
ڕۆژێک پاش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسولخانەی ڕژیم لە دەمشق، ئەمریکا سەبارەت بە هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە لە وڵامی ئەو هێرشەدا، هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دا.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هێرش بۆ سەر کونسولخانەی ڕژیم دانیشتنێکی بەپەلەی بەڕێوە برد.
نوێنەری ئەمریکا لەو دانیشتنەدا بە ئاماژەدان بەوەیکە ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لەو هێرشەدا نەبووە ڕایگەیاند، ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی لەلایەن میلیشیاکانەوە وەک کەڵکوەرگرتن لە بارودۆخەکە، هۆشدارییەکانی دووپات ناکاتەوە.
ئەم وتانەی نوێنەری ئەمریکا لە دانیشتنەکەدا لە کاردانەوە بە قسەکانی زەهرا ئێڕشادی جێگری نوێنەری ڕژیم لە نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە قسەکانیدا ئەمریکای بە بەرپرسیار لە هەموو هەوڵەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زانی.
ئێڕشادی لە قسەکانیدا سەبارەت بە کاردانەوەی ڕژیم سەبارەت بەهێرشەکەی دەمشق، هەڕەشەی کردبوو.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ڕابڕدوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جەختی کردبووەوە کە ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەمشقدا نەبووە.
هەروەها کۆشکی سپی بە نیسبەت وتەکانی ئەمیرعەبدوڵلاهیان وەزیری دەروەی ڕژیم، سەبارەت بە تاوانبارکردنی ئەمریکا لە هێرشەکەدا، کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند کە ئەو قسانە بێبنەمان.