
ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕاپۆرتێکی نوێی لە ژێر ناوی “چاودێریکردنی ڕەهەندەکانی هەژاری پەروەردەیی لە ئێران لە ساڵی ١٤٠٢” بڵاو کردووەتەوە کە بۆشایی قووڵی دەرفەتی خوێندن لە نێوان توێژە دەوڵەمەند و کەمداهاتەکان نیشان دەدات. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، مامناوەندی خەرجی بۆ بواری پەروەردە لە بەراورد لەگەڵ گشت خەرجییەکانی بنەماڵە، لە ٤.٧٢% لە ساڵی ١٣٩٧ەوە بۆ نزیک ١% لە ساڵی ١٤٠٤ دابەزیوە و لەوەش ئەولاتر، لە سێ دەیەکی خوارەوەی داهاتدا، هەژاریی پەرورەدەیی بووەتە کێشەیەکی جددی. هەندێک داتای دیکەی ئەم ڕاپۆرتە بەم شێوەیەن:
نزیکەی لەسەدا ٥٤ی دایک و باوکانی سێ دەیەکی سەرەکی داهات بڕوانامەی دیپلۆمیان نییە. منداڵەکانی ئەوان مامناوەندی نمرەی تێگەیشتن لە بابەتیان ٣٩٥ە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە مامناوەندی ئەم نمرەیە بۆ منداڵانێک کە دایک و باوکیان خوێندەوارن، ٤٤٠ە. لە بواری دەستڕاگەیشنی دیجیتاڵەوە، ٥٥%ی خوێندکاران لەو شوێنانەن کە لەگەڵ کەمبوونی ئیمکاناتی فێرکاری بەرەوڕوون. ڕێژەی دەستڕاگەیشتن بە ئیترنێت لە ناو توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا زۆر لە خوارترە و ئەوەش جیاوازیی بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی دیجیتاڵی پەرەپێداوە. ڕێژەی قەرەباڵغ بوونی کلاسەکان لە قۆناغی سەرەتاییدا ٢٤.٤ و لە قۆناغی مامناوەنددا ٢٦.٢ کەسە.
لە هەندێک پارێزگادا تا ٢٤ لەسەدی مامۆستایان کەمتر لە بڕوانامەی کارناسییان هەیە و لە پارێزگاکانی وەک کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد ٣٨%ی کلاسەکان چەندپایە یان فرەئاستن. لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان زیاتر لە سەدا ٥٨ی گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٢٤ ساڵ نەیانتوانیوە بڕوانامەی دیپلۆم بەدەست بهێنن. ئەم ئامارانە نیشانەی بۆشایی پەروەردەیی جددیە لە ناوچە بێبەشەکاندا. لە کۆنکوڕی ساڵی ١٤٠٢، نزیکەی ٣٤%ی وەرگیراوان لە دەیەکی ٩ و ١٠دا بوون. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە تەنیا ٩.١% لە دەیەکە هەژارەکانی یەکەم و دووهەم قبووڵ بوون. لە پلەکانی ژێر ٣٠٠٠، پشکی دەیەکەکانی سەرەوە ٥٤% و پشکی دەیەکەکانی خوارەوە تەنیا ٣.٤% بوو.
شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران وێڕای دووبارە بڵاوکردنەوەی چەند داتایەک لەم ڕاپۆرتە، ڕایگەیاند کە ئەم شۆرایە: “ساڵەهایە لەئاست بوونی جیاکاری و بۆشایی قووڵ لە ناو سیستەمی پەروەردەدا هۆشداری دەدات و زۆرێک لە چالاکانی سینفی و ئەندامانی ڕێکخراوەکان بەهۆکاری ئاشکراکردنی هەر ئەم حەقیقەتانەی کە لە ڕاپۆرتی فەرمیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسدا هاتووە، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانەوە دەستبەسەر و دادگایی کراون و سزا دراون. بۆ جارێکی دیکە هۆشدار دەدەین کە بەردەوامبوونی ئەم ئاستە لە نادادپەروەری و جیاکاری، وەها هێزێک لە ناڕەزایەتی، بۆشایی چینایەتی و توندوتیژی بەرهەم دێنێت کە ئیتر هیچ کەس و هیچ شتێک ناتوانێ بەرەنگاری بێتەوە”.
