هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە خان یونس
دوشەممە ۰۳-۰۶-۱۴۰۴   |  25-08-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسڕائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی “ناسر” لە خان یونس لە باشووری غەزرە، لانیکەم ١٥ کەس کوژران کە چوار کەسیان ڕۆژنامەوان بوون و چەند ئەندامێکی تیمی فریاگوزاری تێدابووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، “حوسام میسری” کامێرامانی رۆیتەرز، “محەممەد سەلامە” کامێرامانی جەزیرە، “مەریەم ئەبو دەقە” کە لەگەڵ ئاژانسی ئیندیپێندنت و عەرەبیە و ئاسۆشیەتدپرێس کاری دەکرد، لەگەڵ “مەعاز ئەبو تەها” ڕۆژنامەوانی تۆڕی ‘ئێن بی سی’ ئەمریکا، کەوتوونەتە بەرهێرشی ئاسمانی ئیسرائیل و کوژراون. پێویستە ئاماژە بکرێ کە لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تا وەکوو ئێستا، ٢٤٢ ڕۆژنامەوان کوژراون.