
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەوروبەری کاتژمێر 02:50 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رایگەیاند: بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمییەکانی “فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان”.
هاوکات دەستەی گشتی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاندووە: هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوە لە کورە ئەتۆمییەکان بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە نییە کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممه لە لایەن هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە بۆمباران کراون. دەستەکە ئاشکراشی کرد، دەستبەجێ دەستییان بە پشکنینی پێویست کردووە لە ئەگەری پیسبوونی ژینگە بە تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە دەورووبەری ئەو ناوچەیەی بۆردوومان کراوە و مەترسیی تیشکدانەوە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە، بۆمان دەرکەوت هیچ مەترسییەک لەسەر خەڵکەکە نییە. هەر لەم پێوەندەدا، ناوەندی سیستەمی نیشتمانیی سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە دانیشتووانی نزیک لە کورە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان ناکات کە ئەمڕۆ بەرەبەیان لە لایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە بۆمباران کراون.