئەم کرێکارە وێڕای ئاماژە بەوەیکە مانگی یەک ملیۆن تمەن دەبێ کرێی ماڵ بدەن لە درێژەدا دەڵێت: “کارمەندێکی سادەی دەوڵەت نزیکەی ٦ تا ٧ ملیۆن تمەن حقووق وەردەگرێت بەڵام ئێمە کرێکارانی نانەوایی بە ١٥ سەعات کارەوە یەک سێهەمی ئەم حقووقە وەرناگرین. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە لە بواری مەسکەن و ڕەفاهییاتیشدا هیج جۆرە یارمەتییەکمان پێ ناگات”. ئەم کرێکارەی نانەوایی لە درێژەدا دەڵێت: “سەعاتی کارەکەمان زۆرە و ژیانمان بە دوو یان سێ ملیۆن تمەن دابین ناکرێت. کرێکارانی سادەی دەوری مەیدان ڕۆژی ٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار تمەن حەقدەست وەردەگرن و سەعاتی چواریش دەڕۆنەوە ماڵێ، هەرچەند ئەوانیش گیروگرفتی تایبەت بە خۆیانیان هەیە بەڵام داهاتی ئێمە تەنانەت بەقەد هی ئەوانیش نییە”. ئیلنا لە زمانی ئەو کرێکارەوە دەنووسێت: “ئەگەر بەرپرسێک هات و یەک مانگ لە سەعات پێنجی بەیانییەوە تا هەشتی شەو لە نانەواییەک بە دوو یان سێ ملیۆن تەمەن حقووقەوە کاری کرد ئەوە ئێمە هیچ گلەیەکمان نییە. بەڕاستی ئەگەر پشتیوانیمان لێ نەکرێت زۆر بەعید نییە کە درەنگ یان زوو ئێمەش بە کرێکارانی دەوری مەیدان زیاد بین!”

ئاشکرایە کە کارکردی وەها ڕاپۆرتێک بۆ زەربە لێدان لە هاوپشتیی ئەو جەماوەرە زەحمەتکێشەیە کە شەقامەکانیان کردووەتە مەیدانی کۆبوونەوە و خەبات و هەوڵێکە بۆ جێ خستنی ئەوەیکە باروودۆخی توێژێکی وەک کارمەندان و موعەلیمان ئەوەندەش خراپ نییە کە کلاسەکانی دەرس تەعتیل بکەن و دەست بدەنە ناڕەزایەتیی سەرتاسەری. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری پەیوەست بوونی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی بوارەکانی دیکە بە ناڕەزایەتیی موعەلیمان، یەکجار دەترسێن. ئەوان ئارەزوویانە کە کرێکارانی نانەواییەکان کە یەکێک لە ستەملێکراوترین کرێکارانن، بە لەشکری بێدەنگی باقیی کرێکارانی بێکار پەیوەست بن. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە وزەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی نانەواییەکان و ئاستی هەژاری و چەوسانەوەیەک کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەسەری دا سەپاندوون، دەتوانێ ببێتە هۆی هاوپشتیی و یەکگرتوویی هەرچی زیاتری ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و موعەلیمان.

ئەم بابەتە بۆ کۆماری ئیسلامی زۆر ڕوونە کە ئاستی نەفرەت و تووڕەیی خەڵک گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی و بەم هەوڵانە چیتر ناتوانێت خۆڵ لە چاوی خەڵک بکات.  هەر بۆیە زیاتر لە هەموو کاتێک هەوڵ دەدات دەست و پێوەندەکانی خۆی بخاتە ناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و بەتایبەت سیستەمی پەروەردەوە. ئیسنا هەواڵنێریی خوێندکاران، ڕۆژی هەینی ٢٦ی سەرماوەز لەسەر زاری سەرۆکی زانکۆی سادق نووسیی: “ئەمڕۆ زانکۆ و حەوزە پێویستە بۆ وەدیهێنانی خواستی خەڵک بێنە مەیدان. حوجەتول ئیسلام حسێنعەلی سەعدی، ئەندامی خۆبرێگانی ڕێبەری و سەرۆکی زانکۆی ئیمام سادق لە وتەکانی بەر لە خوتبەی نوێژی جومعەی تاران تەئکیدی کرد کە: بردنەسەرەوەی ئاستی تێگەیشتنمان سەبارەت بەم ستراتێژە ئەساسییە یەکجار گرینگە. لەم قۆناغەدا کە هەنگاوی شۆڕش هەڵگیراوە و لە قۆناغی پێکهێنان و سەقانگیرکردنی نیزامی ئیسلامی تێپەڕیوین، پێویستە بتوانین وڵام بە مەسەلەکانی تر و خواست و پێداویستیی خەڵک بدەینەوە.  ئێمە ئەمڕۆ خەریکی هەنگاو هەڵگرتن بەرەو نیزام سازی و پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامیی سەرچاوەگرتوو لە ئیرادە و خواستی خەڵکین  بەڵام لە مەسیری حەرەکەتدا پێویستە بەرنامەڕێژیی جیددیمان هەبێت.”

ئەم “بەرنامەڕێژی”یە جیددیە بۆ دەسەڵات، کەڵک وەرگرتنی هەرچی زیاتر لە هێزی شێوەنیزامیی حەوزەکانە کە پێشتریش لە ژێرناوی بەسیجییەکانی خەتی ئیمام یان سەربازانی بێ ناو و نیشان لە ماوەی ٤٠ و چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ شکستێکی سەرشۆڕانە بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی چارەیەکی نییە بێجگەلە ئەوەیکە لە بواری سەرکوتی ئاشکرا و شاراوە ڕێکاری نوێ بگرێتە بەر، بەڵام پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری و ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، و لە هەمان حاڵدا گەندەڵی و ناکۆکیی باڵەکانی ڕژیم،  مژدەی ڕۆژانی سەخت و دژواری بۆ ئەم دەسەڵاتە پێیە. لەو نێوەدا بەڵام بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی تەنیا خەباتی سەرشەقام بەس نییە. بردنەسەرەوەی ئاسی ڕێکخستن، پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، دیفاع لە چالاکان، پێکهێنانی سدووقەکانی مانگرتن و یان کۆمیتەی سەرتاسەری و شاری لە لایەن هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هاوکاریی هەرچی زیاتر و هەبوونی بەرنامەی کورت ماوە و درێژماوە وێڕای هێنانەگۆڕی درووشمی ڕوون، دەتوانێ لە لایەکەوە هەزینەی سەرکوت بۆ کۆماری ئسیلامی بەرێتە سەرێ و لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگا بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات.