فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هیچ دەرفەتێک بۆ سازماندان لە دەست نەدەین
پێنجشەممە ۱۲-۰۳-۱۴۰۱   |  02-06-2022

کاتێک شۆرای هاوئاهەنگیی مامۆستایان ڕایگەیاند کە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی مامۆستا یەک ڕۆژ زووتر و لە ڕۆژی ئەوەڵی مانگی مەیدا بەڕێوە دەبەن، قابیلی پێشبینی بوو کە ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی ماندگار لەسەر ڕووداوەکانی دواتری دادەنێت. هێرشی وەحشیانەی ڕێژیم بۆسەر کۆبوونەوەی ئەوەڵی مانگی مەی و بە بەندکێشانی ژمارەیەک لە مامۆستایان و چالاکانی کرێکاری لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و هێنانە گۆڕێ سێناریۆی ئەمنییەتی و پاشان چەند بەرابەر کردنی قیمەتی ئارد و نان، چەخماخەیەک بوون بۆ هەڵگیرسانی ناڕەزایەتیی جەماوەریی ئێستا. ئاخێزی بێبەشان کە بە درووشمی مەرگ بەر گرانی دەستی پێکردبوو، زۆری نەخایاند بوو بە بزووتنەوەیەکی سیاسی و ئەمجارەیانیش درووشمی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ ڕەئیسی وترایەوە و هێماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی ڕێژیم هێرشیان کرایە سەر. لەوە ئاشکراتر نەدەکرا نیشان بدرێت کە کۆمەڵگە لەگەڵ چ قەیرانێکی قووڵ بەرەوڕوو بووەتەوە. ئاخێزی جەماوەری و درووشمەکانی، دەرخەری نەفرەتی قووڵی چینایەتی لە حکوومەتێک بوو کە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتیدا بۆشایی نێوان و هەژاری و سەروەتی بەردەوام قووڵتر کردووەتەوە.
ئەگەر خەڵک پاش ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ بەهۆی پەتای کۆرۆنا نەیانتوانی بزووتنەوەی دادخوازی دژبە ڕێژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی کە خوێنی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە ئازیزانیانی لەسەر شەقامەکان ڕشتبوو پەرە پێبدات، دوای نەمانی بەربەستەکانی ئەم پەتایە، چاوەڕوانی دەرفەتێک بوون تا تووڕەیی پنگخواردووی خۆیان لە شەقام و مەیدانەکان دەربڕن. هاوکاتبوونی ناڕەزایەتی دژبە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری و مامۆستایان لە ڕۆژانی بەر لە ئەوەڵی مانگی مەی و ڕۆژانی دواتر، مانگرتنی کرێکاران و شۆفیرەکانی شیرکەتی واحید، مانگرتنی کرێکارانی قەراردادیی نەوت و گاز و هەروەها ڕاگەیاندنی لەناکاوی گرانبوونی قیمەتی ئارد، کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو ڕاپەڕین برد. ئەگەر دەمێک بوو توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆی لە مەزیقەدا بوو، لەئێستادا میلیۆنان کەس لە خەڵک تەنانەت ناتوانن سێ وەعدە نانی خاڵیش دابین بکەن. ئەو ڕێبوارەی دێتە بەر دووربین و دەڵێت کە لە باشترین حاڵەتدا ڕۆژێ یەک جار نانی خاڵی دەخوات، لەڕاستیدا باروودۆخی یەکجار دژواری ملیۆنان کەس لە هاوچارەنووسانی هاوار دەکات. وڵامی ڕێژیم بەم ڕاپەڕینە گشتییە، دژبە هەژاری و فەلاکەت، دژبە بێ مافیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، وەک هەمیشە ناردنی یەگانی ویژە بۆ سەرکوتی ناڕازییان بووە. لە بەرامبەر ئەم سەرکوتگەرییانەدا خەڵک وڵامی خۆی بە درووشمی “مەترسن مەترسن ئێمە هەموو پێکەوەین” داوەتەوە. جەماوەری وەگیان هاتوو لە هەژاری و تەنگدەستی، ئیتر ناترسێن.
چ درووشمی ناڕازییانی سەرشەقام و چ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان هەر هەموویان دژبە گرانین و لەسەر خواستی هاوبەشی نان و بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان تەئکید دەکەن و ئەوەش بێگومان نیشانەی ئەوەیە کە خەبات، ناڕەزایەتی و ئاخێزی ئێستا مۆری چینایەتیی لێدراوە. هەربۆیە هەوڵی هەلپەرستانەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی بۆ چەسباندنی خۆیان بەم ناڕەزایەتی و ئاخێزانە هیچ لەو واقعییەتە کەم ناکاتەوە کە ستراتێژی سیاسی و بەرژەوەندی چینایەتیی ئەم هێزانە لەگەڵ بنەما و ناوەرۆکی داخوازیی ئەم ئاخێز و ناڕەزایەتی و مانگرتنانە ناتەبایە.
ڕێژیمی ئیسلامی لەماوەی حەوتووکانی ڕابردوودا زەبوونانە بەرامبەر بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و بۆ ڕێگری لە هاوپشتیی پڕگروتینی نێوان خەڵک و بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، پەنای بۆ سێناریۆیەکی ڕسوا بردووە. بەپێی ئەم “تەرحە سووختە”یە، گۆیا هەموو ناڕەزایەتییەکانی حەوتووەکانی ڕابردووی مامۆستایان لە زیاتر لە دەیان شاری ئێران، لەلایەن دوو مامۆستای فەڕانسەوی کە بۆ ئێران سەفەریان کردبوو و لە کافەیەک قسەیان بۆ ژمارەیەک لە چالاکانی شۆرای مامۆستایان کردبوو، ڕێکخراوە. سەرەتا سەدا و سیما و پاشان ڕۆژنامەکانی سەربە ڕێژیم بە نیشاندانی ناحەزترین وێنەکان دەستیان بە سێناریۆیەکی ئەمنییەتی کرد. واقعییەت ئەوە بوو کە دوو چالاکی سەندیکایی فەڕانسەوی کە هەر دوو مامۆستا و ئەندامی فیدراسیۆنی یەکیەتیی مامۆستایانی فەڕانسە بوون، بڕیار دەدەن کە بێنە ئێران و چاویان بە چەند شارێکی ئێران بکەوێت. فیدراسیۆنی یەکیەتیی مامۆستایانی فەڕانسە گەلێک جار لە داخوازیی مامۆستایانی ئێران پشتیوانیی کردووە و کۆماری ئیسلامیی لەپێوەند لەگەڵ ئەزیەت و ئازازر، هەڕەشە و دەرکردن و هەروەها زیندانی کردنی مامۆستایان و کرێکاران لەئاستی نێونەتەوەییدا مەحکووم کردووە. ئەم یەکیەتییە ئەندامی پەروەردەی نێونەتەوەییە و مافی ڕێکخستن، ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپیشاندان بەپێی پەیماننامەکانی ڕێکخراوی جیهانی کار کە خودی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیش تێیدا بەشدارن، بە بەشێک لە مافی سەرەتایی مامۆستایان و کرێکاران دەزانێت. هەموو دەزانن کە زۆر جار چالاکانی کرێکاریی ئێران بە دەعوەتی ئەم ڕێکخراوانە بۆ دەرەوەی وڵات سەفەریان کردووە و لەگەڵ هاوچینەکانی خۆیان بیروڕایان گۆڕیوەتەوە. ڕێژیمی ئیسلامی بەم سێناریۆ ئەمنییەتەییە بە خەیاڵی خۆی دەیهەویست چالاکان و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی مامۆستایان و بزووتنەوەی کرێکاری چاوترسێن بکات. ڕێژیمی ئیسلامی بەپێی ئامانجە چینایەتییەکەی، لە دەورونەخشی ڕێکخەرانەی چالاکانی کرێکاری یەکجار نیگەرانە. بەڵام ئەمجۆرە سێناریۆ ئەمنییەتییانە ئەگەر لە دەیەی شەست و لە جەرگەی کوشتاری بەکۆمەڵ و ترس و خۆفنانەوە لەئاستی کۆمەڵگەدا کاریگەریی هەبوو، لەئێستادا بەهۆی ئاخێزی جەماوەری و بەرینایی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاری، هەرجۆرە کاراییەکی لەدەست داوە. خەڵکی ئێران فەرامۆشیان نەکردووە کە تەرحی سووختەی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە جەریانی خەباتی بەهێزی کرێکارانی حەوت تەپە دژبە ئیسماعیل بەخشی و سپیدە قولیان، چۆن لەئاکامی دیفاعی بوێرانەی کرێکارانی حەوت تەپە لەم دوو کەسە، شکست و ڕسوایی زیاتری ڕێژیمی لێکەوتەوە. لەئێستاشدا ئەو ڕاگەیاندنانەی کە لەلایەن هەموو ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەوانە شۆرای پیشەیی مامۆستایان و سەندیکای شیرکەتی واحید، لەلایەن نووسەران، هونەرمەندان، وەرزشکارانەوە بەئامانجی لەقاودانی ئەم سێناریۆ ئەمنییەتییە و لە دیفاع لە ئازادیی دەستبەسەرکراواندا بڵاو کراونەتەوە، وڵامێکی گونجاون بەم پیلانگێڕییەی ڕێژیم. لە دەرەوەی وڵاتیش شەپۆلێکی بەرین لە لەقاودانی سێناریۆی ئەمنییەتیی ڕێژیم و لە دیفاع لە چالاکانی دەستبەسەرکراو وەڕێ کەوتووە. بێجگەلە ئەمانە پێنج سەندیکای فەڕانسەوی لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژانی کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ژێنۆ بە خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی دەست دەدەنە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و داوایان لە هەموو ڕێکخراوە کرێکارییەکانی جیهانیش کردووە کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بن.
نابێ ڕێگە بدەین ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە زیندانی کردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری، بە زیندانی کردنی چالاکانی ناڕەزایەتی و ئاخێزە جەماوەرییەکان، بەربە ڕەوتی ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بگرێت. پەرەسەندنی ناڕەزایەتی، مانگرتن و ئاخێزە جەماوەرییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران نیشانەی گۆڕانکاریی مەزنە لە قۆناغی دوای پەتای کۆرۆنادا. مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری بەستێنێکی گونجاوە بۆ ڕێکخستن. با ئیرادەی خۆمان ڕێک بخەین و هیچ دەرفەتێک بۆ سازماندان لەدەست نەدەین.