بەڵگە بڵاوکراوەکانی گرووپی “عەداڵەتی عەدلی” سەبارەت بە دەستدرێژیی دوو مەئمووری سپای پاسداران بە دوو ژنی ناڕازیی دەسبەسەرکراو نیشانی دەدات کە جەنایاتی ڕژیمی ئیسلامی دژبە ژنان بێ کۆتاییە. دەسەڵاتی ئیسلامی کە لەماوەی دەسەڵاتیدا گەلێک جار لەلایەن ژنانەوە بردراوەتە ژێر پرسیار، هەروا لەو باوەڕەدایە کە ڕەمزی مانەوەی سەرکوت و تەسلیمکردنی ژنانە زیاتر لە هەموو بەشێکی تری کۆمەڵگە. دەستدرێژی بۆسەر ژنان لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بابەتێکی تازە نییە. دەستدرێژی کردنە سەر ژنانی زیندانی بەردەوام تاکتیکێک بووە لەلایەن ڕژیمەوە بۆ تێکشکاندنی موقاومەت و ورەی خەباتکارانەی ژنان لەناو زیندانەکان. مێژووی دەستدرێژی بۆسەر ژنان لە کۆماری ئیسلامیدا بە درێژایی تەمەنی خودی ئەم ڕژیمەیە و هێندە بەرین و بەربڵاوە کە لەساڵی ١٣٦٥دا تەنانەت ئایەتوڵڵا مونتەزیشی لەنامەیەکدا بۆ خومەینی لەمبارەوە وەدەنگ هێنا. لەو دەستدرێژییانەی کە بە حوکمی شەرعی و بۆ ڕێگری لە چوونی ژنانی باکرە بۆ بەهەشت بەر لە ئێعدام بۆ نموونە لە سەردەمی لاجوەردیدا ئەنجام دەدران، تا دەستدرێژیی پاسەوانانی زیندان و بازجویان بۆ وەرگرتنی ئیعترافی ئیجباری و وەک جۆرێکیتر لە ئەشکەنجەدانی ژنان و ئێستاش بۆ چاوترسێن کردنی ژنانێک کە لە ئاخێزی ژن ژیان ئازادی ڕژیمیان تا سەر لێوی گۆڕ برد، هەر هەموویان سەلمێنەری وەحشیگەری و دڕندەیی دەسەڵاتی ئیسلامین. ڕژیمی ئیسلامی بۆ تۆڵەکردنەوەی ڕاستەوخۆ لە ژنان و سووکایەتی پێکردن و تێکشاندنی دەنگ و خەباتیان، ئەوان کوێر دەکات، لە شەقامەکان لەدژیان توندوتیژیی سێکسی بەکار دێنێت، لەناو زیندانەکان دەستدرێژییان دەکاتە سەر تا بە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی بۆ دەرەوەی زیندان، ژنانی ناڕازی لەئاستی کۆمەڵگەدا چاوترسێن بکات.
پاش چل و چوار ساڵ جەنایەت، ئەوە ڕژیمە کە ئامراز و تاکتیکەکانی سەرکوت و توندوتیژیی کارایی خۆی لەدەست داوە و ئەوە هێزی خەبات و بەرەنگاربوونەوە و وشیاریی ژنان و باقیی جەماوەری خەڵکە کە مەشخەڵی ڕۆژبەڕۆژ گەشاوەتر دەبێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، ئەم تەقینەوە مەزنە کۆمەڵایەتییە بە میحوەرییەت و بە ڕێبەریی ژنان کە پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی کردە ڕەوتێکی بێ گەڕانەوە، نیشانی دا کە دەستدرێژی و توندوتیژی بۆسەر ژنان و کوشتنی خەباتکاران و ئازادیخوازان لە ساڵەکانی ٦٧، ٨٨، ٩٦ و ٩٨ نەیتوانیوە زەڕەیەک لە ئیرادەی ژنان و جەماوەری وەگیانهاتووی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی، بەرابەری و کەرامەتی ئینسانییان کەم بکاتەوە. جەماوەری ناڕازی بە دەرس وەرگرتن لە هەر کام لەم ئەزموونانەی خەبات و خۆڕاگری، وشیاری و شێوەکانی سازماندان و تاکتیکی خەباتکارانەی خۆیان تەقویەت کردووە تا بە هێزی زیاترەوە پاشەکشە بە سەرکوتگەرانی ڕژیم بکەن. هەموو ئەم کردەوە جەنایەتکارانە و وەحشیانەیەی ڕژیم لەڕاستیدا ئەوپەڕی زەبوونیی ڕژیم نیشان دەدات. ژنان دەستبەسەر دەکات، دەیانخاتە ژێر هەموو جۆر ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی، دەستدرێژییان دەکاتە سەریان، هەموو جۆرە لەفزێکی سووک و نەشیاو لەدژیان بەکار دێنێ تا بە خەیاڵی خۆی تێکیان بشکێنێ، تەوبەنامەیان لێ وەربگرێت، بەڵام وەک دەبینین هەر کە ئازاد بوون، لە بەر دەرگای زیندانەکان و نەک دوورتر، بۆ ئەوەیکە سپاهییەکان و پاسەوانان گوێیان لێ بێت، مەرگ بۆ ستەمکار و ژن ژیان ئازادی هاوار دەکەن.
