گرووپی هەکێریی نێودەوڵەتیی “ئانانیمووس” بە بڵاوکردنەوەی وێنەی “ژینا” و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستاندا، هەڕەشەی هێرشی سایبێریی بۆ سەر ماڵپەڕە هەستیارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی کرد. ئەو گرووپە ڕایگەیاندووە کە توندوتیژی دژ بە ژنان چەندین دەیەیە کە لە ئێراندا درێژەی هەیە و “ژینا ئەمینی” یەکیک لە قوربانییانی ئەو ستەمەیە.
لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی ئەو گرووپەدا هاتووە کە خەڵک دژی بارودۆخی داسەپاو و کارەساتبار ناڕەزایەتییان هەیە، بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کوشتنی خەڵک و پچڕاندنی ئینتێرنێت و کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ویستی کە دەنگی ڕەوای خەڵک کپ بکات.
ئەو گرووپە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا “ئانانیمووس” کاردانەوەی خۆی دەبێت و وەک چۆن ڕژیم هێرش دەکاتە سەر خەڵک و دەیانکوژێت، ئێمەش هێرشی سایبێریی خۆمان بۆ سەر ماڵپەڕ و بنکە هەستیارەکانی ئەو ڕێژیمە دەست پێ دەکەین.