فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هیوای کۆماری ئیسلامی بە نێوەندگیریی ڕووسیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا
یەکشەممە ۱۹-۱۲-۱۴۰۳   |  09-03-2025

لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و گەشەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و توێژەکانی تری کۆمەڵگا، مەترسیی ڕووخانی ڕژیم، سەرانی حکوومەتی ئیسلامیی یەکجار نیگەران کردووە. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پزشکیان و باقیی کاربەدەستانی دەوڵەت و ڕێفۆرمخوازان، باسی پێویستی سازش و گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا دووبارە هێناوەتەوە گۆڕێ. ئەوان بەتایبەتی زۆریان هەوڵ دا بەر لە هاتنە سەر کاری ترامپ وەها سازشێک ئەنجام بدەن. لەم ماوەیەدا پزشکیان زۆر جار لە پەراوێزخرانی کۆماری ئیسلامی و بەتاڵبوونی خەزێنەی دەوڵەت گلەیی کردووە. عەلی خامنەیی کە بە ئامانجی پاراستنی نیزامەکەی پزشکیانی لە سندووقی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هێنایە دەر، بە بادانەوە لە هەڵوێستەکانی ڕابردووی ڕایگەیاند کە دژی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا نییە. بەڵام دەبێ بە هوشیاری و بە چاوی کراوە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکرێت. دوای ئەم چرا سەوزەی خامنەیی، دەوڵەتی پزشکیان لەڕێگەی دەەسەڵاتە ئورووپاییەکانەوە قۆناغی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکرد.

بەڵام دوای هاتنە سەر کاری ترامپ و ڕاگەیاندنی مەرجی دژوار و زەلیلکەر بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، وە ئەوەیکە سازش بێجگەلە مەسەلەی ئەتۆمی دەبێ بەرنامەی مووشەکی و درۆنی و دەخاڵەت نەکردنی ڕژیم لە کاروباری وڵاتانی دیکەش لە خۆ بگرێت، خامنەیی دیسان بایداوە و ڕایگەیاند: “گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا هوشیارانە، عاقڵانە و شەرافەتمەندانە نییە. کەسانێک دەیانهەوێ وای نیشان بدەن کە گۆیا گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا کێشە ئابوورییەکان چارەسەر دەکات. نەخێر، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانماندا”. پاشان، پزشکیانی قاڵبووی ناو وەلایەت و کاربەدەستانی دیکەی دەوڵەتیش هەر ئەم هەڵوێستەیان دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا لەژێر فشاری زۆرینەدا ئاکامێکی نابێت.  

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترامپ و وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پووتین سەبارەت بە ئۆکراین، ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی هاندران بۆ ئەوەی لە ڕێگەی نێوەندگیریی ڕووسیەوە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەن. ڕۆژنامەی تێلێگراف چاپی لەندەن، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کردووە کە “سەرۆک کۆماری ڕووسیە داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە بچێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترامپ، چونکە ترامپیش دەیەوێت دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات و بەم شێوەیە ئامادە دەبێت نێوەندگیری و ئاسانکاری بۆ دیالۆگ لە نێوانیاندا بکات”. بە وتەی ئەم کاربەدەستەی کۆماری ئیسلامی، ڕووسیە بە ئامانجی جێبەجێ کردنی ئەم موعامەلەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە “شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی ئێران”ەوە گرتووە و وتوویەتی کە پووتین ئامادەیە لە گفتوگۆکاندا ڕۆڵی ناوبژێوان وەئەستۆ بگرێت. لەم پەیوەندییەدا عەباس عێراقچیش لە دیدار لەگەڵ لاورۆف هاوتای ڕووسیی خۆی لە ڕۆژی ٧ی ڕەشەممەدا وتبووی: “لە گفتۆگۆ ئەتۆمییەکانی بەرجامدا بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دۆستانی خۆمان ڕووسیە و چین حەرەکەت دەکەین و هەڵوێستەکانمان لەگەڵ ئەوان هاوئاهەنگ دەکەین”. ئامانجێکی پووتین لەم پێشنیارە، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی وەک کارتێک بەکار بێنێت و لەم ڕێگەوە لە موعامەلە لەگەڵ ترامپ لە پەیوەند لەگەڵ شەڕی ئۆکرایندا ئیمتیازی پێوەرگرێت. هەڵبەت ترامپیش وەک موعامەلەچییەکی ئابووری ڕایگەیاندووە کە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، دەیهەوێ لە پلەی یەکەمدا لەڕێگەی گفتوگۆوە ناچار بە سازشی بکات.

بەڵام ڕاگەیاندنی ئامادەیی پووتین بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی  نە دەتوانێ ئیمتیازێکی بۆ کۆماری ئیسلامی لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بەدواوە بێت و نە دەتوانێ لە چارەسەرکردنی قەیرانی قووڵی ئابووریی ڕژیمدا یارمەتیدەر بێت. پووتین لە جەریانی ڕووخانی حکوومەتی ئەسەددا بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژوەند و قازانجی کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی پشتی ڕژیمی ئەسەدی بەتاڵ کرد. لە شەڕی ئیسرائیل دژبە حیزبوڵڵا لە لۆبنانیش لە کۆماری ئیسلامی هیچ پشیتوانییەکی نەکرد. هەروەها لە بارودۆخێکدا کە ترامپ و پووتین لەگەڵ یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا لەسەر شەڕی ئۆکراین بەڕێکەوتن نەگەیشتوون، دەوردانەوە و وەلانانی ئەم دەوڵەتانە لە گفتوگۆی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، هەوڵێکی دیکەی ترامپ لەپێناوی کورت کردنەوەی دەستی دەوڵەتانی یەکیەتی ئورووپا و ئینگلیس لە دەخاڵەت کردن لە موعاملاتی نێونەتەوەیی دێتە ئەژمار. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممە وەزیری خەزێنەی ئەمریکا وتی: “ئامانجی گەمارۆکانی دەوڵەتی ترامپ لەناوبردنی ئابووریی ئێران لەڕێگەی ڕاگرتنی سەنعەتی نەوت و بەرهەمهێنانی درۆنە و بەم ئامانجە ترامپ لە هەوڵی پەرەپێدانی گەمارۆکاندایە و پێداچوونەوە بەسەر ئەو سزا ئابوورییانەش دەکات کە لەسەر کۆماری ئیسلامی لابردراون”.

لە کاردانەوە بەم هەوڵەی ڕووسیە و ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپاش هەوڵ دەدات تا بەر لە بەسەرچوونی مۆڵەتی ڕێککەوتنی بەرجام لە ئۆکتۆبری ئەمساڵ، لە ئەگەری هاوکاری نەکردنی ترامپدا، خۆی بە کەڵک ورگرتن لە “مێکانیسمی ماشە” گەمارۆ هەڵوەشاوەکان دووبارە بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە. ڕۆژی چوارشەممە ٥ی مارس  پاش دوایین ڕاپۆرتی ڕافائێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانیسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی بە شۆرای حۆکامی ئەم ئاژانسە کە ڕایگەیاند” مۆڵەت بۆ دیپلۆماسی و دانانی بەربەستی نوێ بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکە کۆتایی دێت”، یەکیەتیی ئورووپا وێڕای ئاماژە بە بنبەستی ئێستای نێوان ئێران و ئاژانس هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دا کە لەم دەرفەتە بۆ هاوکاریی خێرا و بنەڕەتی لەگەڵ ئاژانس کەڵک وەرگرێت.

کۆماری ئیسلامی لە هەر حاڵەتێکدا بێت، چ بە نێوەندگیریی دەوڵەتانی ئورووپایی بێت یان دەوڵەتی ڕووسیە، بۆ لابردنی گەمارۆکان ڕێگایەکی بێجگەلە سازش و تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادا نییە. بەڵام گفتوگۆ و سازان و تەسلیمبوونی کۆماری ئیسلامی، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی هەڵوەشانەوە یان کەمبوونەوەی گەمارۆکانیش ناتوانێ قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی چارەسەر بکات. چونکە گەمارۆکان تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامییە. ئەم دەسەڵاتە لە زۆر بواری سیاسی، ئابووری و دەرەکیدا تووشی قەیران بووە. ئابووریی ڕژیم داڕماوە و وێرانی و پرتووکاوبوونی ژێرخانە ئابوورییەکان، قەیرانی سووتەمەنی، گرانی و هەژاری و بێکاری ژیان و گوزەرانی جەماورەی کرێکار و زەحمەتکێشی خستووەتە مەترسییەوە. بەهای خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت. کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی بێکاری، هەژاری و برسیەتییە. هۆکاری دزی و گەندەڵییە. هۆکاری هەموو ئەو تاوان و نەهامەتییانەیە کە خەڵکی ئێران لەگەڵی بەرەوڕوون. ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای نییە دەبێ بەدەستی خودی جەماورەی کرێکار و زەحمەتکێش بڕووخێت. تا ژیانیان ڕزگار بێت و هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵمژن.