ستێفن دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ئەگەری ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، ئەستەمە بتوانرێت گیان و سەلامەتی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیە بپارێزرێت.
ناوبراو راشیگەیاندووە، نەتەوەیەکگرتووەکان بەتوندی دژی راگواستنی زۆرەملێی خەڵکی غەززەیە، بەڵام ئەگەر سپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بکاتە سەر رەفەح، دەبێت میسر سنوورەکانی بەڕووی خەڵکی بکاتەوە بۆ ئەوەی کارەساتێکی مرۆیی روو نەدات، چونکە تەنانەت رێگە ئاساییەکانیش لە رەفەح بە خێمەی ئاوارەکان تەندراوە. دەشڵیت، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا دەتوانین خۆراک و جلوبەرگ بۆ ئاوارەکانی غەززە دابین بکەین، بەڵام بێگومان ناتوانین بیانپارێزین. هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، راپۆرتێکی لە سەر پێشێلکارییەکانی سەر مافەکانی مرۆڤ لە کەرتی غەززە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، پێویستە هەموولایەک رۆڵیان هەبێت تا رێگری لە سپای ئیسرائیل بکەن، کۆمەڵکوژی لەغەززە نەکات. بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە فەرمانی بە سپای وڵاتەکەی کردووە، پلانێک بۆ راگواستنی دانیشتووانی شاری رەفەح ئامادە بکەن بەر لەوەی هێرشی زەمینی بۆ شارەکە دەست پێ بکەن. پێویستە ئاماژە بکرێت کە شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس پێدەنێتە ١٢٧مین رۆژەوە و هەتا ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، نزیکەی ٢٨ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٦٤ هەزار کەسی دیکەیش برینداربوون. هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەلەستینیش ئاوارەبوون.