توندوتیژی و هەڵاواردنی سیستماتیکی و دامەزراوەیی کۆماری ئیسلامی لە دژی ژنان و باقیی توێژە چەوساوە و پەراوێزخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران هێندە فراوان و قووڵە کە کاریگەرییەکانی تەنانەت دوای ڕۆیشتنی ڕژیمیش هەر دەمێننەوە. لە ئاکامدا کاری ژنان و خەباتی ژنان بە ڕووخاندنی ڕژیم کۆتایی نایەت و پێویستە هەموو یاسا و دامەزراوەکانی سەرکوت و ناوەندەکانی تەبلیغ و سیاسەت و بەرنامەی کۆنەپەرستانە و دژە ژن و دژە ئینسانی و نەریتی دواکەوتوو و کولتوری پیاوسالاری کۆتایی پێ بێت و بنبڕ بکرێ. هەمان دامودەزگای سەرکوت، هێزی چەکدار و زیندان و ئەشکەنجە کە لە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتییەوە تا بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕۆژئاوا دەیانهەوێ دەست نەخواردوو تەحویلی وەرگرن، ئامرازی درێژەی سەرکوتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ئامرازی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەدارانە. ئەمە هەر ئەو دامودەزگایەیە کە ماڵ و شەقام و زیندان و شوێنی کار و زانکۆ و مەدرەسەیان بۆ ژنان و لاوان و کرێکاران و بۆ گشت کۆمەڵگە کردووەتە کوشتارگە و زیندان و مەیدانی شەڕ و هیچ کەس بە بوونیان هەست بە ئەمنییەت ناکات. ئەمە هەر ئەو دەزگا و ناوەندانەن کە دەبێ ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەو و خەباتکارەکانی کۆمەڵگە تێکیان بشکێنن و ئەم کارە بە دەست بە دەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوە و بە دانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە بە نوێنەرانی بورژوازی مومکین نییە. ئەم کارە پێویستی بە بەشداری بەردەوام و چالاکانە و وشیارانەی جەماوەری کرێکاری ژن و پیاوە لە هەموو بوارەکاننی سیاسەت و ئابووری و کلتووری کۆمەڵگە.
لەماوەی پێنج مانگ ئاخێزی شۆڕشگێڕانە، تۆڕی پێکەوە پەیوەنددراوی ژنان و پیاوان، لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکەکان و خوێندکاران لە زانکۆکان کۆمیتە و ناوەندگەلێکیان پێکهێناوە کە لە هیدایەت و درێژەی ئاخێزی ژینادا ڕۆڵی سەرەکی و میحوەرییان بینیوە. ئەم تۆڕ و کۆمیتانە پێویستە بەهێز بکرێن. ئەم تۆڕە پەیوەنددراوانەی لاوان و کۆمیتەکانی مەحەلات دەتوانن بەردی بناغەی شۆرای گەڕەکەکان بن و لە دواڕۆژی ڕووخانی ڕژیمی ئیسلامی و یان لە هەر بۆشاییەک کە لە ئیدارەی کۆمەڵگەدا پێکدێت مودیریەت و ئیدارەی گەڕەک و شار وەئەستۆ بگرن. واتە پێویستە هەر لە ئێستاوە بیر لەوە بکرێتەوە کە ئۆرگان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشان پێک بێت. ئەم تۆڕ و ناوەند و کۆمیتانە تا ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەتوانن لە سازماندان و هیدایەتی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا دەورونەخشیان بێت و لە سبەینێی ڕووخانی ڕژیمدا ببنە ئۆرگان و ناوەندەکانی دەسەڵاتی خەڵک.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە