فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هۆکاری سەرەکی قەیران و بڕانی بەردەوامی کارەبا لە ئێران
یەکشەممە ۰۵-۰۵-۱۴۰۴   |  27-07-2025

بڕانی بەردەوامی کارەبا لە ئێران تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی و یان بەهۆکاری چوونەسەری ئاستی بەرکاهێنان نییە. بەڵکوو نیشانەی قەیران و پرتووکاوی و وێرانیی ژێرخانەکانی نیزامێکی ئابووری – کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای لۆژیکی کەڵەکە کردنی سەرمایە و قازانجی چینی سەرمایەدار دامەزراوە. ئەم دیاردەیەش پێویستە لە چوارچێوەی ناتەباییە ناوخۆییەکان و لۆژیکی نامرۆڤانە و قازانجپەرستیی نیزامی سەرمایەداری کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدایە، شی بکرێتەوە. ئەوەی لەژێرناوی “ناتەرازیی بەرق” باسی لێدەکرێت، لەڕاستیدا نقابێکی ئیدئۆلۆژیکە بۆ شاردنەوەی بەرپرسایەتیی ڕژیم لە پێکهێنانی نابەرابەری لە بەهرەمەندبوونی وزەدا و لە بێبەری کردنی زەحمەتکێشاندا.

کارەبا وەک پێداویستییەکی ژیانی کۆمەڵایەتی، لەژێر سوڵتەی نیزامی سەرمایە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بووەتە کاڵایەک کە بەهرەمەندبوون لێی، بەپێی داهات و پێگەی کۆمەڵایەتییە. ئەم ڕەوتەی کاڵایی کردنی وزە، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی نە تەنیا لە بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانیان بێبەری کردووە. چوونەسەری تەعرەفەکەکان، بڕانی کارەبای ناوچە هەژارنشینەکان و لە هەمان کاتدا دابینکرانی کارەبای بەردەوام بۆ گەڕەک و ناوەندە دەوڵەمەندەکان، نیشانەی ئەم حەقیقەتەیە.

بەڕێوەبردنی سیاسەتی گۆڕانکاریی پێکهاتەیی و بەتایبەتکردن لە دەیەی حەفتای هەتاوی و لە سەردەمی ڕەفسەنجانییەوە تا ئێستا نەک هەر یارمەتیدەر نەبووە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا، بەڵکوو بووەتە هۆی داڕمانی زیاتری. لەگەڵ کشانەوەی حکوومەت لە وەبەرهێنان، وێستگەکانی کارەبا یان ڕادەستی کۆمپانیا نیمچە تایبەتەکان کران یان وێران بوون. ئەنجامەکەش گەشەی کەمی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا، کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و زاڵبوونی ناوەندە ڕانتییەکان بەسەر پیشەسازی کارەبادا بووە.

لە ئێران دوو دەهومی لەسەد لە هاوبەشەکان (کە زۆربەیان ماینەر و ناوەندە سەنعەتییە پڕ مەسرەفەکانن)، حەوت لەسەدی کارەبای وڵات مەسرەف دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی باشووری تاران ڕۆژانە زیاتر لە ٥ کاتژمێر کارەبایان دەبڕدرێت. هەروەک لە میسریش بیندرا، پەراوێزنشینان یەکەمین قوربانییانی بڕانی کارەبان. چونکە مەنتقی سەرمایە، کارەبا نەک بۆ دابینکردنی پێداویستیی مرۆڤ، بەڵکوو بۆ قازانجی زیاتر بەرهەم دێنێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆ چی سەرمایەی خسووسی لە ئێران نایهەوێ بچێتە ناو بواری سەنعەتی کارەباەوە؟ وڵامەکە سادەیە. چونکە بۆ دروستکردنی ناوەندی وزەی پێشکەوتوو، کەرەستەکان دەبێ لە دەرەوەی وڵاتەوە بێن و مەسەلەی گەمارۆ ئابوورییەکان و هەڵکشان و داکشانی نرخی دراو ڕیسکی وەبەرهێنان لەم بوارەدا دەباتە سەرێ. لەلایەکی دیکەوە نرخی سوودی سەرمایە لە خوارێیە و قیمەتی فرۆشی کارەبا یارانەییە. لە ڕوانگەی سەرمایەدارەوە، بە بێ دابینکرانی ئەمنیەتی سەرمایە و زەمانەتکرانی سوودی زۆرینە، هیچ جۆرە سەرمایەگوزارییەک مەعقووڵ نییە. هەر بۆیە دەوڵەتەکان، بۆ ڕاکێشانی سەرمایە، مەجبوورن نرخەکان ئازاد کەن و یارانەکان لابەرن و لە ئاکامدا فشاری زیاتر بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا دەسەپێنن.

وڵاتی میسر لەدوای قبووڵکردنی تەواوی ڕێفۆرمە ئابوورییەکانی نیولیبڕالیی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە، لەگەڵ بڕانی کارەبای زیاتر، هەژاری بەرینتر لە بواری وزە و تەنانەت لەگەڵ جیاکاریی زیاتر بەرەوڕوو بووەتەوە. خسووسی سازی یان بەتایبەت کردن بوو بە هۆی سپاردنی ناوەندە سەنعەتییە گەورەکان بە چینی باڵادەست، فریزبوونی حەقدەست، کەمبوونەوەی ئاستی پشوودان و حەقە سەرەتاییەکانی کرێکاران و هاتنە خواری خزمەتگوزاییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو بوارەکاندا. ئێرانیش دەمێکە بەسەر هەمان ڕێگادا دەڕوات، بەڵام تەنانەت دەستکەوتە سنووردارەکانی ئەو مۆدێلەشی وەگیر نەکەوتووە.

لە نیزامی سەرمایەداریدا، وزە لە پلەی یەکەمدا نەک بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئینسان، بەڵکوو بۆ بردنەسەری ئاستی بەرهەمهێنان و لە هەمان کاتدا بۆ درێژەدانی چەوساندنەوە بەرهەم دێت. کارەبای هەرزان تەنها تا ئەو ڕادەیە ڕێی هەیە کە بەستێنی بەرهەمهێنانی هەرزان و چەوساندنەوەی زیاتر دابین بکات. ئەگینا، نرخەکەی بەپێی پێداویستیی چینی دەسەڵاتدار دەچێتە سەرێ. حەقدەستی کەمی کرێکاران، هاوکات لەگەڵ زیادکردنی تەعرەفەی کارەبا و بێنزین، نیشانەی هاوئاهەنگیی پێکهاتەی موزد و مەسرەف لە مەسیری پاراستنی نرخی سوودی سەرمایەدارییە.

تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری وەک ئاڵمان و ئەمریکا، هەژاری وزە بۆتە کێشەیەکی جیددی. لە ئەمریکا نزیکەی ٢٣%ی بنەماڵەکان ناتوانن پارەی کارەبای خۆیان بدەن. کەوابوو کێشەکە لە مۆدێلە جیاوازەکانی سەرمایەداریدا نییە، بەڵکوو لە لۆژیکی ناوخۆیی خودی سیستەمی سەرمایەدایە، کە لە پێناوی قازانجدا پێداویستییەکانی مرۆڤ پەراوێز دەخات. ئەمە هەمان ئەو لۆژیکەیە کە لە پۆرتوریکۆ و میسر و ئێستاش لە ئێران، بووەتە هۆی پەرەسەندنی بڕانی کارەبا، ناڕەزایەتیی شەقام و داڕمانی بژێوی خەڵک.

تەنیا وڵامی ڕزگاری بەخش، نەک بەدەوڵەت کردن بە مانا بورژوازییەکەی، بەڵکوو بە کۆمەڵایەتی کردنی پیشەسازیی کارەبا لەژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگادایە. سەرمایەداری لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یان هەر ڕژیمێکی غەیری دینیشدا بێت توانای وڵامدانەوەی بە پێداویستییەکانی ژیانێکی ئینسانی نییە. چونکە بەرهەمهێنان نەک بۆ وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی ئینسان، بەڵکوو لەسەر بنەمای قازانج ڕێکدەخرێت.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv