
هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە: دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە ئەنقەست و بۆ قەڵاچۆکردنی بەشێک لە دانیشتوانی غەززە، بارودۆخی سەختی ژیانیان بەسەر فەڵەستینییەکاندا سەپاندووە. هەروەها بە ئەنقەست لە ئاو بێ بەشی کردوون و ڕێگریی لە چوونە ژوورەوەی سووتەمەنی و خۆراکیشی کردووە و بەرقی لەسەر خەڵکی غەززە بڕیووە کە بۆ بەڕێوەبردنی ژێرخان بۆ بەردەوامبوونی ژیان پێویست بووە. ئیسرائیل بەو کردارانەی هەزاران کەسی کوشتووە.
هیومان ڕایتس وۆچ ئاشکرای کردووە: هێزەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشیان کردووەتە سەر چەندان دامەزراوەی سەرەکیی ئاو و وێرانیان کردووە. باسی لەوەش کردووە، بەم کردەوەیە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەرپرسیاری تاوانی قڕکردن و کردەوەی جینۆسایدن؛ شێواز و ڕەفتار و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەن بۆ ئەوەی هەندێکیان ئارەزووی لەناوبردنی فەڵەستینییەکانیان لە غەززە کردووە.