فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هاوینی سووتێنەر و ئەشکەنجەی خامۆش لە قرچەک؛ خەبات و خۆڕاگری بەردەوامە
یەکشەممە ۱۹-۰۵-۱۴۰۴   |  10-08-2025


٢ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشێکی ڕێکخراودا بۆ سەر بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، زیاتر لە ٦٠ ژنی بەندکراوی سیاسییان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و تەنانەت بە بێ ئەوەی دەرفەتی کۆکردنەوەی کەلوپەلی شەخسییان پێبدەن، ڕەوانەی زیندانی قرچەکی وەرامینیان کردن. ئەم جێگۆڕینە، کە بە ڕوونی لەسەر بەستێنی پەرەپێدانی سەرکوتدا ئەنجام دەدرێت، شێوەیەکی بەرنامەڕێژی کراوە لە ئەشکەنجە و ترساندن. ئامانج لەم گواستنەوەیە، جیاکردنەوەی بەندکراوان لە تۆڕەکانی پشتیوانی، بڕینی دەستڕاگەیشتنیان بە لانیکەمەکانی ئیمکاناتی تەندروستی و دەرمان و تێکشکاندنی ورە و ڕووحیەی خۆڕاگریی بەکۆمەڵیان بوو.

زیندانی قرچەک، بە پێشینەی دوورودرێژی لە ڕاگرتنی بەندکراوان لە بارودۆخی نامرۆڤانەدا، بەکردەوە بووەتە ئامرازی سەرکوتی جنسیەتی – چینایەتی. ئەم ڕاگواستنە لۆژیکی سەرمایەداری ئیسلامییە. کردەوەیەکی ئاگاهانەیە بۆ پەراوێزخستن و سواندنەوەی جەستە و دەروونی ژنانی تێکۆشەر. ڕاپۆرتی بەڵگەمەند لە ناو قرچەکەوە نیشانی دەدات کە ڕۆژانە تا پێنج سەعات لە گەمرترین سەعاتەکانی ڕۆژدا، بەرقی ئەم زیندانە قەتع دەبێت. نەبوونی هیچ جۆرە ئامێزێکی فێنک کردنەوە تەنانەت پەنکەیەکی سادە لە شوێنی داخراودا، بەبێ پەنجەرە و ئیمکاناتی گۆڕینی هەوا، بە مانای زیندانی کران لە کوورەیەکی سووتێنەردایە. ئەم بارودۆخە، لەگەڵ بۆنی ئاوەڕۆ و نم، ژیانێکی مەرگ ئاسای پێکهێناوە. بەم بارودۆخە بەشێکە لە سیاسەتێکی ئاگاهانە. لەناوبردنی بەرەبەرەی بارودۆخی ژیان بۆ بەندکراوان لەڕێگەی بێبەشکردنیان لە پێداویستییە سەرەتاییەکان، گەرما، هەوای پیس و بێ ئاوی، بەدخۆراکی و بێدەرمانی، ئەو ئەشکەنجە خامۆش و بێدەنگەیە کە ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی لە ئێران بۆ تێکشکاندنی ورە و خۆڕاگریی سیاسی بەکارێ دێنێ. لەو زیندانەدا بۆ دەیان ژن تەنیا سێ حەمام و سێ توالێتی تێدایە. ئاوەڕۆی پیس و حەشەڕات، فەزای هەواخۆریی کردووەتە شوێنی ئاڵودەبوون. ئەم بێ ئیمکاناتی و کەموکۆڕیانە بەتایبەت بۆ بەندکراوانی نەخۆش و بەساڵاچوو، بارودۆخێکی مەرگباری پێکهێناوە. بەندکراوانی وەک ئازەر کروەندی بە نەخۆشی دڵەوە، مەولوود سەفایی بە فتقی دیافراگم و لەدەستدانی بینایی، وە ڕاحلە ڕاحمی پور بە کەم ئەندامییەوە، تەنیا چەند نموونەن بۆ نیشاندانی ئەو قەیرانە ئینسانییەی لە قرچەک لەئارادایە. ئەم بەندکراوانە لە مۆڵەتی پزیشکی، لە دەرمانی پێویست و لە پشکنینی پزشکیی بەردەوام بێبەری کراون.

هەڵکوتانە سەر بەندی ژنانی ئێڤین و گواستنەوەی زۆرەملێی زیندانیانی سیاسی بۆ قەرچەک، بەشێک لە سیاسەتی حکوومەت بۆ تێکشکاندنی تۆڕەکانی هاوپشتی و جیاکردنەوەی تێکۆشەران و دروستکردنی شۆکی دەروونی بوو. ژنان لە دەستڕاگەیشتن بە کتێبخانە، پەیوەندیی تایبەت لەگەڵ پزیشک، پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت لە بەدواداچوونی یاسایی مافەکانیان بێبەرین. ئەم کردەوەیە بەشێک لە مەنتقی دەسەڵاتی سەمایەداریی ئیسلامییە. پچڕاندنی پەیوەندەکانی خەبات و گەمارۆدانی هێزە پێشڕەوەکان لە خراپترین بارودۆخدا، بۆ ئەوەیە کە نەک هەر جەستەیان بەڵکوو ئیرادەی بەکۆمەڵیشیان هیلاک و لاواز بکەن.

زیندانی قرچەک لە زۆر پێشترەوە بەهۆی قەرەباڵغبوون، توندوتیژیی سیستماتیک لەدژی ژنان، و نەبوونی خزمەتگوزاریی دەرمانی، بەدناو بوو. بەڵام دوای ڕەوانەکردنی زیندانیانی سیاسیی ژن لە ئێوینەوە، ئەم شوێنە بوو بە ناوەندێکی تازەی ئەشکەنجە. ئەشکەنجەیەک کە تێیدا ئامرازی سەرەکی، گەرما و پیسی و بێ دەرمانی و بێ مافیی بەردەوامە. ئەم شێوەیە لە ئەشکەنجە “خامۆش و بێدەنگ”ە، بەڵام کاریگەرییەکەی زۆر قووڵتر و پایدارتر لە توندوتیژی و لێدانە. ئاکامەکەی زیانی قورسی جەستەیی، دەروونی و لەناوبردنی توانای خەباتە. بەندکراوانی سیاسی لە ئێران لە سێ توێژی ستەمدا گرفتارن. ستەمی چینایەتی کە هەر تێکۆشەرێکی بواری کرێکاران، موعەلیمان و چالاکانی کۆمەڵایەتیی دیکە دەکاتە ئامانج. ستەمی جنسیەتی کە لە پێکهاتەی پیاوسالاریی کۆماری ئیسلامیدا نهادینەیە. وە ستەمی سیاسی کە سزای خۆڕاگری و وەستانەوەیە بەرامبەر بەم نەزمە زاڵە. قرچەک شوێنی سەپاندنی ئەم سێ توێژە لە ستەمە. پێکهاتەیەک لە بارودۆخی نامرۆڤانەی کاری زۆرەملی، توندوتیژی جنسیەتی و سڕینەوەی سیاسی. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم فشارانە ژنانی بەندکراوی سیاسی هەروا بەشێوازی جۆراوجۆر لە خەبات و خۆڕاگرییان بەردەوامن. بۆ نموونە نووسینی نامەی کراوە بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بۆ دەرەوەی زیندان، مانگرتن لە خواردن و پاراستنی هاوپشتی. ئەم موقاومەتە ئەگەرچی لەژێر سێبەری هەڕەشەی بەردەوام و بارودۆخێکی مەرگباردا بەڕێوەدەچێت، بەڵام وەبیرهێنەرەوەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانە دامرکێنێ و خامۆشی بکات.

زیندانی قرچەک لە هاوینی ١٤٠٤دا دیمەنێکی تەواومان لە مەنتقی نیزامی سەرمایەداریی ئیسلامی لە ئێران پێ نیشان دەدات. تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنان بەم چەرخەیە نەک ئومێد بەستن بە ئیسلاحات لە سەرەوە، نەک ئومێد بەستن بە پڕۆژەی ڕژیم چەینجیی ئۆپۆزیسیۆنی خوازیاری دەستوەردانی دەسەڵاتی دەرەکی، بەڵکوو یەکگرتوویی و ڕێکخستنی چینایەتیی کرێکاران، ڕێکخستی جەماوەری لەسەر بەستێنی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە.

ئەزموونی مێژوو نیشانی داوە کە هێزی خۆڕاگری و موقاومەتی بەندکراوانی سیاسی لە بارودۆخی ئەشکەنجەدا دەتوانین بە پەرەپێدانی تۆڕەکانی هاوپشتی لە دەرەوەی زیندان بەهێز بکەین. خەبات و خۆڕاگریی ئەم ئینسانە تێکۆشەرانە دەبێ لە دەرەوەی زیندانەکان لە هاواری زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، لە ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکاندا دەنگ بداتەوە.


وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv