فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هۆشداریی کرێکاران بە ڕژیمی ئیسلامی: یەکگرتوو دژی شەڕانگێزییەکانی ڕژیم، یەکگرتوو دژی لەناوبردنی کار و بژێوی، یەکگرتوو دژی سەرکوت و زیندان و لەسێدارەدان، بەوپەڕی هێزەوە دەگەڕێینەوە
یەکشەممە ۲۴-۰۳-۱۴۰۵   |  14-06-2026

دەرەنجامە وێرانکەرەکانی شەڕی نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دۆخی دۆزەخیی ‘نە شەڕ و نە ئاشتی’، قەیرانی ئابووریی لە ئێراندا بە شێوەیەکی بێ‌وێنە قووڵتر کردووەتەوە و ژیان و بژێویی چینی کرێکاری زیاتر لە جاران خستووەتە مەنگەنەوە. بەهۆی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و لە ئاکامی بەردەوامیی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و زلهێزەکانی تری ڕۆژئاواوە، هاوردەکردنی زۆرێک لە کەرەستە خاوەکان و کاڵا پێویستەکانی تر لە دەرەوە قەدەغە کراوە. بەم هۆیەوە، زۆرێک لە کارگە و ناوەندە سەرەکییەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری لە ئێراندا یان بەتەواوی داخراون، یان ڕووبەڕووی دابەزینی توندی ئاستی بەرهەمهێنان بوونەتەوە. ئەمەش خۆی بووەتە بیانوویەک بە دەست سەرمایەداران و خاوەنکارانەوە بۆ بێکارکردنی بەرفراوان و دەرکردنی هێزی کار لە زۆرێک لە کارگە و دامەزراوە بەرهەمهێنەرەکاندا. لە لایەکی ترەوە، لە ئاکامی بۆردومان و مووشەکبارانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕی دوازدە ڕۆژە و چل ڕۆژەدا، بەشێکی زۆر لە کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لە ئێران خاپوور بوون و لەکار کەوتوون، کە لەم بارودۆخە ئابوورییەی ئێستادا، توانای نۆژەنکردنەوە و گەڕانەوەیان بۆ نێو سووڕی بەرهەمهێنان نییە. ئەمەش لە لای خۆیەوە پانتایی بێکارکردنەکانی فراوانتر کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سندووقەکانی بیمەی کۆمەڵایەتیش بەهۆی دزی و تاڵانکارییەکانی دەوڵەت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەتاڵ و مایەپووچ بوون و توانای پێدانی مافی بیمەیان بە کرێکاران نەماوە. سەرجەمی ئەم هۆکارانە، شانبەشانی قەیرانی پێکهاتەییی سەرمایەداریی ئێران، ژیان و بژێویی کرێکاران و بنەماڵەکانیانی ڕووبەڕووی مەترسیی جدی کردووەتەوە و هیچ تاقەت و بڕستێکی بۆ نەهێشتوونەتەوە. لە ئەنجامدا، سەرەڕای هەوڵی ناوەندی بڕیاردەری سوپای پاسداران بۆ پاراستن و هێشتنەوەی کەشوهەوای شەڕ و لەسێدارەدان و گرتن و ڕاوەدوونان بە مەبەستی سەپاندنی کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا، سەبری کرێکاران کۆتایی هاتووە و شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتی و هۆشدارییە کرێکارییەکان سەری هەڵداوەتەوە.

لەم پێناوەدا، کرێکارانی ‘گرووپی میللیی فوولاد’ هۆشدارییان دابووە بەرپرسانی ئەم کۆمپانیایە و بانکەکان کە: «تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کرێکاران لەوە زیاتر کۆنترۆڵ ناکرێت و ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکەن، لە بەردەم پارێزگادا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕێک دەخەین، تا بۆ دواجار چارەنووسی کۆمپانیا، بەرهەمهێنان و داهاتووی کرێکاران بە شێوەیەکی شەفاف و یەکلاکەرەوە ڕوون ببێتەوە. کرێکاران ئیتر بەڵێنییان ناوێت، بەڵکوو هەنگاوی کردارییان دەوێت.» ئەو کرێکارانەی کە بەهۆی دوو مانگ دواکەوتنی مووچەکانیان و کێشەی بیمە و زێدەکارکردنەوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە بەڕێوەبەران ڕاگەیاندووە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە «لە بارودۆخی گرانی و هەڵاوساندا، دواکەوتنی پێدانی کرێ و حەقدەست تەنیا پرسێکی دارایی نییە، بەڵکوو دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایشی بنەماڵە کرێکارییەکان.»