حەقیقەت ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای ئێراندا، لە ئاکامی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری پەروەردە و لە ئاکامی کاڵایی بوونی پەروەردە، لە کاتێکدا کە ئاغازادەکان و منداڵانی سەران و فەرماندەکان و کارگێڕانی ڕژیم و سەرمایەداران لە باشترین ئیمکاناتی پەروەردەیی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەهرەمەندن، بەڵام منداڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا زیاتر لە ڕابردوو بەرەوڕووی هەژاریی پەروەردەیی بوونەتەوە. بە ملیۆن منداڵ و تازەلاو، و لەناویاندا منداڵانی کۆچبەری ئەفغانستانی بەهۆکاری سیاسەتی دژەپەنابەریی ڕژیمی ئیسلامی، لە چەرخەی خوێندن کەوتوونە دەر و بە ناچار لە کارگا و کوورەخانە و شوێنە نائەمنەکانی کار دەستیان کردووە بە کاری سەخت و زیانبار تا بەشێک لە خەرجی ژیانی بنەماڵەیان دابین بکەن یان بە لەشکری منداڵانی سەر شەقام پەیوەست بن.
بەڵام سەرەڕای ڕەنگدانەوەی بۆشایی قووڵی چینایەتی لەناو سیستەمی پەروەردە، سەرەڕای لەسەر کار دەرکردن، خانەنشین کردنی زۆرەملی، خستنە ژێر چاوەدێری و زیندانی کردن و دوورخستنەوەی مامۆستایانی تێکۆشەر، سەرەڕای خەرجی یەکجار بەرینی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ پەرەپێدانی کۆنەپەرستی و خورافاتی مەزهەبی و دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە پەروەردەیەکی زانستی و پێشڕەو و ئینسانی لەڕێگەی دەزگای ئادیۆلۆژیک و ناوەندە ئەمنییەکان و دامەزراندنی هەزاران تەڵەبەی حەوزەی عیلیمیە لە جیاتی مامۆستا، ناڕەزایەتیی بەردوام و ڕوو لە گەشەی مامۆستایان دژبەم سەرکوتگەرییەکانە و بۆ دیفاع لە ئەمنیەت و حورمەتی خوێندکاران و خەباتیان لەپێناو بەدواداچوونی داخوازییە ڕەواکانیان کاریگەریی بەرچاوی لەسەر فەزای خوێندنگاکان و فەزای سیاسیی گشت کۆمەڵگا داناوە. مامۆستایان بە پێداگری لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و بە خواستی مەنعی کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمان و تەندرووستی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەشیان گەڵاڵە کردووە. مامۆستایان لە جەریانی خەباتی خۆیاندا ئەزموونی بەنرخیان لە بواری ڕێکخستن و بەرپاکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری بەدەست هێناوە.
لەم ڕووەوە خوێندکاران پێویستە لە مامۆستایانی خۆیان نەتەنیا زانیاری و زانست، بەڵکوو تاکتیک و شێوازی سازماندان و یەکگرتوویی و خەباتیش فێربن. خوێندکاران دەتوانن بە وانە وەرگرتن لە ئەزموونی بەنرخی بزووتنەوەی خوێندکاری، شۆرا و ناوەند و ئەنجومەنی خوێندکاران پێکبێنن. بزووتنەوەی خوێندکاران و مامۆستایان بە هاوپشتی لەگەڵ یەکتر و بنەماڵەکانیان و لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەتوانن سیاسەتی چینایەتی و کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی لە بواری پەروەردەدا ناچار بە پاشەکشە بکەن و وزەیەکی نوێ بە خەباتیان ببەخشن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە