فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هێرشی جنایەتکارانەی دەوڵەتی ئەلشەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان لە حەلەب
سێشەممە ۲۳-۱۰-۱۴۰۴   |  13-01-2026

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار، حکوومەتی ئەحمەد شەرع لە سووریە، شەڕێکی بەرەیی و جنایەتکارانەی پێنج ڕۆژەی دژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی خۆبەڕێوەبەریی گەڕەکەکانی “ئەشرەفیە” و “شێخ مەقسوود” لە شاری حەلەب (پایتەختی ئابووریی سووریە) هەڵگیرساند. لە ماوەی ئەم پێنج ڕۆژەدا، گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بە تانک، تۆپ، مووشەک، پەهباد و جۆرەها چەکی قورس، زیاتر لە ٨٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی و هێزەکانی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکەیان کوشت، کە دوو کەس لە فەرماندە دێرینەکانیشیانی تێدابوو؛ هەروەها زیاتر لە ١٥٠ کەسیان بریندار کرد و ١٦٠ هەزار کەسیان لە سەرمای سەختی زستاندا و بەبێ بوونی کەمترین ئیمکاناتی ژیان ئاوارە کرد. سەرەڕای ئەوەش، ٣٠٠ کەس لە لاوانیان بە شێوەی بەکۆمەڵ دەستبەسەر کردووە کە ژمارەیەکیشیان بێ‌سەروشوێن کراون.

گرووپە جیهادییەکانی سەر بە حکوومەتی سووریە لەم ماوەیەدا بە بڕینی ئاو و کارەبا و ڕێگریکردن لە گەیشتنی خۆراک و دەرمان بۆ ئەو ناوچانە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و خەسارێکی زۆریان بەو شوێنانە گەیاند. لە کۆتاییدا بە ئەوپەڕی وەحشیگەرییەوە ئەو دوو گەڕەکەیان داگیر کرد. ئەم پەلامارە دڕندانەیە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار دانوستانەکانی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی “هەسەدە” لە وەزارەتی بەرگریی سووریەدا لە ئارادا بوو.

پاراستنی ئاسایشی ئەم دوو گەڕەکە کوردنشینەی شاری حەلەب، بەپێی ڕێککەوتنی مانگی ئاوریلی ٢٠٢٥ بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی شووراکانی ئەو دوو گەڕەکە سپێردرابوو و لەو ماوەیەشدا خەڵکی ناوچەکە تووشی هیچ کێشەیەکی ئەمنی نەببوون. بەڵام دەوڵەتی فاشیستی تورکیە بە گوشارهێنان بۆ سەر ئەحمەد شەرعی دەستپەروەردەی خۆی و بە ناردنی چوار لەشکر لە هێزە تیرۆریستەکان کە پێکهاتبوون لە ٧٠ هەزار چەکداری بەکرێگیراوی لەشکرەکانی (سوڵتان موراد – سولەیمان شا – حەمزات و نوورەدین زەنگی)، نەخشەی هاوبەشی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەد شەرع بە ئامانجی لەناوبردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و داگیرکردنی ئەو ناوچانە خستە بواری جێبەجێکردنەوە. وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە ئەم تاوانکارانە، ئەندامی یەکە تیرۆریستییەکانی هەر ئەو گرووپە ئیسلامییانە بوون کە دەستیان داوەتە تاڵان، دزی و کۆمەڵکوژیی خەڵکی درووز لە “سووەیدا” و “دەرعا” و خەڵکی عەلەوی لە ناوچە و پارێزگا لێواراوەکانی ڕۆژاوای سووریە و دەستیان بە خوێنی خەڵکی ئەو ناوچانەش سوورە. پەلاماری هێزە جیهادییەکانی دەوڵەتی ئەحمەد شەرع بۆ سەر حەلەب، کە لە پاشماوەکانی داعش، تەحریر ئەلشام و بەرەی نوسرەی پێشوو و لەژێر هەژموونی دەوڵەتی فاشیستی تورکیەدان، لەلایەن تۆڕە میدیاییەکانی هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی وەک قەتەر، عەرەبستانی سعوودی و ئەوانی دیکەشەوە پێشوازی و تەیید کرا و تەبلیغیان بۆ کرد.

بە وتەی مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی “هەسەدە”، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، بەدوای ڕێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیریی دەوڵەتانی دیکە لەوانە نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیمکانی هاتنە دەرەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو دوو گەڕەکە ئامادە کرا و دەرفەتی گواستنەوەی برینداران و تەرمی گیانبەختکردووان و هاووڵاتییانی گەمارۆدراو بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی “هەسەدە” لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە دابین کرا. گوشارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە کە تا ئێستا دژایەتیی هەموو چەشنە مافێکی حاکمییەتی خەڵکی کوردی بەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیدا لە هەر پارچەیەکی کوردستان کردووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵگیرسانی ئەم شەڕە بووە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە، لە مانگی ڕابردوودا چەندین جار ئامادەیی تورکیەی بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە سووریە دژی گەلی کورد ڕاگەیاندبوو. بەم چەشنە حکوومەتی فاشیستیی ئەردۆغان جارێکی دیکە ماهییەتی فریو و ڕیاکارانەی خۆی لە پرۆسەی بەناو ئاشتیدا لەگەڵ پەکەکە دەرخست.

دەوڵەتانی عەرەبیش لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستییەوە و بە قەولی خۆیان بۆ بەرگری لە “پاراستنی یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتی عەرەبیی سووریە”، پشتیوانییان لە تاوانەکانی دەوڵەتی ئەحمەد شەرع کردووە. لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانبار، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە عومان لە دیدارێکدا لەگەڵ تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری سووریە، پشتیوانیی خۆی بۆ کردەوەکانی “حکوومەتی کاتیی سووریە” دژی کوردەکان لە حەلەب دەربڕی و ڕایانگەیاند کە واشنگتۆن و عومان بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر، بەردەوام پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەتی سووریە دەکەن. لەم کۆبوونەوەیەدا خوازیاری گەڕانەوەی دەوڵەتی سووریە و بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا بۆ سەر مێزی دانوستان و جێبەجێکردنی تەواو و دەستبەجێی گەڵاڵەی ٨ خاڵیی ڕێککەوتنی ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزلووم کۆبانێ بوون. مێزی دانوستانێک کە تێیدا دەوڵەتی دەستنیشاندراوی ئیسلامیی سووریە ئامادە نییە دان بە هیچ مافێک بۆ کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناو سووریەدا بنێت، تەنانەت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی مەحەلیش.

هێرشی هێزەکانی دەوڵەتی سووریە بۆ سەر حەلەب لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ئەم هێزانە پێشتریش پەلاماری ناوچەی عەلەوییەکان و درووزەکانی سووریەیان دابوو کە بە درێژایی مێژوو لەوێ ژیاون، و لەوێش تاوانی بێ‌ئەژماریان ئەنجام دابوو. عەزمی بەشارە، یەکێک لە شرۆڤەکارانی ناوداری فەلەستینی، ڕەخنەی توندی لە حکوومەتی کاتیی سووریە گرت بەهۆی هێرشی تاوانکارانە بۆ سەر حەلەب و بەکارهێنانی ئەرتەشی سووریەی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان بە سەرەتایەکی ترسناک بۆ خەڵکی سووریە لە دوای دیکتاتۆرییەکەی ئەسەد وەسف کرد. ناوبراو دەرکردنی خەڵک لە گەڕەک و ماڵەکانیان و گواستنەوەیان بە پاس، بە جیاواز لە سیاسەتەکانی حکوومەتی ئەسەد بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای حەلەب نەزانی و وتی پرسی کورد لە سووریە پرسێکی سیاسییە نەک ئەمنی و بە تانک و تۆپ وەڵام وەرناگرێت. بەشارە هێرشکردنە سەر ماڵ و منداڵی خەڵک و کۆچپێکردنی زۆرەملێی ئەوانی بە جێبەجێکردنی ئەجێندای دەوڵەتانی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی شەرعەوە زانی و مەحکوومی کرد.

لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسەتە فاشیستییەکان و ڕێگریی دەوڵەتی تورکیە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان دەوڵەتی سووریە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان، و لە کاتی سەفەری ئەحمەد شەرع بۆ ئەمریکا و دیدار لەگەڵ ترامپ، دانوستانەکانی نێوان سووریە و کوردەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ڕاگیران و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوانیان زیاتر ئاڵۆز بوو. دەوڵەتی ئەمریکا کە گوایە “هاوپەیمان”ی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوایە، دژی پێکهاتنی هەر چەشنە دەوڵەتێکی لامەرکەزی و خۆبەڕێوەبەرییە لە سووریە. هەروەها بەڵگەکان نیشان دەدەن کە بەدوای دانوستانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی ئیسلامیی سووریە لەگەڵ ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمریکا و ئەو ئیمتیازانەی دەوڵەتی شەرع بە ئیسرائیلی داوە، ڕەزامەندیی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلیشی بۆ هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکان بەدەست هێنابێت. بێگومان دەوڵەتی ئیسلامیی سووریە کە گیرۆدەی قەیرانگەلێکی زۆرە لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، لە وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سووریە کە ٩٠ لە سەدیان لەژێر هێڵی هەژاریدان، داماو و بێتوانایە. لەم هەلومەرجەدا، خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی سووریە بۆ ڕزگاربوون لە بێ‌مافی و ژیانی پڕ لە مەینەتیان، لە جیاتی هیوابەستن بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا، دەبێ هەوڵ بۆ هاوپشتی لەگەڵ هاوچارەنووسانیان لە ئاستی سەرتاسەریدا بدەن لەپێناو دامەزراندنی سیستەمێک کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی جەماوەری و شوورایی دامەزرابێت.