پێشتریش ‘شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت’، لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی هێرشبەرانە و سیاسییەوە، لە پێگەی ڕێبەرایەتیی کرێکارییەوە هۆشدارییان دابووە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداری کە: «یەکگرتوو دژی لەناوبردنی کار و بژێوی؛ یەکگرتوو دژی شەڕانگێزییەکانی ڕژیم و ئەو پەلامارانەی بە بیانووی شەڕەوە هەموو ڕۆژێک دەکرێنە سەر ژیانی ئێمەی کرێکاران و جەماوەری خەڵک؛ و یەکگرتوو دژی سەرکوت و زیندان و لەسێدارەدان ڕاوەستاوین.» شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت لە بەیاننامەکەیاندا بە سەرانی ڕژیمیان وەبیر هێناوەتەوە کە هەزاران کەس لە هاوکارانمان بێکار کراون و تەنانەت پێدانی حەقدەستەکانیش لە زۆر شوێن دوا کەوتووە. سەرەڕای ئەمەش، لە قۆناغە پڕمەترسی و زۆر ئەمنییەکاندا، هاوکارانمان لە ناوەندەکانی نەوت، لەوانە لە پێترۆکیمیای ماهشەهر، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەرکردنی ژمارەیەک لە هاوکارەکانیان دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتی. ئێستاش کە تاڵانی و ڕووتاندنەوەتان بەردەوامە و هەوڵ دەدەن تێچووی شەڕ و سەرکوتکردن لەسەر حسابی سفرەی ئێمەی کرێکار و جەماوەری خەڵک دابین بکەن، دەبینن کە ناڕەزایەتییەکان خەریکە فۆرم دەگرن و گەشە دەکەن. لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەرداندا، هاوکارانی گرێبەستی، شیرکەتی و پەیمانکاریی کۆمپانیای تێرمیناڵ و کۆگاکانی پێترۆکیمیا لە دووەمین گردبوونەوەی خۆیاندا، وەک ناڕەزایەتییەک دژی دەرکردنەکان، دواکەوتنی حەقدەستەکان و کێشە بژێوییەکانیان، لە بەردەم بینای فەرمانگەی کاری ناوچەی تایبەتیی ماهشەهر کۆ بوونەوە. کرێکاران لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هۆشدارییان بە سەران و بەرپرسانی ڕژیم داوە کە: «ئێستا گوێیەکانتان بکەنەوە. ئێمەی کرێکاران و ئێمەی خەڵک بێدەنگ نەبووین و بێدەنگیش نابین. ئێمە مافخوازین، گوێتان لە دەنگی هەنگاوەکانمان بێت. ئەم دەنگانە لە کەرتی نەوتدا پانتایییەکی هەزاران کەسییان هەیە و بەوپەڕی هێزەوە دەگەڕێینەوە نێو گۆڕەپانەکە.» شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی لە سەرجەم کرێکاران لە هەموو بەشەکانی کەرتی نەوت کردووە کە ناڕەزایەتییەکان پەرە پێ بدەن و فراوانتری بکەن.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردووشدا، کرێکارانی کارخانەی پۆڵای پارس و کرێکارانی حەوت‌تەپە لە شووش و کرێکارانی حەقدەستگر و بیمەییی ‘سەرجین بافت’ـی زەنجان، بە ئاماژەدان بە هەڵاوسان و گرانی و بارودۆخی سەختی بژێوی، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دواکەوتنی چوار مانگ حەقدەست و مافی بیمەکانیان دەربڕی. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، ئامرازێکی بەهێزە بە دەستیانەوە بۆ هێنانەدیی خواست و داواکارییەکانیان. بەڵام بەردەوامیی سەرکوت و نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران، لەمپەرێکی گەورەیە لە بەردەم خۆڕێکخستن و سەرتاسەری‌بوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان. هەوڵی تا ئێستای ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ پێکهێنانی کۆمیتەکانی کارگە، کۆمیتەکانی مانگرتن و کۆبوونەوە گشتییەکان لە شوێنی کاردا ــ کە وەک چرۆی سەرەتایی بۆ پێکهێنانی شورا و سەندیکا جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی کرێکاران ئەژمار دەکرێن ــ ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکاندا هەبووە.

لە دۆخی نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاراندا، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ناوەندێک کە لەو ڕێبەر و هەڵسوڕاوانەی نێو جەرگەی خەباتی گەرمی کرێکاران و نوێنەرانی ڕێکخراوە ڕیشەدار و سەربەخۆ کرێکارییەکان پێک هاتبێت، دەتوانێت بۆشاییی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری پڕ بکاتەوە و ڕۆڵی مێژوویی خۆی بۆ گرێدانەوە و سەرتاسەری‌کردنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بگێڕێت.